ئەمڕۆ یەکشه‌ممە 24.7.2022  بەسەرپەرشتی بەرێز ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، بۆ بەدوا داچوون بە بڕیار و راسپاردەکانى کۆبوونەوەى پێشوو و چارەسەرییەکانى کێشە و گرفتى کەم ئاوی و وشکەساڵى، کۆبونەوەیەک ئەنجامدرا.
سەرەتاش جەخت لەسەر هۆکاری راستەقینەی شکانی یەک لە دوای یەکی ئاوی ئیفرازی سیێ کرایەوە و بە وردەکاریەوە لە هۆکارو چارەسەرییەکان کۆڵدرایەوەو پەنجە لەسەر خالە لاوازەکان دانرا…
لەکۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر وێرای خستنە رووی کێشەی راستەقینەی هاوڵاتیانی هەولێر ، هاوکات سوپاسى ئامادەبووانى کرد بەرامبەر هەوڵ و ماندووبوونیان لە کارو ئەرکیان، وەک یەک تیمی کارکردن .. لە کۆبوونەوەکەدا ئەوە دووپاتکرایەوە، کە پێویستە چارەسەرى ڕیشەیی بۆ شکانى بۆڕییەکان بدۆزرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئاسانکارییەک لەلایەن رێزدار سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان خراوەتە ڕوو.
لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى کۆنتڕۆڵکردنى گرفتى کەم ئاوى کرا، لەم ڕووەشەوە تاکو وەرزى گەرما بەکۆتادێت بەردەوام بوونى گەیاندنى تەنکەرەکانى ئاوى پاک بۆ هاوڵاتیان و زیادکردنی ئەو تەنکەرانە دووپاتکرایەوە…..
جێگه‌ى باسه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هەریەک لە قائیمقامی ناوەند و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆكانی هه‌رێم و بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر و بەرێوەبەرى گشتى شارەوانیەکان و بەڕێوەبەرى ئاوى ژێرزەوى و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری EJCC/ پارێزگاى هه‌ولێر و جێگرى سەرۆکى شارەوانى هەولێر و به‌رپرسی مولیده‌ ئه‌هلییه‌كان ئامادەی بوون.