خەبات: عەلی بانیشاری:- بەوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، لەمساڵدا نزیكەی 75 بیری ئاو بۆ ناو شاری هەولێر و دەوروبەر لێدراون. هەڵكەندی ئەو ژمارە بیرە لە چوارچێوەی لێدانی 138 بیرە بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر، كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە 7 ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكراوە. چاوەڕێش دەكرێت لە مانگی داهاتووەوە پڕۆژەی هێڵی جێگرەوەی بۆریی ئاوی ئیفراز سێ بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی راگەیاند: بۆ چارەسەكردنی گرفتی كەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا 138 بیری ئاو لێبدرێت، لەو چوارچێوەیەشدا تاوەكو ئێستا نزیكەی 75 بیر لێدراون و پڕۆسەكە بەردەوامی دەبێت. گوتیشی: 70%ی بیرەكان جێگرەوەن، بۆ ئەو شوێنانە لێدەدرێن كە ئاستی ئاوی بیرەكانیان دابەزیووە یاخود وشكیان كردووە و 30% بیرەكانیش نوێن، كە بۆ ئەو گەڕەك و شوێنانە لێدەدرێن كە تازە ئاوەدان بوونەتەوە یان ژمارەی دانیشتووانیان زیادیانكردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، 70%ی ئەو بیرانەی لێدەدرێن كەوتوونەتە ناو شاری هەولێر و 30%یش لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری هەولێر دەبن. دڵنیایی ئەوەشیدا، لێدانی ئەو ژمارە بیرە چارەسەری گرفتی كەمئاوی لەو گەڕەك و شوێنانە دەكات كە پێشتر كێشەی كەمئاویان هەبووە. ئاری ئەحمەد دەڵێت: بودجەی تەواوی بیرەكان كە 7 ملیار و 600 ملیۆن دۆلارە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابینكراوە.

بەپێی داتاكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە رێگەی پڕۆژەكانی ئیفراز 1 و 2و 3، هەروەها زیاتر لە 1200 بیری ئاو لە گەڕەك و شوێنە گشتییەكان رۆژانە (665.000م3) ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیانی شاری هەولێر بەرهەم دێت و دابەش دەكرێت. بەپێی ئامارێكی فەرمی، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر 1240 بیر و لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری هەولێر 1700 بیری ئاو لێدراون.

سەبارەت بە پرۆژەی هێڵی جێگرەوەی بۆریی ئاوی ئیفراز سێ؟ بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم گوتی: لە ئێستادا خەریكی تەندرینی پڕۆژەكەین و ان شااللە لە مانگی 9دا قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە بە گوژمەی 5 ملیار دینار دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە. راشیگەیاند: حكوومەتی هەرێمی كوردستان 20 ملیار و 800 ملیۆن دیناری بۆ راكێشانی هێڵی جێگرەوەی بۆریی ئاوی ئیفراز سێ تەرخانكردووە كە درێژیەكەی 11 كیلۆمەترە. هەروەها گوتیشی: ئەو هێڵەی كە بۆ ئیفراز سێ رادەكێشرێت لەوەی رابردوو جیاوازتر دەبێت و بەپێی ستانداردی جیهانی جێبەجێ دەكرێت. بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، بۆری ئاوی ئیفراز سێ نزیكەی 40%ی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی هەولێر دابین دەكات.

لەبارەی پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵیشەوە؟ ئاری ئەحمەد گوتی: پڕۆژەكە 70 ملیۆن دۆلاری لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تەرخانكراوە و لە ئێستادا خەریكی ئامادەكردنی تەندەرین و لە ئایندەدا دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكرێت. ناوبراو باسیلەوەشكرد، بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی لافاو بە گوژمەی 8 ملیار دینار، چوار پڕۆژە لەسەر رێگای هەولێر-پیرمام و نزیك لە شەقامی 150 مەتری جێبەجێ دەكرێن.