خەبات: سولین سلێمان:- بریارە لە بەرواری ٢٠ مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ پاڵەوانیەتێکی لەشجوانی لەسەر ئاستی هەولێر و دەوروبەری بەرێوەبچێت.
عەبدولڵا مامەند پاڵەوان و راهێنەری یەکێک لە هۆڵەکانی وەرزشیە لە هەولێر، لە چەندەها پاڵەوانیەتى سەر ئاستی کوردستان و عێراق و جیهان بەشداری کردووە پلەی باشی بەدەستهێناوە.
لە بارەى شوێنى نمایش و مەرجەکانى بەشداربوونى ئەم پاڵەوانیەتیە عەبدوڵڵا مامەند بۆ خەبات گووتى: ئەم پاڵەوانیەتیە لە لایەن یەکێتى لەشجوانى هەولێرەوە رێکدەخرێت بۆ ئەو هۆڵانەی کە یاریزانەکانیان تێدا یاری دەکەن، لەو پاڵەوانیەتیە هەر یەک لە بەشداربووان لەسەر ستەیج جەستەی خۆیان نمایش دەکەن دواتر جوانترین جەستە هەڵدەبژێردرێن بە پێی کوالێتی جەستە و ئەو مەرجانەی کە لە تیایدا دانراوە، بۆ نموونە هەر یاریزانێک کە بەشدار دەبێت پێویستە جەستەی ماسولکەکانی وشک بێت و چەوری لەشی کەم بێت م ماسولکەکانی گەورە بێت، پێویستە یاریزان دوو مانگ پێش بەشداربوون خۆی بۆ پاڵەوانێتیەکە ئامادە بکات، بەو پێیەش براوەی یەکەم دووەم و سێیەم لە لایەن یەکێتى لەشجوانی هەولێرەوە خەڵات دەکرێن.
راهێنەرى لەشجوانى عەبدوڵڵا مامەند باسی ئەوەشی کرد ساڵانە یاریزانانەکان بۆ ئەو پاڵەوانیەتیە ئامادە دەکات، بۆ ئەم ساڵیش 8,7 یاریزانی ئامادە کردووە بۆ بەشداری کردن، لە پاڵەوانیەتیەکانی رابردوو یاریزانەکانی توانیویانە پلەی سێیەم لەسەر ئاستی هەولێر و دوروبەریدا بەدەستبهێنن.










