قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆك وە‌زیران سە‌رپە‌رشتی كۆبوونە‌وە‌یە‌كی كرد، كە‌ تایبە‌ت بوو بە ئە‌نجوومە‌نی راژە‌ی فە‌رمانبە‌رانی حكوومە‌تی ھە‌رێمی کوردستان و تێیدا پەیکەری ئەنجوومەنەکە پەسەندکرا.

ئەمڕۆ سێشەممە كۆبوونه‌وه‌كه‌ لەهەولێر بە‌ڕێوە‌چوو، و ھە‌ریە‌كە‌ لە‌ رێباز حە‌ملان، یاریدە‌دە‌ری سە‌رۆكی حكوومە‌ت بۆ کاروباری ئەنجوومەنی باڵای وەبەرھێنان و ئەنجوومەنی گشتی راژە و دكتۆر ئومێد سە‌باح، سە‌رۆكی دیوانی سە‌رۆكایە‌تی ئە‌نجوومە‌نی وە‌زیران ئامادە‌ی بوون، هەڵسەنگاندن کرا بۆ بڕیارەکانی کۆبونەوەی پێشوو لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی.

هاوکات گفتوگۆ كرا لە‌بارە‌ی چۆنییە‌تی کار و رۆڵی ئەنجوومەنی گشتی راژەو رێکخستنەوەی میلاکات، ئاماژە بەوەشکرا کە یەکێک لەئامانجەکانی ئەم ئەنجوومەنە، پەرەپێدانی ژێرخانی حکومەتە لە‌پرسی رێکخستنەوەی میلاکات و درێژەپێدانی ریفۆرمی ئیداریی و رێکخستنی پلەبەندی راژەی فەرمانبەران لە کەرتی گشتی بە پێی پێویستی و پسپۆڕییان و دیاریکردنی پلە و وەسفی وەزیفی فەرمانبەران لەناو دامەزراوەکانی حکومەت پشت بەست بە میلاكاتی ئە‌لكترۆنی کە بڕیارە دروستبکرێت.

ھە‌روە‌ھا لە‌ كۆبوونە‌وە‌دا جە‌ختكرایە‌وە‌ کە لەڕێی ئەنجوومەنی راژەوە کاربکرێت لەسەر چۆنییە‌تی راگرتنی ھاوسە‌نگی كارگێڕی و رێکخستنەوەی ھە‌یكە‌لیە‌ت و دووبارە دابەشکردنەوەی فەرمانبەران بەسەر وەزارەت و داموودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زانستی و گونجاوتر.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا هەیکەلیەتی ئەنجوومەنی راژە پەسەند کرا و بڕیاردرا کەدەست بکرێ بەپڕکردنەوەی پەیکەرەکە لەچوارچێوەی یاسای چاکسازی دا.