سه‌لام عه‌بدوڵڵا

لە وڵاتانی دیموکراتی هەڵبژاردن بۆیە دەکرێت بۆ ئەوەی پێگە و سەنگی حزبە جیاجیاکان و تەنانەت هێز و توانای رەوت و کەسایەتییە سەربەخۆکان بۆ جەماوەر دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی دەسەڵات و حوکمڕانی وڵاتی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو پێبسپێردرێت و کاروباری وڵات ببات بەڕێوە و ئەو بەرنامەیەی کە لە کاتی هەڵبژاردندا بەهۆیەوە جەماوەری پێ پەیدا کردووە و گەیاندویەتی بە دەسەڵات جێبەجێ بکات و بەڵێنەکانی بۆ خۆشگوزەرانی و ئارامی و بەرەوپێشەوەچوون و چەسپاندنی زیاتری دیموکراسی دەستەبەر بکات و مافی تەواویش بداتە ئۆپۆزسیۆن کە کاری ئاسایی خۆی ئازادانە لە پەرلەماندا بێ گرفت بکات.

بەڵام لە ماوەی ئەم نۆزدە ساڵەدا و دوای رووخانی رژێمی دیکتاتۆری ، ئەم پرۆسەیەمان لە عێراقدا بەوجۆرە دەخوازرا و بەڵێن درابوو نەبینی و لەباتی ئەوەش هەر لایەنێک دەسەڵاتی گرتبێتە دەست، تەنیا خەمی خۆی و حزبەکەی بووە و رۆژ لەدوای رۆژیش پاشەکشەی بە مەسەلەی دیموکراسی و خۆشگوزەرانی خەڵک کردووەو جێبەجێکردنی دەستووری عێراقی پشتگوێ خستووە کە بارودۆخەکەی بەم دۆخەی ئێستا گەیاندووە.

وا بۆ 10 مانگ دەچێت هەڵبژاردن کراوە و بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانیش هەڵبژاردنێکی تا ئاستێکی قبوڵکراو سەلمێنراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، دۆڕاوەکان ئەو ئەنجامەیان پێ قبوڵ ناکرێ و بە هەموو شێوەیەک بەربەست دەخەنە بەردەم دەستاودەستکردنی دەسەڵات و ناهێڵن ، بە پاساوی جیاجیا، کە براوەکان وەک مافی شەرعی خۆیان دەسەڵات بگرنە دەست و حکوومەت دابمەزرێنن، ئەویش بە کڕینی دەنگ و دەستێوەردان لە دادگا و هەڕەشەی میلیشیا، کە ئەم راپەرینە جەماوەرییەی بە ئاگا هێناوە کە ئەمانیش نایانەوێت ئەم زوڵمە قبوڵ بکەن و دووبارە وڵات بدەنەوە دەست گەندەڵکاران و تاقیکراوەکان، کە نموونەیەکی زۆر خراپیان لە حوکمڕانی لە عێراق نیشاندا لە سەرووی هەموویانەوە پێشێلی دەستوور و مافەکانی هەرێم، کە عێراقیان گەیاندە ئاستی خراپترین و گەندەڵترین وڵاتانی جیهان.

جا بۆئەوەی ئەم ڕاپەڕینە نەکەوێتە ژێر کاریگەری مەزهەب و ڕێڕەوی دیموکراسی خۆی بگرێتەبەر، باشترین چارەسەر پێکهێنانی حکوومەتە لەلایەن ئەو لایەنانەی براوەی هەڵبژاردن بوون، ئەویش بە گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر و ئیلغای بڕیاری دادگای باڵا سەبارەت بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمان بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆمار و لەمەودواش دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران، دەنا عێراق بەرەو ئاستێکی زۆر مەترسیدارتر دەچێت.