خەبات: عەلی بانیشاری:- لەسەر داواكاری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە و بەمەبەستی چارەسەركردنی “دارگوێزە نەخۆشەكان” لیژنەیەكی پسپۆڕ لە بواری نەخۆشییەكانی دار و درەخت لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق سەردانی هەورامان دەكات. بەڕێوەبەری بەشی باخداری لە كشتوكاڵی هەڵەبجە پێیوایە، هێنانی شەتڵ بەبێ كەرەنتینە بۆ ناوچەكە هۆكاری سەرەكییە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە. بۆ دیاریكردنی جۆری نەخۆشییەكە كشتوكاڵی هەڵەبجە چاوەڕوانی ئەنجامی پشكنینی ئەو نمونانەیە كە لیژنەیەكە لەگەڵ دەستی خۆیان بردوویانەتەوە بۆ بەغدا.

بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، ئەو نەخۆشییەی لە نێو دارگوێزەكانی ناوچەی هەورامان بڵاوبووەتەوە نەخۆشییەكەی كەڕووییە، بەڵام جۆری كەڕووەكە و سەردەمەكەی تاوەكو ئێستا دیار نییە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (خەبات) نەخۆشییەكە سەرەتا لە رەگی دارگوێزەكان دەدات و دواتر بۆ بەشەكانی دیكە دەگوازرێتەوە و لە ماوەی چەند ساڵێكدا قۆناغ بە قۆناغ لاوازی دەكات و دواتر بەتەواوی دارگوێزەكە وشك دەكات.

نەجمەدین عومەر، بەڕێوەبەری بەشی باخداری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە بە (خەبات)ـی گوت: چەند ساڵێكە نەخۆشی لە نێو دارگوێزەكانی هەورامان بڵاوبووەتەوە و بە دروستی سەرچاوەی نەخۆشییەكە دیار نییە، بەڵام پێمان وایە هێنانی شەتڵ بۆ سنوورەكە بەبێ كەرەنتینە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە.

گوتیشی: نەخۆشییەكە لە خاكی ناوچەكەدا بڵاوبووەتەوە و لە رەگی دارگوێزەكانی داوە و تائێستا وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوو هەڵمەتی بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامداوە، جارێك تیمی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە چوونەتە ناوچەكە و گوند بە گوند گەڕاون و دەرمانی پێویستان داوە بە خاوەن باخەكان، جارێكی دیكەش هەر بەڕێوەبەرایەتی دەرمانی داوە بە خاوەن باخەكان.

ئەو دەڵێت: ئەو نەخۆشییەی بڵاوبووەتەوە راستەوخۆ دارگوێزەكە وشك ناكات، بەڵكوو بە چەند ساڵێك و قۆناغ بە قۆناغ لاوازی دەكات و پاشان دارەكە وشك دەبێت، هەر كە نەخۆشییەكە دای دارگوێزەكە بڕی بەرهەمەكەشی كەم دەكات. دەشڵێت: نەخۆشییەكە شتێك نییە كۆتایی هاتبێت، بەڵكوو ئەمە سەرەتایەكە و دەبێت هەوڵبدرێت رێوشوێنی پێویست بۆ ئەو مەبەستە بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی زیاتر خاوەن باخەكان زەرەمەند نەبن.

بەڕێوەبەری بەشی باخداری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە باسیلە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە كرد و گوتی: ئەم نەخۆشییە لە رێگەی هەواوە بڵاونابێتەوە و زوو تەشەنە ناكات و لە گوندێكەوە بۆ گوندێكی دیكە بە ئاسانی بڵاونابێتەوە. پێشیوایە، هۆكارەكەی گواستنەوەكە لە رێگەی ئاودێرییەوە بێت.

بەشی باخداری كشتوكاڵی هەڵەبجە هیچ ئامارێكی لەسەر ژمارەی ئەو دارگوێزانە لانییە كە بەهۆی نەخۆشیەكەوە لە چەند ساڵی رابردوودا وشكبوون. بەڵام وەكو بەڕێوەبەری ئەو بەشە ئاماژەی بۆ كرد، ژمارەی ئەو دارگوێزانە ساڵانە تووشی نەخۆشی كەڕوو دەبن روو لە زیادبوونە.

ئاماژەی بەوەشدا، هەفتەی رابردوو لیژنەیەكی پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی دار و دەرخت لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقەوە سەردانی هەورامانیان كردووە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە دارگوێزە نەخۆشەكان بكەن. روونیشكردەوە: لیژنەكە 30-40 نمونەیان لە رەگ و قەد و گەڵای دارگوێزە نەخۆشەكان وەرگرتووە و بردوویانە بۆ بەغدا تا لە تاقیگەی خۆیان لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەن و جۆری نەخۆشییەكە بۆ ئێمە دەستنیشان بكەن و چارەسەری گونجاویشی بۆ دیاری بكەن.

هەروەها گوتیشی: چاوەڕێ دەكەین كەمتر لە مانگێك ئەنجامی پشكنینەكان دەربچن و لیژنە لە ئەنجامەكان ئاگادارمان بكەنەوە، نەجمەدین عومەر دڵنیایە لەوەی ئەو نەخۆشییەی تووشی دارگوێزەكان بووە “نەخۆشی كەڕوو”ە، بەڵام جۆری كەڕووەكە و سەردەمەكەی دیار نییە.

بەپێی ئاماری ساڵی 2014ی بەشی باخداری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە، لە باخەكانی هەورامان و سەرگەت و ئەحمەدئاوا و هاوار و گریانە كە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەدان نزیكەی 110 هەزار دارگوێز هەن.