خەبات: سەید فاتیح بەرزنجی:- لە لێدوانێكی تایبەت بە رۆژنامەی خەبات ئەندازیار ئاگرین عەبدوڵڵا ئاگرین بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن باس لە بابەتی هێڵی شەمەندەفەر دەكات، كە ڕۆژانە قسەو باسی لەسەر دەكرێ و چەندین جار وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەش ڕووبەڕووی تانەو تەشەر دەبێتەوە. دیارە ئەو بابەتە دیراسەتی لەسەر دەكرێت كە ئایا دەتوانرێت هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێت یاخود نا؟ خەبات لەم دیدارەیدا وردەكاری ئەم باسە دەخاتەڕوو:
ئەندازیار ئاگرین عەبدوڵڵا دەڵێت: بۆ ئەو مەبەستە ئێستا لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئیسپانی گرێبەست واژۆ كراوە تا دیراسەتی ئەو هێڵانە و تا بزانرێ لەكوێ تێبپەڕێ باشە یاخود ئایا دەتوانرێت بۆ چ جۆرە گواستنەوەیەك بێت، وەك گواستنەوەی مرۆیی یاخود گواستنەوەی كەلوپەل و كۆمەڵێك داتا كۆ دەكاتەوە، بۆیە لەسەر بنەمای ئەوە دیراسەتەكەمان پێدەدات, لە ئێستاشدا تەنیا لە قۆناغی ئەو دیراسەتەداین، واتا ئەو بابەتە جەدوای ئابووری دەبێت یاخود نا، هەرچەندە یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەڵمانی واژۆ كراوە تا ئەگەر لە قۆناغەكانی دیكە پرۆژەكە لە قۆناغی دیزایین بێت یاخود لە قۆناغی پەیداكردنی وەبەرهێنەر بێت هاوكاریمان بكەن، بەڵام جارێ ئەو قۆناغانە لەگەڵ كۆمپانیا ئەڵمانیەكە دەستی پێنەكردووە.
گوتیشی: پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەر هیچ پەیوەندی بە بودجەی ڕێگاوبانەكانەوە نییە، دیارە ئەو هەوڵەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و حكوومەتی هەرێم ئەوەیە تا لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە یاخود كەرتی تایبەتەوە پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەرەكە جێبەجێبكرێت، واتا كاریگەری نابێ لە سەر بودجەی ڕێگاوبانەكان، لە زۆربەی شوێنی دونیا هەم هێڵی شەمەندەفەر هەیەو هەمیش هێڵی ڕێگاوبان هەیە، بۆیە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دەیەوێت هاوتەریب كاری لەسەر بكات.
دواتر ئەندازیار ئاگرین عەبدوڵڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن دەربارەی زۆری ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە ڕێگاوبانەكان و هۆكارەكانی ڕوونیكردەوە: وەك وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە ڕوونكردنەوەمانداوە و ئاماژەمان بەوەداوە كە هۆكاری سەرەكی ڕووداوەكانی هاتوچۆ هەر بە تەنیا ڕێگاوبان نییە، بەڵكو بۆ چەندین هۆكاری دیكەش دەگەڕێتەوە، جاری واهەبووە لە ڕێگاوبانی جووتساید رووداوی هاتوچۆ روویانداوەو بەهۆی خێرا لێخوڕین و پێشبڕكێی شوفێران لەو شەقام و ڕێگاوبانە جووتسایدانە وەك هەبوونی ڕووداوی هاتووچۆ لە شەقامی 150 مەتری و شەقامی 120 مەتری و ڕێگای جووتسایدی مەسیف ڕووداوی جۆراو جۆر ڕوویانداوە، بۆیە مەرج نییە هەموو ڕووداوێكی هاتوو چۆ هۆكارەكەی ڕێگاوبان بێت، لە هەمووی گرنگتر تیژ لێخوڕینی ئوتومبیلە لە ڕێگاوبانەكان، بەپێی ئەو ئامارانەی كە هەیەو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێمەوە بۆمان دێت و هاوكاری و هەماهەنگیمان لەگەڵیاندا هەیە و هەندێ جاریش ڕێگاوبان هۆكارە بۆ ڕووداوەكانی هاتووچۆ، هەر بۆ ئەو مەبەستە هەوڵێكی زۆر هەیە كە ئەو ڕێگا جووتسایدانە تەواو بكەین، بەڵام كێشەی گەورەمان ئەوەیە كە بودجە تەرخان نەكراوە، ئەو پڕۆژە گەورانەش پێویستیان بە بودجە هەیە، زۆر جار ڕەزامەندی دەدرێت و پارەش دابیندەكرێت بۆ نموونە ڕێگای (دەربەندیخان ـ كەلار)، كە لەلایەن سەرۆكی حكوومەتەوە بڕی 60 ملیار دینار تەرخانكراوە، بەڵام ماوەی دوو مانگە بانكەكانی گەرمیان نەیانتوانیوە ئەو پارەیە خەرج بكەن و دەڵێن پارەی بەردەستمان نییەو حكوومەت پارەی داناوە و سیولە لەبانكەكانی ئەو شوێنە نییە، هەرچەندە كۆمپانیاكە ئامادەیە بۆ كاركردن، بەڵام ئەگەر سیولە لەبانك نەبێت چۆن كارەكان دەستپێبكات، ئەگەرچی ئەو كارانەی كە لەشاری هەولێر جێبەجێدەكرێن لە سەر داهاتی ناوخۆ لە بانكەكانی هەولێر دەبێت و ئەو پڕۆژانەشی كە لەشاری دهۆك جێبەجێدەكرێن هەر لە سەر داهاتی ناوخۆ یە و لە بانەكەكانی ئەوێ كاری لەسەر دەكرێت.
لەبارەى داهاتى ناوخۆ و دیزایینى پرۆژەکان، ئاگرین عەبدوڵڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن گووتى: بانکەکانى شارەکان و بەهەمان شێوە ئەو پڕۆژانەی كە لەشارەكانی سلێمانی و گەرمیان بن ئەوا هەقوایە لە سەر داهاتی ناوخۆ لە بانكەكانی ئەوێ كاری لەسەر بكرێت ئەوە كێشەی كار و پڕۆژەكانی ئێمەیە، ئەگەرچی ئێمە وەك وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن پلانمان ئامادەیە و دیزایینمان ئامادەیە و كۆمپانیاش ئامادەیە بۆ كاركردن، بەڵام پارە نییە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكان و لە ساڵانی پێش قەیرانی دارایی ژمارەیەك كار و پڕۆژەی بەجووتسایدكردنی ڕێگاوبانمان دەستیان پێكردبوو بەڵام لەبەر شەڕی داعش و قەیرانی دارایی ئەو پرۆژانە لەكار وەستان و پێویستیان بە بودجە هەیە، یەكێك لەو پڕۆژانە پڕۆژەی بەجووتسایدكردنی ڕێگای كۆیەیە و لە كۆیە تا دێگەڵە نۆژەنكراوەتەوە و ڕێگاكە گونجاوە و ڕووداوەكانی هاتووچۆ تا ڕادەیەك كەم بۆتەوە و تیمەكانی سەر بە بەڕێوەبەراتی چاككردنەوە بەردەوام ئەو ڕێگاوبانانە چاك دەكاتەوە، وەك چاككردنەوەی رێگای گۆمەسپان و ڕێگای سماقۆڵی) ئەو ڕێگاوبانانە چاكدەكرێنەوە وپڕۆژەی جووتسایدی (هەولێر ـ كۆیە) پێنج قۆناغە و پێویستی بە بودجەیەكی زۆر هەیەو بڕەكەی 461 ملیار دینارە و تەنها 100 ملیار دینار خەرج كراوە، واتە بە تونێلی هەیبەت سوڵتانەوە بڕی 361 ملیار دیناری دیكەی پێویستە، لە ئێستادا حكوومەت نەیتوانیوە ئەو بودجەیە تەرخان بكات.
لەبارەى بودجە و دەست پێکردنەوەى پرۆژەکان، بریکارى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ خەبات گووتی: بودجەكە گەورەیەو بۆ ساڵی 2022پلانێكمان پێشكەشكرد، بەڵام قەیرانی دارایی هەموو پڕۆژەكانی وەستاند، ئومێدەوارین بۆ ساڵی داهاتوو كار و پرۆژەكان دەستپێبكەنەوە، واپێدەچێت ئەو پلانەی ساڵی 2022 ببێت بە پلانی 2022 بۆ ساڵی 2023، بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران نزیكەی 176 ملیار دینارە و داوای كاشمان كردووە تا بەگەڕخستنەوەی زۆرێك لەو پڕۆژانەی كە وەستا بوون و جووتسایدن وەك پڕۆژەی (ڕێگای هەولێر ـ كۆیە) كە بودجەكەی گەلێك زۆرە، بەڵام پلانەكە لە زۆربەی زۆری شوێنەكانی دیكە بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە وەستاوەكانی لەخۆ گرتووە، ئەنجامدانی هەندێ پڕۆژەی نوێ بۆ ڕێگای جووتساید بەتایبەتی لەسنووری شاری دهۆك چەندین دییزاینی تیایە و چاوەڕێ دەكەین ئەو پلانە دوای مسادەقەكردنی پارەی بۆ تەرخان بكرێت تا كاری لەسەر بكەین.
