خەبات- سەید فاتیح بەرزنجی
هەموو ساڵێك لە وەرزی هاویندا كێشەی كەم ئاوی لەشار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دروستدەبێت و هاووڵاتیانیش گلەیی و گازاندەیان لە كێشەی كەم ئاوی هەیە و ئەمساڵ لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە نزیكەی 356 ملیار دینار بۆ ژمارەیەك پڕۆژەی ئاو تەرخانكرد و پرۆژەكانیش بە شێوەی قۆناغ جێبەجێدەكرێن، ئەگەرچی كەمی باران و وشكە ساڵی و كەم بوونی ئاوی ژێر زەوی و كەم بوونەوەی ئاوی ژمارەیەك لە بیرە ئاوەكان كێشەی كەم ئاوی دروستكرد. بەمەبەستی بەدواداچوون لەكەم بوونی ئاوی بیرەكان و لێدانی ژمارەیەك لە بیری ئاو وەك ڕۆژنامەی خەبات ئەو ڕاپۆرتەمان ئامادەكرد.

لێدانی 138 بیری ئاو لەچەندین شوێنی جیاجیای شاری هەولێر

لەلێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕوونیكردەوە: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەكابینەی نۆیەمدا ئامانجی خزمەتكردنی خەڵكی كوردستانە لە ڕووی گەیاندنی هەموو جۆرە خزمەتگوزاریەك لە هەموو سێكتەرەكانی وەكو ئاو و ئاوەڕۆ و پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەیاندنی پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری بۆ هەموو شار و شارۆچكە و گوندەكان بەبێ‌ جیاكاری. ئەگەر قەیرانی داراییش نەبووایە ئەوا پڕۆژەخزمەتگوزاریەكان فراوانتر دەبوون و پڕۆژەكان لەكار نەدەوەستان و لەئێستاشدالەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا ژمارەیەك پڕۆژە ئەنجامدراون. لەسێكتەری دروستكردنی شەقام و پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ و بۆ وشكە ساڵیش وەكو پارێزگای هەولێر كۆبوونەوەمان سازكردووە. جگەلەوەش بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەم ئاویش 138بیری تازە لێدەدرێت لەگەڵ ئەوەشدا گرفتە تەكنیكیەكانی بیرە ئاوەكانی دیكەیش چارەسەر دەكەین لەگەڵ چارەسەركردنی گرفتی تەكنیكی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز بەپێی ئەو پلانەی كە ئامادەمان كردبوو، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەتایبەتی خودی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە هەردوو ئەو پڕۆژەیەی كە تەنها بۆ ئەمساڵمان ئامادەكردبوو لەمانگی ئادارەوە ڕەزامەندی لەسەر درا بۆ پڕۆژەكە بەبڕی زیاتر لە 7 ملیار دینار و لەلایەكی دیكەیش بڕی زیاتر لە چوار ملیار دینار ڕەزامەندی لەسەر ئەو پڕۆژەیە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا كە كارەكان دەستیان پێكردووە و بەپێی هەڵسەنگاندەكان لەدەوروبەری هەولێر ئەو شوێنانەی كە بیری بەدیلی پێویستە بۆ ئەوەی بیری بەدیلی بۆ لێبدرێت و ڕێژەی كاركردنیشی ڕێژەیەكی بەرزە و لەچەند ڕۆژی داهاتووش گرفتەكانی دەوروبەر چارەسەر دەبن، لە ناو شاریش پڕۆژەكە بە خێرایی بەڕێوەچووە و پارساڵیش ئێمە بۆ 43 بیرە ئاو كارەبای موەلیدەی گەڕەكمان بۆ دابینكردوە. بەڵام بۆ ئەمساڵ زیاتر لە140 بیرە ئاوە و ئەوەش گرفتێكی دیكەیە، یەكێك لە هۆكارەكانی دیكە لە وشكە ساڵی نەبوونی كارەبای نیشتیمانی بەردەوام دەبێتە هۆكاری پڕ نەبوونی تۆڕەكانی ئاو، چ بیرە ئاوەكان چ لەپڕۆژەكانی ئاوی ئیفراز و قەندیل بێت، دیارە گرفتی ئەوانە تەنها گرفتی كەمی كارەبایەو هەوڵدراوە تا سوود لە كارەبای موەلیدەی ناو گەڕەكەكان وەربگیرێت، جگەلەوەش تیمەكانی حكوومەت ڕاسپێردراون لەدابینكردنی ئاو بۆ ماڵان، ئەویش بەشێوەی تانكەر بەڕێوە دەچوو تا ڕادەیەك كێشەكە چارەسەر كراوە.

كێشەی كەم ئاوی چارەسەر كراوە

دواتر هەر سەبارەت بەو بابەتە ڕاوسەرنجی ئەندازیار ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ڕوونیكردەوە: ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لەچوارچێوەی نەخشەو پلانی خۆمان هەوڵمانداوە كار و پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ بۆ شار و شارۆچكەكان بخەینە ناو پلانی كاری خۆمان، بۆ ئەمساڵیش كە وشكە ساڵییە بۆ ئەو مەبەستەش بڕیار درا بۆ لێدانەوەی 138 بیرە ئاو، جگەلەوەش چەند دەرخستەیەكی دیكەیش پێشكەشكراوە بە بڕی زیاتر لە چوار ملیار و ڕەزامەندیشی لەسەر دراوە، بڕیار وایە ئەو پڕۆژانە بكەونە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەویش بریتییە لە ڕاكێشانی كارەبا و موەلیدە و دانانی هەندێك تۆڕی كارەبا لە چەندین شوێن لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر و دەوروبەری هەولێر، جگەلەوەش ئەوەی كە كاری لەسەر كراوە بریتییە لە لێدانەوەی زیاتر لە 30 بیرە ئاو و لەهەر شوێنێكیش هەر كێشەو گرفتێك ئەگەر هەبووبێت چ لە ناو هەولێر چ لە دەوروبەر ئەگەر پەیوەندی بە بیرە ئاوەكانەوە بێت ئەوا هەوڵدەدرێت چارەسەر بكرێت، جگەلەوەش ئەگەر هاتوو كێشەی كارەباش هەبێت، ژمارەی ئەو بیرە ئاوانە بریتیین لە سەرووی 140 بیری ئاو كەلەگەڵ موەلیدەی ئەهلی بەستراونەتەوە تا زۆرترین كات ئەو بیرە ئاوانە كار بكەن، تیمەكانی هەر دوو بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر و ئاوی دەوروبەر كار لەسەر ڕێكخستی تۆڕەكان و چارەسەر كردنی كێشە و گرفتەكانی سەرچاوەكانی ئاو و چاودێریكردنی كوالیتی ئاوەكەو بەدواداچوون بۆ كێشەی كەم ئاوی لە ناو گەڕەكان و لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان و بەردەوامیش ڕۆژانە لە وەرزی هاویندا چاودێری بیرە ئاوەكان و كێشەی كەم ئاوی دەكەین و بەردەوام گوێ‌ لە سكاڵای هاووڵاتیان دەگرین، بەتایبەتی ئەو هاووڵاتیانەی كە كێشەی كەم ئاویان هەیە.