خەبات: پەریهان عومەر:- یاریزان هێدی مەجید، لە ٢٠ساڵیەوە کارى وەرزش دەکات، ٢٠١٦ بەشی وەرزشی لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە، پێش ئەوەى بێتە نێو بواری وەرزش حەزی لە ڕاگەیاندن بووە، لە سەرەتای ٢٠٢٢ بووەتە وێنەگری وەرزشی، لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق و یەکێتی تۆپی پێی هەرێمی کوردستان.

لەبارەى شێوازى یاریکردن و بە ئەرشیفکردنى وێنەکان، یاریزان هێدى مەجید دەلێت: کە یاریزانەکان بازدەدەن تا کەلە لە تۆپەکە بدەن، جوانترین چرکەیە کە دەخوازم وێنەی بگرم، هەوڵدەدەم ئەو هەست و جۆش و خرۆشەی کە هەیە لە وێنەکاندا ڕەنگ بداتەوە، لە دوو مانگدا دوو هەزار وێنەم گرتووەو ئەرشیفم کردووە.

لە بارەى یەکەم وێنەگرى ئافرەت لەنێو یاریگادا هێدی گووتى: جگە لەوێنەگرتنى یاریزانەکان، زۆرجار وێنەی هاندەرەکانیش دەگرم، دڵخۆشم کە یەکەم وێنەگری وەرزشی ئافرەتم، هیوادارم ژنان بێنە ناو یاریگاکان و هانی یانە دڵخوازەکەی خۆیان بدەن.

لە بارەى شێوازى هاندانى ئاقرەتان بۆ ئەو بوارە، هێدى مەجید دەڵێت: دەبێت ژنان زیاتر بێنە ناو یاریگاکان چوونکە ٩٨٪ى یاریگاکان پیاون، حەزدەکەم ڕاگەیاندنکاری ژنیش بێنە ناو بوارەکە و پەرەی پێبدەن.