سه‌ره‌تا هه‌مه‌ڕه‌نگ پێشكەوتن و گۆڕانكارییەكانی سەردەم و كاریگەرییەكان لەسەر ژیانی ئافرەتان

پێشكەوتن و گۆڕانكارییەكانی سەردەم و كاریگەرییەكان لەسەر ژیانی ئافرەتان

125

خەبات: پەریهان عومەر:- گۆڕانكارییەكانی جیهان بە گشتی زۆر جیاوازی بەسەر ژیانی مرۆڤدا هێناوە و بەرفرەوانی ئەو گۆڕانكارییانە لە چوارچێوەی ماڵەوە هەستی پێدەكرێت تا جیهانی كار و داهێنان و تەنانەت بیركردنەوە و شێوازی ژیانیش، ئافرەتانیش لەو گۆڕانكارییە بەدوور نەبوون و هەر لە ئەركی ماڵەوە بگرە تا دەروەی چوارچێوەی ماڵ كەوتوونەتە ژێر گاریگەری ئەم گۆڕانكارییانە.

هەندێ‌ كار كە لە پێشووتر لە ماڵەوە دەكرا و لە ئەركەكانی ماڵەوە بوو و پێویست بوو خانمان بیزانن و ئەنجامی بدەن ئێستاكە باوی نەماوە. هەندێكار پێویست بوو لە خێزانێكی بەرفرەوان و بە هەرەوەزی بكرێت كە ئەمە خۆی بە بچووكبوونەوەی خێزانەكان گۆڕانكاری بەسەردا هات بۆ وێنە نانكردن كە ئێستاكە تەنیا چەندین ئافرەت لە دوكان و وەك پیشەیەك ئەنجامی دەدەن و ئارەزووی ئەو كەسانەی كە ئێستاش حەز بە نانی تیری و نانی سێڵی دەكەن بەراوردە دەكەن، ئافرەتان لە بارەی ئەم گۆڕانكارییانە و هۆكاری دووركەوتنەوەیان لەم كارانە دەدوێن.

ئاواز شێرزاد لەو بارەوە دەڵێت: لە ڕابردوودا بەهۆی هەژاری و بوونی كەلوپەلی سادە و ساكار لە ماڵەكاندا و قورسی ژیان وایكردبوو كە مرۆڤ بەهەموو شێوەیەك خۆی بگونجێنێت لەگەڵ زەحمەتییەكانی ژیاندا، ئافرەتان لە كۆندا ئەركیان قورستر بووە، یەكێك لەو كارانەی كە ئافرەتان زۆر پێیەوە ماندووبوونە نانكردن بووە، بەشێوەیەك كە وەك ئێستا هیچ كەلوپەلێكی پێشكەوتوو نەبوو و بە دەگمەن نانەواخانە هەبوو، بەتایبەت لە گوند و ئاواییەكان دەكرێت بڵێین هەر نەبووە، بەمەش ئافرەتان ناچاربوون پێویستیەكانی ماڵەوەیان جێبەجێ بكەن لەوانەش نانكردن. لە ئێستادا ڕێژەیەكی كەمی خەڵك نان ئەكات زۆرینەیان پشت بە نانكردن بە كرێ ئەبەستن، یاخود پشت بە نانەواخانەكان دەبەستن بە تایبەت ئافرەتانی شارنشین كە زۆر جار ڕووبەڕووی ڕەخنە و توانج دەبێتەوە كە بۆچی لە ڕابردوو ئافرەت نانی كردووە لەگەڵ دەیان كاری تری قورس بەڵام ئێستا نایكات؟ هەر وەك ئاماژەم پێدا لە سەردەمانی ڕابردوو مرۆڤ بەگشتی هەوڵیداوە خۆی لەگەڵ سەختییەكان بگونجێنێت و ئافرەتیش لەو بابەتە شانی داوەتە بەر ئەو ئیشە، هەڵبەت وانەبێت ئێستا ئافرەت ماندوو نەبێ‌ لەبەرئەوەی نان و زۆرێك لەو ئیشە قورسانە ناكات كە لە ڕابردوودا كردوویەتی، بەپێچەوانەوە ئێستا ئافرەت زۆر ماندووترە، ئەگەر پێشتر بە جەستە ماندوو بێت بەڵام ئەمڕۆ دەرونیان ماندووترە و بەشێكیان شان بەشانی پیاوەكانیان و خێزانەكانیان لە دەرەوەش كاردەكەن، بەگشتی ئاسانكاری بۆ تەواوی مرۆڤایەتی كراوە بە نێر و مێ وە بەهۆی ئەو پێشكەوتنە زۆرەی تەكنیك و ئامێرانە كە ئەمڕۆ لە خزمەت مرۆڤایەتی دان.

هەمین شێرزاد ڕای خۆی بەمشێوەیە دەخاتەڕوو كە: نانكردن كارێكی زەحمەتە و بە بێ هەرەوەزی زەحمەتتریشە، هەر لە كۆنەوە ئافرەتان بە نانكردنەوە خەریك بوونە و نانكردن وەك سەرچاوەیەكی گرنگی خۆراك بەكارهاتووە، تا ئێستاش پشت بەستن بەم سەرچاوەیە بەردەوامی هەیە بەڵام دەكرێت بڵێین كەمترە، ئافرەتان لە كۆنەوە زیاتر بەم كارە خەریك بوونە وەك لە ئێستا بە هۆی گۆڕانكاری لە شێوازی ژیانكردن و سەنگەر گواستنەوەی ژیان لە لادێوە بۆ شارەكان، بوونی كاری دەرەوەش هۆكارێكی دیكەیە كە ئافرەتان نەتوانن نان بكەن بە هۆی نەبوونی كاتەوە بۆیە زیاتر پشت بە كڕینی نان دەبەستن.

لە لادێكان ئەو دیاردەیە دەگمەنە و كەمتر پشت بە كڕینی نان دەبەستن زۆرجاریش پێیان عەیبە نان بكڕن لەجیاتی ئەوەی خۆیان كارەكە دەكەن و بەلایانەوە گرنگترە خۆیان ئەو كارە بكەن، من وەك كچی لادێ سەرباری ئەوەی خوێندكار بوومە، بەڵام نانم كردووە و بەلاشمەوە زەحمەت نەبووە، پێموایە گەر مرۆڤ مەبەستی بێت كات بۆ هەموو شتێك تەرخان ئەكات هەروەها نانكردنیش كاتی زۆر نابات، ئافرەتانی كورد هەمیشە ئازا و بوێر و پاڵپشتی خێزان و هاوسەرەكانیان بوون چەندین كاری قورسیان ئەنجامداوە لە كۆندا لەوانەش نانكردن بۆ خێزانەكانیان و هەندێك جاریش بۆ برا پێشمەرگەكان لەكاتی خەباتی شاخ دا. هاوژین حەسەن لەسەر ئەم بابەتە گوتی: لەهەموو كات و سەردەمێكدا پێشكەوتن كاریگەری خۆی هەبووە بەسەر هەموو چینەكانی كۆمەڵگاوە. ئافرەتانیش پشكی شێریان بەركەوتووە لەو دەستكەوتە، جیاواز بەساڵانی پێشوو ئەوەی زیاتر ئافرەتانی كۆمەڵگەی كوردی پشتی پێدەبەستن نانی فڕن و هەموو جۆرەكانی سەموونە كە لە دەرەوە دەیكڕن، هۆكار زۆرن بۆ ئەوە ئافرەت هەیە دوای نانكردن و ماندووبوونی زۆر هەموو ئەندامانی خێزان بە نانەكە ڕازی نین وەكو نانی بازاڕ سەرباری نەخۆشكەوتن و سەردانی پزیشك بۆیە ئیتر نان ناكات.

ئەگەر خانمەكە فەرمانبەر بێ ئەركی فەرمانگە و ماڵی لەسەرشانە و بەنانكردن ڕاناگات. چاولێكەری هۆكارێكی ترە هەمووان نانی دەرێ دەكڕن خانمەكە پێیوایە بۆ خۆی ماندوو بكات كە ئەو هۆكارە كارەساتە چونكە چاولێكەری سنوورێكی زۆر بەرفرەوانتر لەوە دەگرێتەوە و لێگەوتەكەشی بێشك بەرفرەوان دەبێت، سەرقاڵی بەكاری ڕۆژانە و پەروەردەی منداڵ هۆكاری ترن بۆ نان نەكردن لە ماڵەوە، هەڵبەت لە لادێكان بە بەراورد بەشار لە ئێستادا زیاتر ئافرەتان ناندەكەن، خانمیش هەیە هەر نازانێ نانبكات یان نایەوێ هێزی خۆی لەنانكردن بەكاربێنێ نانی بازاڕ دەكڕێ بەبێ هۆكار جیا لەو خانمانەی بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیان نان بۆ ماڵان دەكەن، لە ماڵەوە و لە كارگەی نان دامەزراون نان كردن یەكێكە لەو كارانەی بەتەنیا گرانە و بە هەرەوەزی دەكرێ ئێستاش زۆربەی بوكان ماڵی جیادەكەن و تێكەڵ نابن بۆ هیچ كارێك لەگەڵ كەس، تایبەت لە دوای نەخۆشی كۆرۆنا تێكەڵبوون كەمتر بۆیەوە و كاری هەرەوەزی بەگشتی باوی نەما.

هاوژین
ئاواز
هەمین