كۆڕبه‌ندی ئابووری به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی نێوان به‌نگلادیش و هه‌رێمى كوردستان دەستیپێکرد و پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی بەنگلادیش هەنگاوێکی دروستە و ئاسانکاریی بۆ بازرگانەکانیان دەکەین.

ئەمڕۆ سێشەممە (9ی ئابی 2022) لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، کۆڕبەندی ئابووری نێوان به‌نگلادیش و هه‌رێمى كوردستان دەستیپێکرد و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند “وەك حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەین بۆ هەر کارێك و کار ئاسانییەك بۆ هاووڵاتیانی بەنگلادیش کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، چونکە ئەوان کەمترین کێشەیان هەیە و کارکردنەکانیان بەبێ گرفت تێپەڕاندووە و وەک حکومەت پارێزگارییان لێدەکەن بۆئەوەی بەردەوامبن لە کارەکانیان”.

.

پارێزگاری هەولێر، بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتان بە هەنگاوێکی گرنگی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەسفکرد و گوتی “لەکاتی جەنگی داعشدا بەشێک لە کۆمپانیاکان ناوچەکەیان جێهێشت، بەڵام ئێستا بەهۆی ئارامی دۆخەکەوە بەشێک لە کۆمپانیاکان و باڵیۆزخانەکانی وڵاتان کاردەکەن، بۆئەوەی لە هەرێمی کوردستان رۆڵیان هەبێت لە پرۆژە بازرگانییەکاندا”.

.

باسی لەوەشکرد، دروستکردنی پەیوەندی بازرگانی نێوان بەنگلادیش و هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی دروست دەزانن و دەبێتە بنەمایەک بۆ رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە.

لەو کۆڕبەندەکەدا ئامدی فزلول باری باڵیۆزی بەنگلادیش لە عێراق بەشداربوو.