فاتیح ئیسماعیل ئەحمەد
دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 16ی ئابی1946 وەرچەرخانێكی گەورە بوو لە بزاڤی رزگاریخوازیی كورد و كوردستان، بەڵكو پارتی دامەزراندنەكەشی لە ئەنجامی پێویستیی دۆزی نەتەوەی كورد بوو، چونكە پێشتر تێكۆشانی نەتەوەیی و رزگاریی كورد و كوردستان، ھەڵگری ئامانجێكی داڕێژراوی یەك گوتاری ئاڕاستەكراو نەبوو. بەڵكو گوتاری پارچە پارچەیی و ناوچەیی و زیاتریش روانگەی كەسی و بنەماڵەیی لە خۆ دەگرت، بەڵام بە ھاتنە ئارای پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گۆڕەپانی خەبات، گەلی كورد شاد و ئاشنا بوو بە شێوازێكی نوێ، لە تێكۆشان بۆ رزگاری و بەدەستھێنانی مافەكانی گەلی كورد، چونكە رەنگڕێژیی ئامانجەكان تەواو سیاسی و سەردەمیانە كرا.

جێگای خۆیەتی پارتییەكان شانازی بە خۆیانەوە بكەن، بەوەی ھەر پارتی بوو بە داگیركەرانی گوت كورد چی دەوێت؟!، بەڵكو لەو رێگایەشەوە دوژمن زانی كورد چی دەوێت و خەبات و تێكۆشان بۆچی دەكات و ھەروەھا لەوە تێگەیشت ئامانجەی یەكخستووە و ئاوێتەی كردووە بە شێوازی سیاسیی نوێ. ئیدی ھەر كات بەر یەككەوتنی پارتی و حكوومەتە یەك لە دوای یەكانی عێراق بووبێت، ئامانج روون و رەوان بووە. ئەوەش حیكمەتێكی گەورەی مانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، لەتەك ھەموو شتەكانی دیكەی وەك راستگۆیی لە تێكۆشانی بۆ بەدیھێنانی مافەكانی گەلی كورد و كوردستان. ئەمانە و چەندن ستراتیژ و پلان و ئامانجی دیكەی بەدەست ھاتوو و بەدەست نەھاتووی كورد ھەبوو و ھەیە كە پارتی رەنگڕێژیی بۆكردووە و ئێستاش كراونەتە بەرنامەی ھەموو دانوستانەكانی كورد لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی گفتوگۆكان بۆ مافەكانی كورد.

جا كە پارتی دیموكراتی كوردستان تاكە جێگا و لایەن بێت بۆ یار و نەیار؟، بێگومان دەستكەوتی زۆر گەورەی بەدیھێناوە و دوژمنانیش زۆر پیلانیان دەرحەق كردووە، بەڵام گەلی كورد و پارتی ھەر ماوە و لە لووتكەی سەربڵندییەوە بە دونیا دەڵێین بەڵێ ھەین و ھەر دەمێنین وەك دار بەڕووەكان، تا بەدیھێنانی مافەكانی گەلی كورد و كوردستان ناوەستین. بۆیە باشترە ئەوانەی وا بیر دەكەنەوە كە كورد و پارتی لێك جیا بكەنەوە ئەوە نەبووە و ناش بێت، ئەوانەی خۆیان دەدزنەوە لە خواستی كورد خراپ دەكەن، چونكە ئەمڕۆ بێت یان سبەی ھەر دەبێت ملكەچی مافەكانی كورد بن، ھەمیشە وایە كاتێ باسی دۆزی كورد دەكرێت، ئەوە بە پارتی و رابەرە خۆنەویستەكەی بارزانی مستەفای نەمر دەناسرێتەوە، بەڵكو بارزانی و پارتی بوونەتە ناسنامەی نەتەوەی كورد.بەرز و پیرۆزبێت یادی 16ی ئاب یادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كورد، ئەو پارتەی ئاڵای خەباتی ھەڵكرد.