سەلام عەبدوڵڵا

کاردانەوەی حکوومەتی عێراقی بەرامبەر تۆپبارانکردنی ناوچەی گەشتیاری (پەرەخ) لە زاخۆ، ئەمجارە گەرموگوڕتر و خێراتر و ڕاشکاوانەتر بوو بەرامبەر تورکیا کە هیوادارین تەنیا لەبەر ئەوە نەبووبێت کە شەهید و بریندارەکان گەشتیاری عەرەب بوون، چونکە لە هێرشەکانی پێشووتردا حکوومەت لە بەغدا بەوجۆرە کاردانەوەی توند و کتوپڕی نەدەبوو.

حکوومەتی هەرێم لە سەر ئاستی بەرزی حکومی و سیاسی هەر زوو ناڕەزایی خۆی بەرامبەر ئەو رووداوە دەربڕی.

پاساوی حکوومەتی تورکیا ، ئەگەرچی بە فەرمی تا ئێستا نکۆڵی لەو هێرشە دەکات، دەخاتە ئەستۆی بوونی pkk لەو سنوورانەی خۆیدا کە ئەوان بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەیان ناوزەدی دەکەن.

لەڕاستیدا بوونی pkk لەو سنوورانەدا، بۆتە مایەی سەرئێشەیەکی گەورە بۆ حکومەتی هەرێم و دانیشتووانی ناوچەکە و چۆڵکردنی زیاتر لە (500) گوند کە بە ناچاری ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتووە و زەرەر و زیانێکی گەورەی بە دانیشتووانی ناوچەکە گەیاندووە.

ئەمە لە کاتێکدا کە زۆر هەوڵیش دراوە بۆ ئەوەی pkk لەو سنوورانە دوور بخاتەوە، بەڵام بێ ئەنجام بووە.

بۆیە ئیدی ئەوە حکوومەتی عێراقە کە دەتوانێت بە هاوکاری حکوومەتی هەرێم، لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، وەکو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە تواناکانی خۆی بۆ چارەسەری ئەو گرفتە بخاتەگەڕ و ئاسوودەیی و ئارامی بۆ ئەو ناوچاونە بگەڕێتەوە و پاساو نەدا بە حکوومەتی تورکیا کە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەنجام بدات.

Pkk ش سەرپشکە چۆن گرفتەکانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بە چ شێوەیەک چارەسەر دەکات.

گرنگ ئەوەیە هەرێم نەکاتە مەیدانی شەڕ و پێکدادان، کە ماوەی زیاتر لە (30) ساڵە دوچاری ئەو ناوچە سنوورییانە کردووە و هیچ دەستکەوتێکیشی نەبووە.