خەبات: رەنجبەر بەرزنجی:- بۆ یەكەمینجار لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران , لە لایەن خانەی فەرهەنگی شین هۆڵێكی سینەما كرایەوە , بەوتەی بەرپرسانی خانەكەش وێرای نمایشكردنی فیلم ئامانجیان لە كردنەوەی هۆڵی سینەما ئاشناكردن وخستنەرووی گرنگی هونەری سینەمایە , تایبەت بەم بابەتە وكارو پرۆژەكانی دیكەیان (سۆران خالد) یەكێك لە دامەزرێنەرانی خانەی فەرهەنگی بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی خەباتی دایەوە.
خانەی فەرهەنگی شین
سەرەتا لەبارەی خانەی فەرهەنگی شین (سۆران خالد) گوتی : خانەی فەرهەنگی شین , خانەیەكی كەلتووری و رۆشنبیریی وهونەرییە , كە چوار بەشی سەرەكی لەخۆ دەگرێت و ئەوانەیش بەشی كافێ و كتێبخانە و سینەما و یانەی شەترەنجە , كە لەكۆتاییەكانی ساڵی (2019) دامەزراوە و تا ئێستا بەردەوامە و دەتوانین بڵێین خانەیەكی تا رادەیەك خۆبەخشی قازانج نەویستە , كە كۆمپانیای كۆرەك تلیكۆم ماوەی ساڵێكە بە گوێرەی پرۆژە ساپۆرتمان دەكات , خانەكە زیاتر كار لەسەر چالاكییە ئەدەبی و رۆشنبیری و فكر و فەلسەفە ومەعریفە دەكات , هەروەها یانەیەكی شەترەنجیشمان هەیە كە ناومان لێناوە یانەی شەترەنجی شین كە بریاروایە بە فەرمی كاری لەسەر بكەین و هەروەها بەشی كتێبخانەكەشمان خەڵكانێكی زۆر سوودی لێوە دەبینن.
كاروپرۆژەكانی خانەی فەرهەنگی شین
هەروەها لە بارەی كارو پرۆژەكانی خانەی فەرهەنگی شین (سۆران خالد ) وتی : ئێمە هەر لە سەرەتاوە بەكۆمەڵێك كۆر وسمینارە لە بواری ئەدەبی فكری و فەلسەفی وتەنانەت سیاسیش دەستمانپێكرد , جگە لەوەی بەشێك لە چالاكییەكانمان پێوەندی بە نمایشی فیلمی سینەماییەوە هەبووە , هەروەها بە هۆی كتێبخانەكەمانەوە كارمان لەسەر ناساندنی كتێب و كردنەوەی پێشانگای كتێبەوە كردووە و لە بۆنە تایبەت و جۆراوجۆرەكانیش هەوڵمانداوە چالاكی تایبەتمان هەبووبێت هەروەها كارمان لەسەر ئەنجامدانی كۆنسێرتی موزیك و گۆرانی و پیشانگای شێوەكاریش كردووە.
كردنەوەی هۆڵی سینەما
دواین چالاكی خانەی فەرهەنگی شین كردنەوەی هۆڵی سینەما بووە لە سۆران كە ئەمە بۆ یەكەمینجارەلە مێژووی سۆران هۆڵێكی سینەما بكرێتەوە لەو بارەیەوە (سۆران خالد) یەكێك لەدامەزرێنەرانی خانەی فەرهەنگی شین وتی : لە رووی كۆمەڵناسییەوە شار كۆمەڵێك بنەمای هەیە تا پێی بگوترێ شار و یەكێك لەو بنەمایانەش بوونی هۆڵی سینەمایە , ئێمە دەمێكە هەستمان بەو بۆشاییە كردبوو , كە هیچ شوێنێك نییە تاكوو فیلمێكی سینەمایی تێدا نمایش بكرێت , ناچار خەڵك بۆ بینینی فیلمێك سەردانی پارێزگاكانی دیكەیان دەكرد لە كاتێكدا كە گەنجی ئەو سنوورەش مافی خۆیەتی ئەو فیلمانە ببینێت كە لە شارەكانی دیكە نمایش دەكرێن , جگە لەوە ئامانجێكی دیكەمان لە كردنەوەی هۆڵی سینەما ئاشناكردنی خەڵكی سۆرانە بە سینەما چونكە رەنگە بەشێكی كەمی خەڵكی سنوورەكە ئاشنای بینینی فیلمێك لە هۆڵی سینەما بن , چونكە بینینی فیلم لە هۆڵی سینەما زۆر جیاوازە لە بینینی لەتی ڤی , پێشمان وایە بوونی سینەما لە شارەكە هانی كەسانی بەتوانای شارەكەشمان دەدات بە تایبەتی ئەوانەی حەز بە كاری فیلمسازی دەكەن , چونكە ئامانجی ئێمە لەكردنەوەی هۆڵی سینەما بەتەنها نمایشكردنی فیلم نییە و پرۆژەی دیكەمان لەو راستایەدا هەیە , بە شێوەیەكی گشتی چین و توێژە جیاكانی سنوورەكە بە گرنگییەوە لە كارو چالاكییەكانمان دەروانن سەبارەت بە سینەماش لەبەر ئەوەی بابەتێكی نوێیە لە ناوچەكەمان و خەڵكی بەركەوتەی لەگەڵ نەبووە، بۆیە ئەو پێشوازییەی لە كردنەوەی هۆڵی سینەما ئەگەر لە ئاستی چاوەروانیشمان نەبووبێ ئێمە هەر لامان گرنگ و باشە و چونكە پیمانوایە سینەما پێویستە كاری لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی خەڵك لەگەڵی رابێت و بێن لە سینەما سەیری فیلم بكەن و ئەوەی كردوومانە پرۆژەیەكی درێژخایەنە و خەڵك دڵخۆشە بە كردنەوەی سینەما لە شارەكە و دەستخۆشیەكی زۆرمان لێكراوە.
كار و پرۆژەكانی داهاتوو
لەكۆتاییشدا لەبارەی كار وپرۆژەكانی خانەی فەرهەنگی شین بۆ داهاتوو (سۆران خالد) باسی لە خەونەكانیان لەخانەی فەرهەنگی شین كرد و گوتی : خەونی خانەی فەرهەنگی شین زۆر لەوە زیاترە لەوەی كە ئێستا هەیە , ئێمە كار لەسەر داهاتوو دەكەین بۆ نەوەی داهاتوو , خەونمان ئەوەیە خانەی فەرهەنگی شین بەو قەبارەیەی ئێستا بكەینە سەنتەرێكی كەلتووری گەورە لە شارەكە كە بەشی زیاتر لەخۆ بگرێت و خەڵكی زیاتر بتوانێت سوودی لێوە ببینێت و پلانمانوایە كاری زیاتر لەسەر بواری فەرهەنگی وكەلتووری و پەروەردە و ئەدەبەوە بكەین كە ئەمەش پێویستی بەكاتی زیاترە كە ئێمە لە ئێستاوە وردە وردە كاری لەسەر دەكەین.