خەبات: مسلم دۆلەمەری:- یەكێتی ئافرەتانی كوردستان هەمیشە تیكۆشاوە بۆبەرجەستەكردنی تەواوی مافەكانی ئافرەتان و خستنەڕووی بەهرە و تواناكانیان لەنێوكۆمەڵگەی كوردەواریمان. ئەنجومەنی سۆرانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستانیش نمونەیەكە لەو خزمەتانەی كە بەرامبەر بە ئافرەتانی سنووری كراوە. نازەنین عەزیز بەرپرسی ئەنجومەنی سۆرانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەم دیدارەدا باسی لەو كار و چالاكی و خزمەتانەی كرد كە لە سنووریاندا پێشكەشی ئافرەتانیان كردووە.

*كار و چالاكی ئێوە چ سنوورێك دەگرێتەوە و لە چ چوارچێوەیەكدان؟
– سنووری ئەنجومەنی سۆرانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان سنوورێكی فراوانە كە پێكدێت لەپێنج ناوەند ئەوانیش بریتین لەناوەندەكانی ( خەلیفان – وەرتێ‌ – ڕەواندز – دیانا – سیدەكان) چالاكییەكانمان گشتین بە پێی داخوازی و پێویستی ئافرەتان، بەلام ئێمە زیاتر گرنگی بە خولە پیشەییەكان دەدەین بۆ ئەوەی لە ڕێگەی خولە پیشەییەكانمان ئافرەتانی بەهرەدار و بەتوانا بتوانن ببنە خاوەن كاری تایبەتی خۆیان و خۆیان سەرچاوەی ژیانیان پەیدا بكەن. ئەمجۆرە خولانەش زیاتر خولی دروومان و خولی شوفێری و خولی جوانكاری ئافرەتان و خولی فۆتۆگرافەرین كە تاكو ئێستا دەتوانم بڵێم بە دەیان ئافرەتی سنوورمان لەڕێگەی ئەمجۆرە خولانەوە بوونەتە خاوەن كاری تایبەتی خۆیان. جگە لەمانە بەردەوامین لە كردنەوەی خولەكانی تریش وەك خولی زمان و كۆمپیوتەر و وەرزشی و چەندانی تر.

*لە سنوورتان ئازادی و حەزی ئافرەت بۆ بەشداری خولەكان و كاركردن لەدەرەوەی ماڵ چۆنە؟
– هەرچەندە كۆمەڵگەی ئێمە كەمێك داخراوە، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا دەبینین كە زۆربەی ئافرەتانمان ئازادن لە كاركردن و ماڵەوەشیان هاوكارن، كە ئەمە جێگەی دڵخۆشییە، نموونەش بەشداریكردنی ڕێژەیەكی زۆری ئافرەتانی سنوورمانە لە خولەكانمان چونكە هەر خولێك دەكەینەوە دەبینین زیاتر لە 40 ئافرەت تێیدا بەشدار دەبێت، بەتایبەت خولە پیشەییەكان كە ئەمەش نیشانەی ئازادی و حەزی خودی ئافرەتیشە بۆ كاركردن لە دەرەوەی ماڵەكانیان.

*جگە لە خولەكانتان تا چەند توانیوتانە بەهرە و تواناكانی ئافرەتانی سنوورتان بەدەرخەن؟
– بەڵێ‌ كاری زۆرمان لەسەر ئەم بابەتە كردووە و بەردەوامیشین وەك كردنەوەی دەیان پیشانگای شیوەكاری، پیشانگای كاری دەستی، پیشانگای شیرینەمەنی و شتی تر كە زۆرجار لە ڕێگای ئەم پیشانگایانەوە ئافرەتمان بۆ خەڵك ناسراوە و بونەتە خاوەن كاری تایبەتی خۆی.

*تاچەند توانیوتانە كار لەسەر هۆشیاری كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری گشتی بكەن بۆ ئافرەتانی سنوورتان ؟
– ئەمەش بەشێكە لە كارەكانمان. زۆرجار توانیومانە لەگەڵ لایەنی پەیوەندار چەندین كێشەی ئافرەتان چارەسەر بكەین وەك كێشەی كۆمەڵایەتی یان توندوتیژی دەروونی جەستەیی و هیتر. لە ڕووی هۆشیاری كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری گشتی بەردەوامین لەم بوارەیەوە وەك كردنەوەی خولی تایبەت و سازدانی كۆڕ و سیمیناری تایبەت بۆ كەسانی شارەزا و پسپۆڕ لەم بوارەدا.

*وەك ئەنجومەنی سۆران چ ئامانجێكتان هەیە بۆ ئافرەتانی سنورتان؟
– ئێمە هەمیشە كار دەكەین و خزمەتدەكەین بۆ یەك ئامانج ئەویش ئەوەیە كە بتوانین لە ڕێگای كردنەوەی خولە پیشەییەكان ئافرەتانمان چیتر بەخێونەكرێت، بەڵكو دەبێ‌ خۆی پشت بە بەهرە و تواناكانی خۆی ببەستێت خۆی خۆی و خێزانەكەشی بەخێوبكات.

*كار و پڕۆژەی نوێتان چییە؟
– كار و پڕۆژەی گرنگمان لەبەردەستە بۆ زیاتر خزمەتكردنی ئافرەتانی سنوورمان بە لەبەرچاوگرتنی حەز و خولیای ئافرەتانمان كە لەگەڵ ئاستی تەمەن و ئاستی ڕۆشنبیری و ژینگەیان بگونجێت، وەك زیاتر كردنەوەی پیشانگای بەهرەیی بۆ بەهرەمەندان و گرنگیدانی زیاتر بە لایەنی تەندروستی ئافرەتانمان بە ڕیكخستنی گەشتی شاخەوانی و كۆڕ و سیمیناری تایبەت بە لایەنی تەندروستی ئافرەتان.