خەبات: سولین سلێمان:- سەرەڕای ئەوەیكە ئێستا لە سەرانسەری وڵاتانی جیهاندا بانگەشە بۆ مافەكانی مرۆڤ دەكرێ، بەڵام تا ئێستاش ئافرەتان بەردەوام ڕووبەڕووی گرفتی كۆمەڵایەتی و دەروونی دەبنەوە، بەتایبەتی لە وڵاتە دواكەوتووەكاندا زۆرترین قوربانیانی توندوتیژی ئافرەتن. لە هەرێمی كوردستانیش وێڕای گۆڕانكارییەكان و بانگەوازی مافی مرۆڤ و پڕۆگرێسی پێگەی ئافرەت و بوونی ژمارەیەكی زۆری خانمان لە پۆستە باڵاكان و سەدان ڕێكخراو و سەنتەری چالاكی ئافرەتان، كەچی هێشتا ژمارەی تاوانەكان بەرامبەر بە خانمان لە ئاستێكی بەرزدایە. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە كە خانمان لە كۆمەڵگەی كوردی چ پێگەیەكیان هەیە؟ بۆچی مافی ئافرەتان لە بانگەشە و چەسپاندنی مافی مرۆڤدا جێگیر نەبووە؟ بۆ زانینی وەڵامی ئەو پرسانە دكتۆرە چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتی پارتی لە دیمانەیەكێدا بۆمان دەدوێت.

* پرسی ئافرەت لە كۆمەڵگەی كوردی چۆن دەبینی ئایا تا چەند گۆڕانكاریی بەخۆیەوە بینیوە؟
– بۆچوونی من بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشووتردا گومانی تێدا نییە كە پرسی مافی مرۆڤ بەگشتی و ئافرەتان بەتایبەتی لە كۆمەڵگەی كوردیدا گۆڕانكاری بە خۆیەوە بینیوە، بەو مانایەی كە دۆخەكە لە جاران لەبارتر و كراوەترە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم بابەتە و دۆخەكەش بۆ مامەڵەكردنی ئەرێنی لەگەڵ ئافرەتان گونجاوترە، چاككردنی ڕەوشی ئافرەتان كاری هەمەلایەنی پێویستە. د. چنار گوتیشی: وێڕای ئەو پێشكەوتنەی كە ئەمڕۆ وڵاتانی پێشكەوتووی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمریكا پێیگەیشتوون، هێشتا پرسی مافی ئافرەت و مافی مرۆڤ بەگشتی بابەتێكی گرنگی ژیانی ڕۆژانەی ئەو وڵاتانەیە و بەدەیان ڕێكخراو و دامەزراوەی مەدەنی كار بۆ ئەو لایەنانە دەكەن.

* ئایا پرسی مافی ئافرەت بەسەرچووە و تەنیا دەبێت مافەكانی بخرێتە ناو خانەی مافی مرۆڤەوە؟
– لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا كە زۆربەی مافەكانی ئافرەت دەستەبەر بووە، سەدان ڕێكخراو و دامەزراوەی مەدەنی كار بۆ مافەكانی ئافرەت دەكەن، كەواتە چۆن دەكرێت لە كوردستاندا كە تا بەئەمڕۆ ئافرەتان لەژێر فشاری خانەوادەكانیان ڕۆژانە خۆیان دەسوتێنن، یاخود بەناوی پارێزگاریكردن لە شەرەف، ژنكوژی لە ڕووی نەریتی كۆمەڵایەتی ڕەوایەتی پێدەدرێت، پێمان وابێت كاتی قسەكردن لەسەر پرسی ئافرەت لە كوردستاندا بەسەر چووە و كۆتایی پێهاتووە و ئێستا نۆرەی قسەكردنە لەسەر مافەكانی مرۆڤ؟ من پێموایە بابەتی مافی مرۆڤ و پرسی مافی ئافرەتان دوو پرسی بەیەكەوە گرێدراون و لەیەكتر جیا نابنەوە هەنگاونان بۆ پێكەوەگرێدانی چەمكەكانی مافی ئافرەت و مافی مرۆڤ بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە مسۆگەر دەكات و قۆناغەكانی چاككردنی ڕەوشی ئافرەتانیش كارێكی زۆر گرنگە و كاری هەمەلایەنی پێویستە.