ئەحمەد عەبدولمەجید ٭
لە عەرەبییەوە: نووری بێخاڵی

یەکێک بووم لەو کەسانەی بۆ ڕزگارکردنی وڵات لەو شتانەی لە بەغدا ڕوو دەدەن، ئومێدیان لەسەر هەولێر هەڵچنیوە و بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە پیرۆزەش، زیاتر لە هەر کەس کە لە سەرچاوەی میانڕەوی نیشتمانی ڕادەبینن، لە شایستەترین لایەندا بینیم.

سێ ڕۆژ بەدواداچوونی ورد بۆ پەرەسەندنی بزووتنەوەی جەماوەری و سیاسی لە بەغدا، بەس بوو بۆ ئاراستەکردنی تێڕوانینم بەرەو ئەم سەرچاوەیە. سەرچاوەیەکی بەتوانا و ڕاستگۆ و متمانەپێکراو، کە لە قەیرانەکانی پێشوودا ئەزموونم کردبوو.

دەرگایەکم لەو سەرچاوەیەدا بۆ کردنەوەی ئەو داخراوییە سیاسییە بینی، کە بەهۆی ئەو میزاجە کەسییەی دۆخی گشتی پێی ناسراوەتەوە و لەناو شەپۆلی یەکتر تۆمەتبارکردندا و لە فەزایەکی تەماوی یان داخراودا، لە بری گەڕان بەدوای چارەسەر، جگە لە ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە، هیچی دیکەی نەکردووە.

لە کاتێکدا پرۆسەی سیاسی زۆر پێویستی بە داوەریکردنی عەقڵ و لەئەوقدانی هەڵچوونە، کەچی کە دەستپێشخەریی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانم بیست، متمانەم چەند هێندە زیادی کرد و هیواکانم گەشەیان کرد و ئەو قسەیەی شافعی هێنامەوە یاد “دنیامان لێ تەنگ دەبێت و پێمانوایە بێ هیوا و بەگریانەوە دەمرین، کەچی لەپڕ خوا میهرەبانیی خۆیمان بەسەردا دەبارێنێت و وەک ئەو سەوزاییەی وشک دەبێت و وا دەزانین جارێکی دی ناژیێتەوە، زیندووی دەکاتەوە.”

گرنگیی دەستپێشخەرییەکەی بارزانی لەوەدایە کە ڕوون و نەرمە و هەر دادپەروەرێک، یان کەسێک کە بەدوای ڕێگایەکدا بۆ ڕزگاری دەگەڕێت، دەتوانێت لە ڕەهەند و ناواخنەکانیدا تێ بگات.

دەستپێشخەرییەکە دوورە لە دروشم و گوتاری دووبارە و بێزارکەر، ڕاستیی شتەکان بە جەختکردنەوە لەسەر سەرکەوتنیان هەڵدەبژێرێت. لە حاڵەتێکدا ئەگەر لایەنەکان بەدەنگیەوە بێن، وەک ئەوە وایە پشت بە وتەکەی ئیمام عەلی بن ئەبی تالیب ببەستن “ھەر کەسێک بۆچوونی خەڵک لەسەر ڕای خۆی وەرگرێت، دەزانێت ھەڵەکە لە کوێیە.”

لە خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ دەستپێشخەرییەکە، توانیم بگەمە ئەم دەرەنجامەی خوارەوە:

1- نێچیرڤان بارزانی شته‌كانی به‌ناوە نیشتمانییەکەی خۆیان ناو بردووە و گرووپەکانی به‌ (لایەنە‌ عێراقییه‌كان) وه‌سف كردووه‌. بۆیە دروسته‌ کە ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ به‌ (زێڕین) وه‌سف بكرێت.

2- نەخشەی کورتترین و باشترین ڕێگاکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی ئێستا لە ڕێگای دیدار و دیالۆگەوە کێشاوە. ئەمە ئەو ناونیشانە فراوانەی عەقڵانیەت و حیکمەتە، کە لە ساتەوەختە مێژووییە چارەنووسسازەکاندا دەردەکەوێت و تایبەتمەندی و خەسڵەتی کەسانی نیازپاک و خاوەن عەقڵی ڕۆشنگەرە.

3- بە ئامانجی خۆپاراستن و نەگەیشتن بە خاڵی پاشگەزنەبوونەوە و داڕمان و ڕۆچوونە ناو دەریای خوێن، هانی ددانبەخۆگرتن دەدات. بۆیە هانی لایەنە عێراقییەکان دەدات بۆ (ئەوپەڕی ددانبەخۆداگرتن و چوونە ناو دیالۆگێکی ڕاستەوخۆ لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان). لێرەشدا حیکمەتی بارزانی و پاکی ویژدانەکەی ڕوون دەبێتەوە، ئەو داوای دیالۆگی ڕاستەوخۆی کرد و وردبینیش لە وەسفکردن بۆ دانانی میکانیزمەکان و دیاریکردنی ئەنجام و کاتەکانیدا، بە سوود، تەنانەت پێویستیشە.

4- بارزانی له‌بەر ڕۆشنایی بارودۆخە هه‌ستیارەکاندا، مەترسیی ئاڵۆزترکردنی کارەکانی وەبیری (لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان) هێنایه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌و ڕەفتارەی کە ڕەنگە خەسڵەتی نیاز و گومانەکانی هەندێک کەس بێت، ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاسایش و سه‌قامگیریی له‌ وڵاتدا ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە و ئەو لەم قسەیەیدا کەس هەڵاوێر ناکات و لایەنگری کەسیش ناکات. بۆیە پایەی گرنگ لە هەر دەستپێشخەرییەکی لەم جۆرەدا و بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی کەشی ئارام و متمانە لە نێوان لایەنەکاندا، زۆربەی جار لە دەستەبەرکردنی لایەنی سێیەمی بێلایەندا ڕەنگ دەداتەوە، واتە لایەنی باوکانە.

5- بارزانی لەبەر ڕۆشنایی عێراقێكی فرەیی هەمەڕەنگدا و بە گوتنی ڕێزگرتن لە ئیرادەی خۆپیشاندانی ئاشتییانەی جەماوەر، هاوكات جەختکردنەوەی لەسەر گرنگیی پاراستنی دامودەزگاكانی دەوڵەت و ئاسایش و ژیان و ماڵی هاوڵاتیان و کارمەندانی دەوڵەت، جەختی لەسەر نەگۆڕە دەستوورییەكان كردەوە. ئەمەش کلیلێکی دیکەیە بۆ تێگەیشتن لە ڕۆحی بارزانی، کە خۆی لە لایەنگری، ناڕوونیی، پێچکردنەوە و بازدان بەسەر ڕاستییەکان، یان نائامادەیی نەگۆڕەکان، دوور دەخاتەوە.

6- دەستپێشخەرییەکەی بارزانی، عێراقیبوونی ڕەسەن و باوەڕی خۆی بە گرنگیی دەرککردن بە پێگەی خەڵک لە هەر پێشینەییەکدا، نیشان دا. ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گەلی عێراق شایستەی ژیان و ئێستا و دواڕۆژێکی باشترە، بەشێوەیەکی ناڕستەوخۆش ددانی بەوەدا نا کە ململانێ و سیاسەتی من باڵگەلم هەن و دەستگەیشتن بە ئیمتیاز، دەرفەتەکانی پێشکەشکردنی دەستکەوتی بەرجەستە لە هەموو کەرتەکاندا بەم گەلە کە هاوشانی قوربانیدان و شکۆمەندییەکەی بێت، لەدەست دا.

بارزانی لە دەستنیشانکردنی نهێنیی كه‌موكورتییە‌كان و لەوەی کە (ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی هاوبه‌ش)ی خستە ئەستۆی هەموو لایەن و هێزەکان و خستنیە بەردەم پڕۆژەی چارەسەری سەرچاوەگرتوو لە (بەیەکەوە کارکردن بۆ دەربازکردنی عێراق لەو دۆخە هەستیار و مەترسیدارە)، زۆر دروست ئامانجەکەی پێکا.

سەبارەت بە ڕەهەندی حەوتەمی ناو دەستپێشخەرییەکەی بارزانی، کە دیدێکی واقیعیانە و شیکردنەوەی قووڵی بابەتەکان لەخۆدەگرێت، خۆی لە هەڵبژاردنی جێگا یان شوێنی گفتوگۆی چاوەڕوانکراو دەبینێتەوە، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان لە یادەوەریی و ویژدانی ئەوانەی لە نیسانی ٢٠٩٣ەوە جڵەوی دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە، سیمبۆلێکی تایبەتە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە داڕشتنی ڕەوانبێژیی وشەکانی و ناونیشانەکانی لقەکانی دەستپێشخەرییەکەی، وردبین بوو، وەک ئەوەی گوتی (هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بەشێک دەبێت لە چارەسەر). بەو واتایەی کە ئامادەیی پێداچوونەوە و بەدواداچوون و کاری هاوبەشی لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە تێدایە کە هەوڵ دەدەن بچنە سەر مێزی گفتوگۆ و بەربەستەکان لەبەردەم خاڵە ناکۆکەکاندا لاواز بکەن و تێک بشکێنن و هه‌ولێری پایته‌ختی دووه‌می عێراقی بۆ لەباوەشگرتنی دیدار و كۆبوونه‌وه‌ مێژووییه‌كه‌ و ده‌ستپێكردنی گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ به‌ ئامانجی گه‌یشتن به‌ لێكتێگه‌یشتن و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی وڵات، دەستنیشان کرد.

بەمەبەستی گەرەنتیکردنی چانسی سەرکەوتن و کردنەوەی دەرگای ئومێد بە ڕووی هەموو لایەکدا، بارزانی بەو هاوسەنگی، هێمنی، دڵسۆزیی نیشتمانی و ئارامییەی پێی دەناسرێتەوە، قسەکەی لەوەدا کورت کردەوە کە “هیچ کێشەیەک نییە کە بە دیالۆگ چارەسەر نەکرێت.”

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، خودی خۆم بۆم دەرکەوتووە کە جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەمیشە قسەکەرێکی خانەدان و متمانەپێکراو بووە، وەک چۆن لە بەرجەستەکردنی هێماکانی ئەزموونێکی گەشەسەندنی ناوازە کە لە جیهاندا چاوی لێ دەکرێت، هەڤاڵێکی پابەندی بێ چەندوچوونی سەرکردایەتییە کوردییەکەی بووە.

ئایا لایەنەکانی ئەم ململانێیەی ئێستا، لە کەلی وەهمەکانیان دادەبەزن و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەچنە هەولێر و بە سفرکردنەوەی کێشەکان لەسەر ئەو بنەمایەی، کە نە براوە و نە دۆڕاو هەیە و کاتێک وڵات سەلامەت بێت و خەڵکەکەی لە ئاسایش بەرخورد دەبن، هەمووان سەرکەوتوون، دەگەڕێنەوە بەغدا؟

ئەوانە ئامانجەکانی دەستپێشخەرییەکەی بارزانین. ئەو ئامانجانەی لە کەوتنە ناو پێل و گەرداوی دەریای تاریکییەکاندا دوورمان دەخەنەوە. من ئەم قسەیەم بە ڕێچکەگرتنی فەرموودەکەی پێغەمبەر (د.خ) کە دەڵێت “قسەی حەق نە ڕزق و ڕۆزیێک دەبڕێت و نە مردنێک وەپێش دەخات.” دەکەم!

* سەرنووسەری رۆژنامەی الزمان