جەبار عەبدوڵڵا عەزیز
دوای تێپەڕ بوونی نۆ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق تا ئیستا هیچ حکوومەتێکی نیشتمانی دانەمەزراوە، حزبە سیاسییەکانی عێراق لە پێناو دەسەڵات و پلە و پایەی خۆیان جورئەت ناکەن تەنەزول بۆ یەکتر بکەن، دوای چەندین دانیشتن و گفتوگۆ نەیانتوانی ئەو دۆخە کۆتایی پێ بهێنن و چارەسەرێکی سەرەتایی بۆ بدۆزنەوە، دەرئەنجام لایەنگرانی رەوتی سەدر خۆپیشاندانیان دەستپێکرد دژی گەندەڵی و ناعەدالەتی، خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە زۆر جیاوازتر بوون بەراورد بە خۆپیشاندانەکانی رابردوو، خۆپیشاندەران بینای پەڕلەمانیان کردە ئامانج و دەستیان بەسەردا گرت، ئەمەش بێ هێزی دەسەڵاتداران پیشان دەدات، ئێستاش کار لە کار ترازاوە، بۆیە هەر زوو بیریان کردەوە کە بارزانی وەک هەموو جارێک ببێتە فریادرەسی ئەو دۆخە سیاسییەی کە عێراق تێی کەوتووە.
ئەگەر کورد ئەمجارە وردتر بیربکاتەوە دەتوانێت بگات بەو ئامانجەی کە ساڵانێکە هەوڵی بۆ دەدات، ئەویش بە یەکگرتوویی و یەک هەڵوێستی بەژداری لە حکوومەتێکی نوێدا بکات، لەلایەکی تر ئەو هەلومەرجەی ئێستای عێراق دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئەوەی کورد نێوماڵی خۆی پاک بکاتەوە لەو دووبەرەکییەی کە لەنێوانیاندا هەیە،هەر لە سەرەتای رووخانی رژێمی بەعس، بارزانی بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە چارەسەری ئەو دۆخەی کرد کە عێراق پێیدا تێپەڕ دەبوو، پێشنیار کرا بارزانی وەکو یەکەم سەرۆک کۆمار دەستبەکار بێت، بەڵام ئەو کارەی نەکرد، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بارزانی ئەوەندی خوازیاری ئاشتی و پێکەوەژیان بوو، ئەوندە خوازیاری کورسی دەسەڵات نەبوو، بەڵکو دەستوری کرد بە بنەمای سەرەکی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتی عێراق، ئێستاش دوای ئاڵۆزییەکی تر لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە دەرگای “بارزانی”یان دا و جارێکی تر داوای چارەسەر و فریادرەسی لە بارزانی دەکەنەوە، لەو روانگەوە کە ئەوان سوور دەزانن بارزانی تەبەنی هەر کێشەیەک بکات، نەخشەرێگای چارەسەری بۆ دادەنێت.