ئاسایشی سلێمانی دانپێدانانی دوو گرووپی “داعش” بڵاودەکاتەوە و دەڵێت: “لە هەولێر بە نیازی ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی بوون و پیلانی تیرۆرکردنی چەند کەسایەتییەکیشیان داڕشتووە.”

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە 23-07-2022 دانپێدانانی گرووپێکی پێنج کەسی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان شکستیان بە پیلانی دوو گرووپی “تیرۆریستی” هێنا و ئەندامانی ئەو دوو گرووپەیان دەستگیرکرد کە “مەرامیان بوو کردەوەی تیرۆریستی لە هەولێر ئەنجامبدەن و پیلانی تیرۆرکردنی چەند کەسایەتیەکیشیان داڕشتبوو.”

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، بەگوێرەی دانپێدانانی دەستگیرکراوەکان “پیلانیان دانابوو ھەولێر، سلێمانی، ھەڵەبجە و گەرمیان بکەنە ئامانجی کردەوەکانیان.”

بەگوتەی ئاسایشی سلێمانی، “لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە کەوتبوونە ژێرکاریگەریی فکری تیرۆریستی داعش و بە دوو ئاراستەی جیاواز پیلانیان دانابوو مەرامەکانیان جێبەجێبکەن.”

لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە، لەسەر رەزامەندیی دادوەر، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا “ژمارەیەک تیرۆریستی داعشیان دەستگیرکرد کە پیلانیان ھەبوو دوای جێبەجێکردنی مەرامەکانیان، ھەڵبێن و پەیوەندی بە چەکدارانی تیرۆریستی داعشەوە بکەن.”

ئەندامانی ئەو دوو گرووپەی کە ئاسایشی سلێمانی دەستگیریکردوون لە پێنج کەس پێکهاتوون و دانپێدانانەکانیشان بڵاوکراوەتەوە. یەکێکیان کە ناوی ( ع، ح)ـە و دانیشتووی قەزای خەباتە لە سنووری هەولێر، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە، بەگوێرەی ئاسایشی سلێمانی، “لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە لەخشتەدەبرێت و پەیوەندی بە تیرۆریستانی داعشەوە دەکات و  پیلان دادەنێت چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە چەند شوێنێکی ھەولێر ئەنجامبدات، بەڵام پێشوەخت لە سلێمانی لە رۆژی 01-06-2022 دەستگیرکرا.”

تۆمەتباری دووەم ناوی (ێ، ێ)ـە، تەمەنی 23 ساڵە و دانیشتووی هەڵەبجەیە، ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، “لە ساڵی 2019 بەیعەت بە تیرۆریستانی داعش دەدات و لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندی بە چەند تیرۆریستێکەوە دەکات. دوای ئەوەی پیلان دادەنێن پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە بکەن و ھەڵبێن، لە 02-07-2022 لە سنووری ھەڵەبجە بە ھاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور دەستگیرکرا.”

تۆمەتباری سێیەم کە ناوی (غ، س)ـە، تەمەنی 23 ساڵە و دانیشتووی ئاکرێیە، ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، لە ساڵی 2020 لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەکەوێتەژێر کاریگەری بیری توندڕەوی و بانگەشە بۆ داعش دەکات، دواتر پەیوەندی لەگەڵ چەند تیرۆریستێکی تر لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان دەبەستێت و داوای لێدەکرێت بێتە سلێمانی و نزیکەی نۆ مانگ لە یەکێک لە ھۆتێلەکان دەمێنێتەوە و سەرباری کارکردنی، بەردەوام لە ھەوڵی فراوانکردنی گرووپەکەیان دەبن و لەگەڵ چەند ھاوەڵێکی پیلان دادەنێن پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە بکەن، بەڵام لە 08-07-2022  دەستگیرکرا.”

تۆمەتباری چوارەم کە ئاسایشی سلێمانی دەڵێت ناوی (س، ت)ـە و تەمەنی 21 ساڵە، دانیشتووی سلێمانییە و ” لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فریودەدرێت و فکری داعش وەردەگرێت، دواتر لە سۆشیاڵمیدیا چەند تیرۆریستێکی تر دەناسێت و پەیوەندییەکانیان رێکدەخەنەوە و مەرامیان بوو پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە بکەن، بەڵام پێش جێبەجێکردنی پیلانەکەیان لە 10-07-2022 لە سلێمانی دەستگیرکرا.”

پێنجەم تۆمەتبار کە لە لایەن ئاسایشی سلێمانی دەستگیر کرا، ناوی ( ز، م)ـە و تەمەنی 20 ساڵە، دانیشتووی سلێمانییە و ئاسایش دەڵێت، “لە ساڵی 2019 لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری فکری تووندڕەوی داعش و پەیوەندی بە چەند تیرۆریستێکی ترەوە دەکات و دوای چەندین کۆبوونەوە، پیلان دادەنێن ھەڵبێن و پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە بکەن، بەڵام لە 15-07-2022  دەستگیردەکرێت.”

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، پەیوەست بە ھەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و ئارامی خەڵک، لەماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین “تیرۆریستی ھەرەتاوانبار” دەستگیرکراون و رووبەڕووی یاساکراونەتەوە، بەڵام لەبەر سەلامەتیی لێکۆڵینەوەکان و پاراستنی ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتی، زانیارییەکان بەنھێنی ھێڵدراونەتەوە.