خەبات- عەلی بانیشاری:
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان رایدەگەیەنێت، بە ئامانجی پارێزگاریكردن لە ئاو و دروستكردنی پەین بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكان، داوای بودجەیەكیان كردووە تا شێوازێكی نوێی كێڵانی زەویی لە گەرمیان پەیڕەو بكرێت. سیستەمە نوێیەكەی كێڵان لە سعودیە و میسر و هیندستان و چەند وڵاتێكی دیكە پەیڕەو دەكرێت و گونجاوترین رێگایە بۆ ئەو ناوچانەی كە گرفتی كەمی بارانبارین و ئاودێریان هەیە.
شادیە حسەین، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان بە (خەبات)ـی گوت: داوای بودجەیەكمان كردووە تاوەكو لەمەودوا جووتیارانی گەرمیان “كێڵانی زۆر كەم” ئەنجام بدەن، چونكە لە ئێستادا زەویی زۆر قوڵ دەكێڵدرێت، بێگومان ئەوەش پێویستی بە ئاوی زۆرە. دەشڵێت: ئەگەر سیستممەكە پەیڕەو بكرێت سوودێكی زۆر بە جووتیارانی سنوورەكە دەگەیەنێت.
گوتیشی: سیستەمەكە بەشێوەیەكە لە كاتی چاندنی دانەوێڵەدا جووتیار “تەنیا چەند سانیتممەترێك لە زەوییەكەی قوڵ بكات”، كاتێك ئەم سیستممە نوێیە بۆ ماوەی سێ ساڵی یەك لە دوای یەك پەیڕەو دەكرێت “زەوییەكە پارێزگارییەكی زۆر باش لە ئاو دەكات و پەین دروست دەكات”. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان، بەهۆی كەمی بارانبارینەوە 95%ی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی گەرمیان لەناوچووە و بەرهەمی ئەو دانەوێڵەیە لە 150 هەزار تۆنەوە بۆ 50 هەزار تۆن كەمیكردووە.
شادیە حسەین باسی لەوەشكرد، لەبەر ئەوەی لە گەرمیان گرفتی كەمی بارانبارین هەیە، پێویستی ئەو شێوازە كێڵانی ئێستای جووتیاران گۆڕانكاری تێدا بكرێت و چیدیكە زەویی هێندە قوڵ نەكرێت تا پێویستی بە باران و ئاوی زۆر بێت. ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی كەمی بارانبارینەوە ماوەی دوو ساڵە جووتیارانی گەرمیان زەرە و زیانێكی زۆریان بەردەكەوێت، بەشێوەیەك تەنیا ساڵی رابردوو 32 ملیار دینار زەرەمەند بوون.
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان هەروەها دەشڵێت: پلانی خۆمان بۆ قەرەبووكردنەوەی جووتیاران و ئاژەڵداران ئاڕاستەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و ئیدارەی گەرمیان كردووە و لە رێگەی ئەوانیشەوە راپۆرتێكی ورد ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە. لەبارەی ناوەڕۆكی پلانەكە؟ شادیە حسەین گوتی: لە بەشێكی راپۆرتەكەدا داوامانكردووە بنەتۆ بدرێت بەو جووتیارانەی بەهۆی كەمی بارانبارینەوە زیانیان بەركەوتووە و ئالیكیش بۆ خاوەن ئاژەڵەكان دابین بكرێت. ئەمساڵ زۆرترین رێژەی بارانبارین لە گەرمیان 212 ملم و كەمترینیش 89 ملم بوو. هەر بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان، بەهۆی كەمی بارانبارینەوە ئەمساڵ 182 هەزار دۆنم زەوی چێنراو بە دانەوێڵە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان تووشی زەرە و زیان بووە.
لە راپۆرتەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان وەكو پلانی خێرا داواكراوە (ئەو پڕۆژانەی ئاودێری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان نۆژەن بكرێنەوە كە گرفت بۆ سەرچاوە ئاوییەكانیان دروستبووە، هەروەها ژمارەی پۆندەكان زیاد بكرێن و ئاسانكاری بۆ جووتیاران بكرێت تا بیری نوێ بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكانیان لێبدەن). هەروەها وەكو پلانی درێژخایانیش داواكراوە (گەرمیان بخرێتە ریزی پێشەوە بۆ دروستكردنی بەنداو).
لەبارەی لێدانی بیر بۆ جووتیاران و زیانگەیاندن بە ئاوی ژێر زەویی؟ شادیە حسەین دەڵێت: راستە ئێمە داوامانكردووە ئاسانكاری بۆ جووتیاران بكرێت بۆ ئەوەی بیر لێبدەن، بەڵام مەرجیشمان ئەوەیە زیان بە ئاوی ژێر زەویی نەگات. زیاتر لەسەر ئەو پرسە قسەی كردوو و گوتی: جەختمان لەسەر ئەوە كردووەتەوە بە سیستمی نوێ زەوییەكانی گەرمیان بەراو بكرێن و كەمترین ئاو بۆ ئاوان بەكاربهێنرێت، بۆ ئەوەی زیان بەر ئاوی ژێر زەویی ناكەوێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان، هیچ ئامارێكی فەرمی لەسەر ژمارەی ئەو جووتیارانە لە بەردەست نییە كە پێویستیان بە بیری ئیرتیوازییە بۆ ئەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بەراو بكەن و لە گرفتی كەمئاوی رزگاریان ببێت.









