سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی ئه‌مڕۆ سێشه‌م بۆ بابه‌تی پڕۆژەی (20) هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان، سه‌ردانی پارێزگای سلێمانی كرد.

سێشه‌م د. محەمەد شوکردی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە یاوەری بەڕێوەبەرانی گشتی دیوانی دەستەی وەبەرهێنان سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد.

لەمیانەی سەردانەکەی بۆ پارێزگای سلێمانی، سەرۆکی دەستە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەبەرهێنانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەبەرهێنان لە سلێمانی ئەنجام دا.

ئامانج لە سەردانەکەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بۆ دەڤەرەکە، بەدواداچوون و لە نزیکەوە ئاگاداربوون بوو لە رێکارەکان و هەنگاوەکانی مامەڵە و تەرخانکردنی زەوی بۆ دروستکردنی پڕۆژەی (20) هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان، هاوکات جێبەجێکردن و ئەنجامدانی دروستکردنی شار و ناوچە پیشەسازییەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین.