خەبات: رۆشنا عەلی:- زانكۆی سەڵاحەدین بۆساڵی نوێی خوێندنی 2022-2023 بریاریدا سیستەمی یەك پۆشی لە سەرجەم كۆلێژەكانی زانكۆكە جێبەجێبكات و سەرپێچیكاریش سزا دەدرێت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا د. كامەران یونس سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین ئاماژەی بە بڕیارەكە كرد كە بەپشت بەستن بە راپرسییەك و جێبەجێكراوە و بۆ ئەمساڵی خوێندنیش دەبێت قوتابیان پابەند بن ،لاپەرەی پەروەردەو خوێندن لەمبارەیەوە راپۆرتێكی ئامادە كردووە:
سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین رۆژی چوارشەمە 10/8/2022 كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رێكخست و تیایدا ئاماژەی بەبریارەكەیان دا و لەبارەی ئەو راپرسییەی كردبویان گوتی: راپرسییەكمان بە ئۆنلاین ئەنجامدا و نزیكەی 11450 قوتابی كورو كچ بەشدار بوون و یەكێك لە پرسیارەكانیش ئەوە بوو ئایا ئەگەر یەكپۆشی رابگەیەنرێت ئامادەی جێبەجێی بكەی یان نا ؟ 6. %70بە بەڵێ وەڵامیان داوەتەوە 4. %25 بەنەخێر وەڵامیان داوەتەوە.
*دەربارەی رەنگەكەش 6. %74 لەگەڵ رەنگی رەش و سپی بوون ، دەربارەی جیاوازی رەنگی كچان و كوڕانیش كە وەك یەك بێت یان جیاواز 3. %58 نەخێر و 7.%41 بەڵێ، پرسیاری تر كە ئایا یەكپۆشی دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی قوتابیان 4.%64 بە بەڵێ وەڵامیان داوەتەوە 4.%35 بە نەخێر وەڵامیان داوەتەوە.
د. كامەران یونس لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا رایگەیاند كە لە 1/10 ی ئەمساڵی خوێندنی 2022-2023 ئەو بڕیارە جێبەجێدەكەن و هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە قوتابیان و راگرو سەرۆك بەشەكان بەرپرسیارن لە جێبەجێكردنی و هەر قوتابییەك پابەند نەبێت رێنماییەكانی بەزەفتی قوتابیان لە مادەی دووەم دەیگرێتەوە جاری یەكەم سزای ئامۆژگاری و دووەم جار ئاگادار كردنەوە و جاری سێیەم دەبێتە دوورخستنەوە بۆ ماوەی هەفتەیەك و ئەم یەكپۆشییە بۆ قەدەغەكردنی حیجاب و نیقاب و تەنورە نییە تەنها یەكپۆشییە لەرەنگ بۆ نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی و كەمكردنەوەی ئەركی خانەوادەكانیان.
*دەربارەی جۆری جلەكانیش سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین گوتی: جلەكان قوماش دەبێت و رەش و سپی و رەساسی دانراوە دوای كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك بەش و راگرەكان بریاری لەبارەوە دەدرێت بۆچوونی ئەوانیش وەردەگرین كە ئایا هەمووی یەك رەنگ بێت یان بە پێی كۆلێژەكان جیاواز بێت؟
*قوتابییەكی زانكۆی سەڵاحەدینیش پێی وایە ئەم بریارە بریارێكی دروستەو دەبوو زووتر لە ئێستا جێبەجێبكرایە قوتابی خەندە عەلی قوتابی زانكۆی سەڵاحەدین لەبارەی ئەم بریارەوە بۆ خەبات گوتی: بریارێكی زۆر باشە و دەبوو زووتر ئەم بریارە بدرایە جیاوازی لە نێوان فەقیرو هەژار ناهێڵێت و شێوازێكی جوانیش بە قوتابیان و تەنانەت زانكۆش دەبەخشێت من وەك خۆم پابەند دەبم و زۆریش جێی دەستخۆشییە.
*قوتابی محمد كەریم قوتابی ئەو زانكۆیە بۆ خەبات گوتی : بریارەكە باشە ، بەڵام گرنگە جێبەجێبكرێت و چاوپۆشی لەسەر پێچیكار نەكرێت وپێم باشترە رەنگەكان بەپێی كۆلێژەكان بگۆرێت.
قوتابی كاروان گوتی: بریارێكی باشە ،چونكە زانكۆ خەریك بوو لە ناوەندە ئەكادیمییەكەوە ئەبوو بە ناوەندێك بۆ نمایشتكردنی جل و بەرگی گرانبەها دڵنیام ئەم بریارە كاریگەری باشی دەبێت لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی قوتابیان پێشم باشە هەموو كۆلێژەكان یەك رەنگ بن.
شایانی وتنە زانكۆی سەڵاحەدین دێرینترین زانكۆی هەرێمی كوردستانەو ساڵی 1968 لە سلێمانی دامەزراو لەساڵی 1981 گوازرایەوە شاری هەولێر لە ئێستادا 14 كۆلێژی هەیەو شەش جۆر بروانامە دەبەخشێتە قوتابی.