خەبات: پەریهان عومەر:- قوتابیان هەمیشە پێشەنگ بوونە لە رووی بەرەو پێش بردنی ڕۆشنبیری و هەنگاو نان بەرەوئامانجە جوانەکان، قوتابیانی شاری کەرکوک وەک ئەرکێکی نیشتیمانی هەڵساون بە جی‌بەجێ کردنی چەندین پرۆژەو خزمەت گوزاری لەوانەش زەنگی ڕۆشنبیری کە کۆکردنەوەی کتێبە بۆ زانکۆ پەیمانگا پیشەیەکان تاوەک قوتابی زیاتر خۆی‌رۆشنبیر بکات لە رووی زانیاریەوە، بۆ ئەم مەبەستە ڕاپۆرتێکمان کرد چەند کەسێکمان دواند.

شیڤان عبدالرحمن بەرپرسی لقی كەركوكی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە بارەی زەنگی ڕۆشنبیری بۆ کۆکردنەوەی کتێب بۆ (خەبات)گوتی: پڕۆژەی (زەنگی رۆشنبيرى) هەڵمەتێکی ڕۆشنبیرییە بۆ كۆكردنەوەی كتێب بۆ ناوەندەكانى خوێندنى كوردى لە شارى كەركوك وەكو لقی كەركوكی يەكێتى قوتابيانى كوردستان، بە ئەرکی سەر شانی خۆمان زانی کە گرنگی بە لايەنی رۆشنبيرى و زمانی كوردی بدەين چونکە له دواى روداووەکانی خيانەتى ١٦ى ئۆكتۆبەرەوە هەوڵ و دژایەتیەکان لە پێناو لاواز کردنی خوێندنى كوردى بوو ئەمەش بۆ سڕینەوەی زمانى كوردی لە شاری كەركوك و دەوروبەرى، بۆیە بە پێویستمان زانی کە چەند كتێبخانەيەك دروست بكەين لە ناو پەيمانگاكانى شاری كەركوك. بەداخەوە تاوەكو ئێستا هیچ كتێبخانەیەک نييه کە قوتابیان سوودی لێ وەر بگرن،بۆیە ئامانجی ئێمە لەم پڕۆژەیە ئەوە بوو کە خوێندنەوە بکەین بە کەلتوور، ئەمەش بۆ بەرزکردنی ئاستی رۆشنبيرى قوتابیان وە هانی لاوان و قوتابیان بدەین بۆ خۆ پڕ چەککردنی زانست و زانیاری.

شیڤان زیاتر روونیکردەوە: پەروەردگارمان دەفەرموێت: “پلەی ئەو کەسانە بەرز دەکات کە بەدوای زانست و زانیارین، بێگومانی یەکێک لە ڕێگاکانی بەدەستهێنانی زانست و زانیاری کتێب خوێندنەوەیە”. بە سوپاسەوە، کەسانێکی زۆر لە حکومەت و حزب و دەزگا میدیایەکان و نووسەران و رۆشنبیران و مامۆستایان و کتێب دوستان هاوکارێکی باشی پرۆژەکەمان بوونه بە تایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی) بە بری هەزار کتێب بەشدار بوو لە پڕۆژەکەمان،لێرەوە داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە هاوکارمان بن بە دابینکردنی کتێب بۆ پڕۆژەکەمان تاوەکو زۆرترین کتێبی جۆراوجۆر و بەسوود بگات بە شاری كەركوك چونکە تاوەكو ئێستا ئەوەی لە کەرکوک ماوە کە جێگای شانازی و بەختەوەری و ئوميد بێت بۆ کورد، زمانی کوردی و خوێندنی کوردیه.

لای خۆشیەوە‌ زەینەب ڕزگار حسیب كارگێڕی لقی كەركوكی یەكێتی قوتابیانی كوردستان ئەویش لەسەر ئەم بابەتە گوتی: زەنگی ڕۆشنبیری ھەروەك سەرجەم پڕۆژەكانی تری قوتابیان یەكێكە لە گرنگترین ئەو پڕۆژانەی كە لقی كەركوكی یەكێتی قوتابیانی كوردستان پێی ھەستاوە بە مەبەستی زیاتر گرنگیدان بە لایەنی ڕۆشنبیری قوتابیانمان لە شارەكەدا كە بەداخەوە لە دوای خیانەتی ١٦ـی ئۆكتۆبەر بە شێوەیەكی ئاشكرا ھەوڵی لەناوبردنی سەرجەم موقەدەسیەكانی كورد دراوە خوێندنی كوردی لەم ھەوڵە بێبەش نەكراوە ھەر بۆیە گرنگیدان بۆ ھێشتنەوە و زیاتر بەرەو پێش بردنی خوێندنی كوردی و برەو دان بە لایەنی ڕۆشنبیری گەنجان و قوتابیانمان بە ئەركی سەر شانی خۆمان دەزانین ھەر بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەی “زەنگی ڕۆشنبیری” لە ناوەندەكانی خوێندن و پەیمانگا پیشەییەكان پێشوازیەكی باشی لێكرا لەلایەن گەنجان و قوتابیانمانەوە بەو ھیوایەی گەنجان و كچانی پێگەیشتوومان زیاتر گرنگی بە لایەنی ڕۆشنبیری و لایەنی فكری خۆیان بدەن بە خوێندنەوە تاكو كۆمەڵگەی كوردی و تاكی كورد و نەوەكانی دواڕۆژ لە كوردستان بە گشتی و كەركوكی دڵی كوردستان بەتایبەتی نەوەیەكی تەواو پێگەیشتوو و ڕۆشنبیر بێتە بوون. ھاوكات وەكو لقی قوتابیانی كەركوك ھەمیشە خۆمان بە خزمەتكاری چینی قوتابی دەزانین و بەردەوام دەبین لە خزمەتكردن كارەكانی ڕابردوو شاھێدن لەسەر خەمخۆری و ھەست كردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە خوێندنی كوردی و قوتابیانمان لە دڵی كوردستان.

ئەحمەد سیروان، سەرپەرشتیاری ناوچەی پیشەیی و پەیمانگاکان دەلێت: لە ئێستادا گەیشتووین بە قۆناغی کۆتایی و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە هەنگاوی کرداری گەیاندنی کتێبەکان بۆ ناوەندەکانی خوێندنی کوردی دەنێن،هاوکاران و دڵسۆزانی ئەم پڕۆژەیە لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە و لە زۆربەی چین و توێژەکانی نێو کۆمەڵگە پێک هاتوون،داواکارین لە توێژی قوتابیانی ئازیزی شاری کەرکوک، گرنگی بە خوێندنەوە بدەن لە پێناو پێشکەوتنی خودی خۆیان، وە کتێبەکان بە پارێزراوی بهێڵنەوە و هانی قوتابیانی هاوڕێیان بدەن کە دەست بە خوێندنەوە بکەن، وە سوود لە کتێبەکان وەربگرن، بە هیواین لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە توێژێکی خاوەن زانست و ڕۆشنفکر بۆ کۆمەڵگە درووست ببێت و ببنە هۆکاری گۆڕانکاری ئەرێنی بۆ نەتەوە و وڵات.

شیڤان عبدالرحمن
ئەحمەد سیروان
زەینەب ڕزگار