لە بەغدا، مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد، لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە سنوورییەکان و دۆسیەی نەوت، هەردوولاش ڕێککەوتن له‌سه‌ر قووڵكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ کارکردن لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوبەش.

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 23ی تەمموزی 2022، بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆ له‌باره‌ی ته‌واوی دۆسییه‌ نیشتمانییه‌كان و ئەو پرسانه‌ کرا، کە بۆ ژیانی هاووڵاتیان گرنگن، هەروەها پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییەکان و ڕێگه‌كانی به‌رده‌وامیدان به‌ كاری هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوێ کران، به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه‌ ئاسایشی خۆراك بۆ ته‌واوی عێراقییه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات و به‌رده‌وامی به‌ دابینكردنی شایستەکانیان بدات و ژیانێكی سەربەرزانەیان بۆ گه‌ره‌نتی بكرێت.

لەبارەی پەرەپێدانی دۆخی ئابووری و تێپەڕاندنی ئاڵەنگارییەکان، هەردوولا بە گرنگیانزانیوە، دۆخێکی گونجاو بۆ گەشەپێدانی ئابووری بڕەخسێندرێت و هەماهەنگی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی زیاتر بکرێت، لەپێناو باشکردنی ژینگەی کار و راکێشانی وەبەرهێنەران و زیاترکردنی داهاتدا.

لەسەر دۆسیەی نەوت، کە یەکێکە لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو سەرۆک وەزیران رێککەوتوون “له‌سه‌ر قووڵكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وامیدان و درێژەدان به‌ كاركردن له‌پێناو گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێکی هاوبه‌ش و گەیشتن بە حاڵه‌تێكی یەکگرتوو لە بەڕێوەبردنی دۆسیه‌ی نەوتدا، بە شێوەیەك کە بەرژەوەندی باڵای گەلی عێراق بەدەستبهێنێت”.

لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە سنووریەکان، هەردوولا ئەو پێشێلکارییانەیان ئیدانەکرد و بەتایبەت ئەو هێرشەی کە بەهۆیەوە نۆ گەشتیاری ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کوژران و نزیکەی 30 کەسی دیکە برینداربوون، لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە “جه‌خت له‌ گرنگی رێككه‌وتن له‌سه‌ر دیدگایه‌كی یه‌كگرتوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ده‌ستدرێژییه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكارەکانی كرایه‌وه‌، به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه‌ سه‌روه‌ری عێراق بپارێزرێت‌ و كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت،‌ له‌ ئاینده‌دا پێشێلنه‌كرێت”.

هەروەها هەردوو سەرۆک وەزیران، گفتوگۆیان کرد، لەبارەی هەماهەنگی ئاسایش (ئەمنی) لەنێوان هێزەکانی حکومەتی فیدراڵ و پێشمەرگەدا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.