ساڵح محەممەد عێراقى، کە بە وەزیرى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر ناسراوە، سوپاسى خۆپێشاندانی لایەنگرانی سەدر دەکات و دەڵێت: “پەیامەکەتان خۆڕسکانەی چاکسازییە و کەسانێک هەن کە پیلانگێڕیتان لە دژ دەکەن”.

رۆژی 27ى تەممووزى 2022 ساڵح محەممەد عێراقى لە پەیامێکدا بۆ خۆپێشاندەران دەڵێت: “بەڕێزەوە رادەوەستم، خۆپێشاندانەکانتان پەیامێکى خۆڕسکانەى میللی چاکسازییە و سوپاستان دەکەم”.

وەزیرەکەى موقتەدا سەدر ئاماژەى بەوە داوە کە کەسانێک هەن پیلانگێڕی لە دژى خۆپێشاندەران و سەلامەتییان دەکەن و دەڵێت: “لە هەموو پرسێک گرنگتر ئەوەیە، کە ئەگەر ویستتان پاشەکشێ بکەن رێز لەو بڕیارەتان دەگرم”.

ژمارەیەک لە لایەنگرانى رەوتى سەدر لە بەغدا لە دژى بەربژێرکردنى محەمەد شیاع سوودانى، لەلایەن چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران دەستیان بە خۆپێشاندان کرد، دواتر بەربەستە کۆنکرێتییەکانی ناوچەی سەوزیان بڕی و چوونە نێو باڵەخانەى پەرلەمانى عێراق لە ناوچەى سەوز.