خه‌بات: ساسان دەروێش – هۆڵەندا:- لە یادی بیرهێنانەوەی 34 ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادینان، دایکێکی خاوەن سێ پێشمەرگە، چیرۆکی نامرۆڤانەی ڕژێمی بەعسمان بۆ باس دەکات و بە چاوی پڕ لە فرمێسک و دەستی لەرزۆک و تەمەنی پڕ لە هەڵکشان و دەنگێکی نزمەوە گوتی: ئەو پۆشاکەی پۆشیوومە لە جلی کوردی لە یەکەم ڕۆژم بۆ ئاوارەی و پەناهەندەیی لە بەرمایە، ئاواتەخوازم کوردستان سەربەخۆبێت، ئەوجا بیگۆڕم ئێمە خەڵکی گوندی سەرۆکانین، من خێزاندارم، باوکی منداڵەکان لە داخی تەعریبکردنمان لە گوندەکەمان هەرزوو جەڵتەی دڵ کوشتی، خاوەنی حەوت کوڕ بووم، ئەحمەد و عوزێر و ڕەمەزان و ئیسماعیل و حسین، کوڕێکیشم هەر زۆر هەرزەکار بوو لە دەرەوەی گوندەکەمان یاری دەکرد، مینێکی داگیرکارانی بەعس پیایدا تەقیەوە و شەهید بوو. ڕژێمی بەعس ڕۆژبەڕۆژ گوندەکانی تەعریب دەکرد و چالاکی لەبەردەم پێشمەرگە بەرتەسک دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا پیاوانی ڕژێم سووکایەتیان پێ دەکردین و بەرهەم و خەرمانی ژیانیان بە تاڵان دەبردین و دواتر دەریانكردین و بەرەو سمێل هاتین و لەوێش ژیان زەحمەت بوو، سێ کوڕم زۆر بە گەنجی ناردنە ناو شۆڕش، بۆ ئەوەی دژ بەم داگیرکارییە ببنە پێشمەرگەی بارزانی و تا ئاشکرا نەبوون لەنێو ڕێکخستنەکاندا کاریان دەکرد، هەریەک لە ئەحمەد و حسین چوونە لیژنەی ناوچەی دهۆک و ئیسماعیلیش چووە لیژنەی ناوچەی زاخۆ و ئێمەش بە تەنیا ماینەوە، تەنها دینداری کوڕی ئەحمەدمان هەبوو، بچووک بوو، تا ماوەیەکی درێژ و دواتر ڕژێم بەمەی زانی و لە ماڵ بە هەمان جلوبەرگی کوردی ئێستامەوە بردیانم و زیندانیان کردم، لەسەر کوڕەکانم ئیهانەیان کردم کە چۆن هێشتوومە ببنە پێشمەرگە، چەند شەوێک لە زیندان مامەوە، چەند ئافرەتێکی ڕەشپۆشی تریشم لەگەڵدابوون، دایک و خێزانی پیشمەرگە بوون، بەیانییەکی زۆر زوو هێشتا خۆر هەڵنەهاتبوو، هەموومانیان خستە سەیارەی عەسکەری و بردیانین لە شار دووریان خستینەوە و لە گوندێکی چۆڵکراوی تەعریبکراو و خاپووركراو جێیان هێشتین و گوتیان بڕۆن چەتەکانی کوڕتان بهێننەوە، چەند رۆژ و شەو لەوێ ماینەوە تاریک و ڕوونی بەیانییەک مەفرەزەیەکی پێشمەرگەمان بینی و بەرەو لای ئێمە هاتن، گوتیان چی دەکەن؟ گوتم: کوڕەکانم لەگەڵ ئێوەدان، ناویانم هێنان، چونکە ئەوانیش خەڵکی ناوچەکە بوون، ناسیان و ئێمەیان لەگەڵ خۆیاندا برد بۆ ناو پێشمەرگە و لەوێ منداڵەکانی خۆم بینینەوە، گوتیان دەتەوێت چی بکەین، لەگەڵت بگەڕێینەوە؟ گوتم: نەخێر، منیش لەگەڵ ئێوە دەبمە پێشمەرگە، تەنها داوکارییەکم هەیە، بیری دینداری کوڕی ئەحمەد دەکەم، لەگەڵ دایکی بۆم بهێنن بۆ ئێرە، دواتر داوکارییەکەیان بۆ جیبەجێ کردم و ژیانمان لەنێو پێشمەرگە بە حاڵی ئەوان بەڕێکرد و خزمەتمان دەکردن، ژوورێکیان بۆ ئێمەش دروستکرد لە نەهالە هارونە کە دەکەوێتە ژێر گەلی هارونە و بارەگای لیژنەی ناوچەی زاخۆی لێ بوو، پێشمەرگە زۆر چالاکییان دەکرد و سەربەرزانە دەگەڕانەوە، بەڵام دڕندەیی دوژمن گەیشتبووە لوتکەی نامرۆڤایەتی، دەستیكرد بە تەعریب و ئەنفال و کیمیابارانکردنی گوندەكان و چەندان کەس لەو ڕێگایەدا شەهید و برینداربوون.

ئەنفالی بادینان و پەڕینەوە بۆ کەمپەکانی ناو تورکیا
هەروەها دایە کەتان دوای پشوویەکی کورت و هەڵکشانی هەناسەیەکی قووڵ گوتی: ئەو هەموو چەرمەسەریەمان بەسەرهات بۆ کوردستانی سەربەخۆ بوو، لە ڕیفراندۆم بە هەمان جلوبەرگی کوردی یەکەم کەس بووم هاتمە نێو کەرنەڤاڵی سەربەخۆخوازن لە هۆڵەندا بە خۆم و عەرەبانەکەمەوە، چونكە پێکانم لەکارکەوتوون و ناتوانم بڕۆم و‌ هێزم نەماوە، کاتێک دوژمن هیچ ڕێگایەکی لە دڕندەیی خۆی نەهێشتەوە لە سووتانی سرووشت و داڕووخانی گوندەکان و کوشتن و شەهیدکردنی هاووڵاتییەکانی کە هەموویان وەک فیلم دێنەوە بەرچاوم و فرمێسک بەرچاومی گرتبوو بەو دیمەنە پڕ لە تراژیدیانە و دەسەڵاتمان نەبوو بەرامبەریان و بەو ڕێگایەدا دینداری ئەحمەدی کوڕم بەدەستمەوە و دەستەکەی تریشم نان و ئاو بوو بۆ خۆم و پێشمەرگەکان كە لەگەڵماندا بوون بەرەو سنوورەکانی تورکیا ڕێگامان دەبڕی، بەبێ ئەوەی بزانین چارەنووسمان بەرەو کوێمان دەبات، لەسەر سنووری تورکیا کۆمەڵێک لەو کەسە دڵسۆزانەی کوردایەتی وەستابوون و چاوەڕوانی کردنەوەی سنوورەکەیان دەکرد و دواتر لە باکووری کوردستان دابەشکراین بەسەر سێ کەمپدا لە موش و ماردین و دیاربەکر، ئێمە بەر دیاربەکر کەوتین. لەوێش ژیان سەخت بوو، ماوەی دوو ساڵمان بەڕێکرد لەنێو سیمی تەلبەندکراوی دەوروپشتمان و حکوومەتی عێراق لێبوردنی گشتی بڕیاری دابوو کە بگەڕێنەوە بە منداڵەکانم گوت ناچمەوە سەر خاکێکی داگیرکراو و سووتێنراو، دەمەوێت لێرە بمرم و نەگەڕێمەوە و دواتر بڕیاری چوونە ناو یۆنانمان دا و حەوت ساڵیشمان لەوێ بە ژیانێکی پڕ سەخت و کوێرەوەری بەڕێکرد، کوڕەکانم ڕۆژانە بۆ بژێوی ژیانمان دەچوونە کرێکاری و تەنها دینداری کوڕی ئەحمەدمان هەبوو، خستمانە بەر خوێندن و لەوێش بارەگای پارتی هەبوو، دکتۆر سەربەست زاخۆیی سەرپەرشتی دەکرد و کوڕەکانیش هاوکاریان دەکرد و بەشداری چالاکییەکان دەبووین، بە تایبەتی 16ی تەباغ زۆر لای من خۆشبوو، لە ساڵی 1997 ئەویشمان جێهێشت و چووینە وڵاتی هۆڵەندا و لەوێش بۆ خۆی چیرۆکێکی درێژی پڕ ئازارە کە دوای 9 ساڵ ئینجا مافی پەنابەریمان وەرگرت و بووینە نیشتەجێی هۆڵەندا، ئەوەی بەسەرمان هات، سەددام و ڕژێمەکەی بوو لە پای کوردایەتیمان و تا کوردستان سەربەخۆ نەبێت ناگەڕێمەوە، بیستومە و دەیبینم لە تیڤی، کوردستان ئازاد و خۆشە و گۆڕانکاری گەورە کراوە، بەڵام ئەوە بڕیاری خۆمە و نایگۆڕم، دەترسم بمرم و کوردستان بەسەربەخۆیی نەبینم.