خەبات: ڕۆستەم خامۆش:- وەک ئاشکرایە ئه‌ده‌بی منداڵانی کورد، کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە و قسەو باسی لەبارەوە کراوە، بۆیە ئێمە به‌ ئه‌ركی خۆمانی ده‌زانین گرنگی پێ بده‌ین و بەجددی ئاوڕی لێبده‌ینه‌وە. هه‌نگاومان بۆ ناوه‌ تا ئەدەبی منداڵانی کورد به‌ره‌وپێش بچێ و بگاته‌ لوتکە. سه‌باره‌ت به‌م باسه ‌و گفتوگۆ و قسه‌ی زۆرتر لەباره‌ی ئه‌ده‌بی منداڵان، بەپێویستمانزانی ئه‌م دیمانه‌یه‌‌ له‌گه‌ڵ خاتوو شیلان گەیلانی شاعیر ساز بكەین.

* دەستپێکی شیعر نووسینت بۆ منداڵان، دەگەڕێتەوە بۆ کەی؟
– سەرەتا ڕێز و خۆشەویستیم هەیە بۆ تۆ و سەرجەم خوێنەرانی هێژا و ئەو کەسانەی دڵسۆزی فەرهەنگ و ئەدەبی منداڵانی وڵاتن. نووسین بۆ منداڵانم لە ساڵی (١٣٧٥) ی هەتاوییەوە دەستپێکرد. دواتر مامۆستا (شەریف حسەین پەناهی) شاعیر پێی گوتم شیعرە گەورەساڵانەکەت زۆر بەرزە. سەرەتا گەورەساڵ بنووسە، دەنا هەر بە شاعیری منداڵان دەتناسن. بەڵام لە ئەدەبی منداڵاندا بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات بۆشاییەکی سەیرم هەست پێکرد، بۆیە وەک دایکێکی بەرپرسی ئەم بەشە لە ئەدەبیات، قۆڵم لێ هەڵماڵی و یەکەمجار بابەتی منداڵانم لە چاپ دەرچوو.

* وەک دەزانین سادە نووسین نابێتە دەقێکی منداڵان، چونکە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی و مەرجی خۆی هەیە، بە ڕای تۆ تایبەتمەندیی شیعری منداڵان چییە؟
– سادە و ساکار نووسین یەکێک لە مەرجەکانی ئەدەبی منداڵان، بەڵام چەندین خاڵی گرینگیتر هەیە کە هەڵگری ئەدەبی منداڵانە، وەک (زمانی نووسین دەوری سەرەکیيە. زانستی دەروونناسی منداڵان. خوێندنەوەی ڕەسم و نیگار. زانستی پەروەردە و هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵ. سەرنج لەسەر کایە و یارییەکان. زانستی خواردنەکان. زانست لەسەر چیرۆک و زۆر خاڵگەلی گرینگی خێزانی. دەبێ نووسەری بواری منداڵان هەموو هەوڵەکانی بخاتە گەڕ هەتا بابەتێکی تێر و تەسەل بخولقێنێ و کار بکاتە سەر منداڵ. نووسەری بواری منداڵان دەبێ ڕۆحی منداڵانەشی بەهێز بێت. بە پێی زانستی ڕۆژ نوێ بێتەوە و نوێنووس بێت.

* چەند پێناسەیەکی جودا بۆ ئەدەبی منداڵان کراون، بەڵام تۆ وەک شاعیرێکی بواری منداڵان، چۆن پێناسەی ئەدەبی منداڵان دەکەی، یان کام لە پێناسەکان زیاتر بە پەسەند دەزانی؟
– ئەدەبی منداڵان دیاردەیەکی مەزنە، کە یەکەمین کەرەستەی زمانە. زمانەکەی دەبێ لە ئاستێکدا بێت کە لەسەر منداڵ کاریگەری بێت و باری دەروونی منداڵ بخاتە گەشە و ئامادەی کات بۆ دنیایەکی نوێ و جوان. ئەوروپییەکان ساڵی(١٩٦٠) ئەدەبی منداڵانیان لە گەورەساڵ جیا کردەوە.

* جیهانی منداڵان پڕە لە نهێنی، کێن ئەوانەی دەتوانن لەو نهێنییە تێبگەن؟
– دایکێکی لێزان، شاعیر و نووسەری بیرمەند و بە ئەزموون. منداڵ کە بابەتێکی ئەدەبی بە دڵ بێت، ڕای خۆی دەردەبڕێت و بەشێک لە شاراوەکانی دەر دەکەوێ. نابێ بۆ هەڵەکانی سەرکۆنەی بکەین و بە هێمنییەوە لەگەڵی بجووڵێینەوە، هەتا نەترسێ و شاراوەکانی کەم بێتەوە.

* ئەو بەرهەمانەی بۆ منداڵان چاپتکردووە چین؟
– تا ئێستا (٨)بەرهەمم بۆ منداڵان چاپکردووە، کە ئەوانەن: (ماسیخۆرەی داوباز، شانۆیەشیعر، وەرگێڕان لە فارسییەوە.٢ بیرەوەری گەڵاکان، چیرۆک. شوێنەکان، شیعر. ماشینەکان، شيعر، وەرگێڕان لە فارسییەوە. فریشەی ددان، شيعر. دیارییەکان دایە، شيعر. ئۆلەمپیادی گیانداران، شانۆیەشیعر. پیشەکان، شيعر.)

* جیا لە نووسین بۆ منداڵان، بۆ گەورەساڵانیش دەنووسی، دەپرسین بۆچی زۆربەی شاعیر و نووسەرانی کورد، بۆ هەردوو بوارەکە دەنووسن، کەمتر شاعیر و نووسەرانی ئێمە، خۆیان تایبەت کردووە بۆ منداڵان؟
– بە باوەڕی ئێستام کارێکی جوانم نەکردووە کە وەک چۆلەکە هەردەم بە بەسەر لقێکەوە بازم هەڵداوە. وەرگێڕان و وتاریشم بۆ گەورەساڵ نووسیوە.
شاعیری منداڵ یان گەورەساڵ دەبێ تایبەت بەو بوارە بنووسێت و پسپۆڕی لە بوارێکدا وەرگرێ هەتا لە کارەکەیدا سەرکەوتن بەدەست بێنێ، چونکە ئەو تێکەڵاو نووسینە بە دەگمەن جیهانگر و گشتگیر دەبێ. بەو گەنجانەی تازە دەستیان بە نووسین کردووە دەڵێم یەک بەش لە ئەدەبیات هەڵبژێرن.

* هەر چەندە دەگوترێ چیرۆک خوێندنەوە سوودی زۆرە بۆ منداڵان، چیرۆک یەکێکە لە ژانرە کاریگەرەکانی ئەدەب، بەڵام ئەوەندەی کە شیعر نووسراوە و دەبینرێ، ئەوەندە چیرۆکی نووسراو نابینرێ بۆ منداڵان، بەڕای تۆ هۆکار چییە؟
– دەگەڕێتەوە بۆ ئەشق و زانستی نووسەری منداڵ. من خۆم زەوقم زیاتر لە شیعردایە و پێموایە منداڵ شیعر لەبەر دەکا و بە دەگمەن لە بیری دەکا، بەڵام بۆ چیرۆک وا نییە. کەچی بەپێی جیهانبینی ئەمڕۆی ئەدەبی منداڵان چیرۆک کاریگەریی زیاترە و ئێمەی نووسەر دەبێ زیاتر بواری پێ بدەین.

* جگە لەوەی شیعر و چیرۆکت بۆ منداڵان نووسیوە و خاوەنی (٨) بەرهەمی چاپکراوی، کاری وەرگێڕانیشت کردووە، هەر چەندە کەلتووری نەتەوەکان لێک جودان، ئایا دەکرێ هەموو بابەتێک وەربگێڕدرێ بۆ سەر زمانی کوردی؟
– نا… ناکرێ، کتێب و بابەتە منداڵانەکان دەبێ لە کلتووری ئێمەوە نزیک بێ. وەک داری (بائۆبا) لە وڵاتان، بۆ منداڵی ئێمە زەحمەتە ئەو دارە بناسێت مەگەر بۆ تەمەنی تازەلاوی کە دنیای لەگەڵ پێشوویدا گۆڕاوە و پێویستی بە ناسینی جیهانی دەرەوەیە.

* بیرتان لەوە نەکردووەتەوە کە هەندێ دەقی بۆ منداڵ نووسراوی کوردیی وەربگێڕن بۆ سەر زمانی نەتەوەکانی دیکە بەڵکو ئەوانیش ئاشنا بن بە ئەدەبیاتی منداڵانی کورد؟
– ئەوە شتێکی ڕوون و ئاشکرایە کە هەموومان پێمان خۆشە، وڵاتان نەتەوەکەمان لە ڕێگەی هونەر و ئەدەبیاتەوە باشتر بناسن، بەداخەوە هەلی وامان بۆ ناڕەخسێ، بەڵام وەک پێشنیار بیرێکی جوانە بۆ داهاتوومان، بەڵام بڵاوکردنەوەکەیشی زەحمەتە بۆ وڵاتان.

* لە ناوەڕۆکی شیعر و چیرۆکەکانت بۆ منداڵان، زیاتر گرنگیت بە چی داوە، یان ئامانج و پەیامت چییە لە نووسین بۆ منداڵان؟
– ئامانجەکان هەمەڕەنگن، دەبێ هەموو بوارەکانی خێزانی و پەروەردە و گەمە و یارییەکان و خواردنەکان و جل و بەرگی کوردی و هتد…ی تێدا بێ. منیش ئاماژەم کردووە بە کتێب خوێندن ناوی ماشینەکان و هۆکاری بەکارهێنانی لە شانۆیەکمدا باسی وەحدەت و یەکڕیزیم کردووە.

* زۆر جار گوێمان لێدەبێ، یان دەخوێنینەوە کە دەڵێن: ئەدەبی منداڵانی کورد، هێشتا وەک پێویست بەرەو پێش نەچووە، ڕای تۆ چییە؟
– وایە هێشتا زۆرمان ماوە سەرکەوین، چونکە بە شێوەی تەخەسوسی، واتە: پسپۆڕی لەسەر ئەم ئەدەبە مەزنە کە بنەمای ئەدەبیات و ڕێخۆشکەرە بۆ گەورەساڵی کارمان نەکردووە و بەتایبەت وەک باسم کرد هەم بۆ گەورەساڵ دەنووسین هەم منداڵ، بۆیە ئەدەبی منداڵان لاواز دەبێ.

* ئەوەندەی کتێب و گۆڤاری تایبەت بە منداڵانت خوێندبێتەوە، هەست دەکەی دەقی داهێنەرانەت دیوە، یان دوور لە سواویی بێ و نوێگەریی پێوە دیار بێ؟
– بەداخەوە نەمانتوانیوە داهێنەر بین لە ڕێبازی نوێی جیهانیدا، بەڵام (شێل سیلوێر ئستاین) ئەو ڕچەی شکاندووە.

* هەندێ شیعر و چیرۆک دەبینین بە زمانی منداڵ نەنووسراون، بەڵام نووسەرەکان ناویان لێناون بۆ منداڵان، چۆن ڕێیان بە خۆیان داوە بڵێن بۆ منداڵانە،یان ناشارەزان لەگەشەی قۆناغەکان و پەروەردە و دەروونزانیی و ئەدەبی منداڵان؟
– ناشارەزان. ئەو کەسانەی کە ژمارەی گشتی بۆ ڕێپێدانی چاپ دەدەن، دەشێ کارناس و پسپۆڕی منداڵان بن. هەتا لەسەر تایبەتمەندییەکان ئەدەبی منداڵان دڵنیا نەبن نابێت ڕێ بە چاپدانی بدەن ئەوە غەدرێکی گەورەیە بۆ منداڵان، کە ڕێی بەچاپدانی بەرهەمی لاواز و نەشیاو دەدەن.

* تا چەند پێویستە هەموو دەقێکی منداڵان، لە کتێب و گۆڤار، وێنەی لەگەڵدا بێ؟
– وێنە بۆ منداڵ دەورێکی هەرە گرینگ دەگێڕێ. چونکە خولۆقەتی منداڵ زیاتر دەکەوێتە سەر ڕەسم و وێنە. وێنە هەستەکانی منداڵ دەخاتە
سەر بیر و هزری و گەشەی پێدەکا وایشیلێدەکا قەڵەم هەڵگرێ و خۆی بیکێشێتەوە، لە پاش زمان وێنە باشترین کاریگەریی هەیە.

* لە نێو ئەدەبی منداڵانی کورد، کەمتر دەقی شانۆیی و ڕۆمانی مێرمنداڵان نووسراون، هۆکار چییە؟
– بەداخەوە وایە. چونکە شارەزامان لە بواری شانۆدا کەمە. شانۆ هەستی بڕوا بەخۆبوون لە منداڵاندا دەگەشێنێ و شەرم و خەجاڵەتی لاواز دەکا. منداڵ خۆی لەو کەسایەتییانەدا وێنا دەکا و جار وایە بڵێسەیەکی هونەری دەخاتە مێشکیەوە بۆ داهێنان لە دواڕۆژدا.

پڕۆفایل:
• شیلان محەمەد عەلی، ناسراو بە شیلان گەیلانی.
• ساڵى ١٩٥٣ لە شاری سنە لە دایکبووە.
• لە ساڵی ١٣٧٥ ی هەتاویی دەستی بە نووسین کردووە بۆ منداڵان.
• هەشت کتێبی بۆ منداڵان چاپکردووە.
• خوێندنی سه‌ره‌تایی له (خوێندنگە‌ی وه‌فایی) له‌ سنه‌ ته‌واوكردووە.
• لیسانسی پەرەستاری لە شاری سنە و ساڵی (١٣٩٧)ی هەتاویی لیسانسی بەشی فەرهەنگی هەر لە سنە وەرگرتووە.
• ‌ساڵی (١٩٧٦) شووی كردووە.
• ساڵی(١٩٨٣) بە نابه‌دڵی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتیان به‌جێ هێشتووە و له ‌شاری (ئه‌راك) گیرساونەتەوە، بەڵام دوای پینج ساڵ گەڕاونەتەوە بۆ شاری سنە.
• لە قوتابخانەی دواناوەندی شاری (ئەراک)، دوو ساڵ مامۆستای وانەی پەرستاری بووە.
• شیلان گەیلانی، وەک پەرستارێک، لە شەڕەکەی (١٣٦٢)ی هەتاویی نێوان ئێران و عێراقدا، بە سەدان منداڵ لە شاری (ئەراک) لەسەر دەستی لە دایكبوونە.
• چەندین ساڵە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان وەک نووسەر کاری کردووە.
• بۆ بەشی منداڵان پێنج ساڵ لاپەڕەی منداڵ و تازەلاوانی بەڕێوە بردووە.