فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێ، هاتوچۆی بەردەوامی بارهەڵگرەکان، هۆکارى سەرەکییە بۆ تێکچوونى ڕێگەوبانەکان و، حکوومەت نیوەی ئەو داهاتەی لە وێستگەکانی کێشان (قه‌پان) دەستی دەکەوێت، لە چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان خەرجی دەکاتەوە.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29/8/2022، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕایگه‌یاند: لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان، دەیان وێستگەى کێشانى بارهەڵگر هەیە بە مەبەستى کێشانى بارەکەیان، کە هۆکارى سەرەکییە بۆ تێکچوونى ڕێگەوبانەکان. ئەمە ڕێوشوێنێکى جیهانییە بە مەبەستى پاراستنى ڕێگەوبانەکان و هاووڵاتیان لە هەر ڕووداوێکى نەخوازراو کە لە ئەنجامى زیادەبارەوە دروست دەبێت. لە هەرێمى کوردستان 90 جۆر بارهەڵگرى جیاواز هەیە، کە هەر یەکەیان بە پێى ئەکسلەکانیان ڕێگەیان پێ دەدرێت ڕێژەیەکى دیاریکراو بار هەڵبگرن.

وێستگەکانى پارێزگاکان ژمارەیان 42 وێستگەیە، کە بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگاکاندا:

ـ پارێزگاى هەولێر: 13 وێستگە

ـ پارێزگاى سلێمانى: 17 وێستگە

ـ پارێزگاى دهۆک: 12 وێستگە

لە ماوەى هەفتەیەکدا، واتە لە ڕێکەوتى (21/8/2022) بۆ (25/8/2022)، کۆى ژمارەى بارهەڵگرە کێشراوەکانى نێو ئەو 42 وێستگەیە، 68 هەزار و 891  بارهەڵگر بووە، کە بەم شێوەیە دابەش بوونە بەسەر پارێزگاکاندا:

ـ پارێزگاى هەولێر: 23 هەزار و 805  بارهەڵگر

ـ پارێزگاى سلێمانى: 27 هەزار و 607 بارهەڵگر

ـ پارێزگاى دهۆک: 17 هەزار و 479 بارهەڵگر

لەو ژمارە بارهەڵگرە کێشراوانەى ئەم هەفتەیە، بەشى زۆرى بارهەڵگرەکان یاسایی بوونە و هەندێکیشیان نایاسایی بوون، کە بەم شێوەیە دابەش کراونەتە سەر یاسایی و نایاسییەکان:

* ژمارەى بارهەڵگرە یاساییەکان 68 هەزار و 382 بارهەڵگر بوون، کە بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگاکان:

ـ پارێزگاى هەولێر: 23 هەزار و 712 بارهەڵگرى کێشراوى یاسایی، کە زۆرترینیان لە وێستگەى گوێڕ بووە و ژمارەیان 6 هەزار و 433 بارهەڵگر بووە.

ـ پارێزگاى سلێمانى: 27 هەزار و 347 بارهەڵگرى کێشراوى یاسایی، کە زۆرترینیان لە وێستگەى چەمچەماڵ بووە، و ژمارەیان 5 هەزار و 897 بارهەڵگر بووە.

ـ پارێزگاى دهۆک: 17 هەزار و 323 بارهەڵگرى کێشراوى یاسایی، کە زۆرترینیان لە وێستگەى باشیکای یەک بووە و ژمارەیان 7 هەزار و 872 بارهەڵگر بووە.

ژمارەى بارهەڵگرە نایاساییەکان 509 بارهەڵگر بوون، کە بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگاکان:

ـ پارێزگاى هەولێر: 93 بارهەڵگرى کێشراوى نایاسایی، کە زۆرترینیان لە وێستگەى قوشتەپە بووە و ژمارەیان 22 بارهەڵگر بووە.

ـ پارێزگاى سلێمانى: 260 بارهەڵگرى کێشراوى نایاسایی، کە زۆرترینیان لە وێستگەى ژاڵە بووە و ژمارەیان 82 بارهەڵگر بووە.

ـ پارێزگاى دهۆک: 156 بارهەڵگرى کێشراوى نایاسایی، کە زۆرترینیان لە وێستگەى بدریک بووە و ژمارەیان 71 بارهەڵگر بووە.

بە گشتى و لە پارێزگاکان، ڕێژەى (407045) تۆن بڕى زیادە لە بارهەڵگرە نایاساییەکان گەڕێنراوەتەوە و ڕێگە نەدراوە بچێتە نێو شارەکان کە بەم شێوەیە بووە:

ـ پارێزگاى هەولێر: 66.2 تۆن

ـ پارێزگاى سلێمانى: 233.25 تۆن

ـ پارێزگاى دهۆک: 108 تۆن.