پارێزگاری هەولێر ئاشكرای كرد، لێژنه‌یه‌كی باڵا و پسپۆر بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی فۆڕمی شوقەی كرێچیان پێكهێنراوه‌ و دواتر به‌چاودێری داواكاری گشتی پرۆسه‌ی تیروپشك بۆ كرێنشینه‌كان به‌رێوه‌ده‌چێت.

بەپێی راگەیاندراوێكی پارێزگاری هه‌ولێر، ئەمرۆ 9/8/2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر لەگەڵ به‌رێوه‌به‌ری گشتی وه‌به‌رهێنان و سەرۆکی شارەوانی و به‌رێوە‌به‌ری گشتی شاره‌وانییه‌كان و به‌رێوه‌به‌ری نه‌خشه‌دانان و ئاوه‌دانی به‌رێوه‌به‌ری گشتی رێگاوبانی هه‌ولێر، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ دروستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ كرێنشین و كه‌مده‌رامه‌ته‌كان ئه‌نجامدا.

لە راگەیاندراوەكە هاتووە: “پارێزگاری هه‌ولێر جه‌ختی له‌سه‌ر خه‌مخۆری به‌رده‌وامی رێزدار سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ بۆ كاركردن له‌ پێناو خۆشگوزه‌رانی هاووڵاتیانی كه‌مده‌رامه‌ ت و كرێنشینان، بۆ ئه‌مه‌ش بیرۆكه‌ی ئه‌م پرۆژه‌ ستراتیژیه‌ی له‌ 10/6/2022 كرده‌ دیفاكتۆ و فه‌رمانی بۆ ده‌ركرد، هه‌ر دوای بریاره‌كه‌ش هه‌نگاوی كرداری نراوە به ‌رێگه‌ی ئۆنلاین هاووڵاتیان به‌ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری فۆرمه‌كانیان به‌پێ ئه‌و مه‌رجانه‌ی كه‌ دیاریكراوه‌ پڕكردەوە”.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر گوتیشی:‌ “كه‌ وه‌به‌رهێنره‌كانی ئەو شوقانە دیاری ده‌كرێن بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ پێویسته‌ زۆرترین مواسه‌فات به‌كه‌مترین نرخ بخه‌نه‌ روو، به‌جۆرێك نابێت موناقه‌سه‌كان له‌سه‌ر حیسابی كوالێتی یه‌كه‌كان بێت، چۆنكه‌ پرۆژه‌كه‌ بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌ ئه‌و كه‌سانه‌شی بۆیان ده‌رده‌چێت خه‌ڵكانی موسته‌هه‌قی ئه‌م هه‌رێمه‌ن”.

پارێزگاری هەولێر ئاشكراشی كردووە كه‌وا لێژنه‌یه‌كی باڵاو پسپۆر بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی فۆڕمه‌كان پێكهێنراوه‌” به‌جۆرێك دوای شه‌نوكه‌وكردنی ئه‌و ناوانه‌ی كه‌ موسته‌هه‌قن، به‌ چاودێری داواكاری گشتی پرۆسه‌ی تیروپشك بۆ كرێنشینه‌كان به‌رێوه‌ده‌چێت”.

لە راگەیاندراوەكە ئەوەش خراوە ڕوو،بریاردرا له‌ زوترین كاتدا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ ئه‌نجام بدرێ و په‌یوه‌نداره‌كانیش راسپێردران بۆ ده‌ستنیشانكردنی زه‌وی پێویست به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوونی دیاریكراو له‌ هه‌ولێری پایته‌خت.