سه‌رۆكی لێژنەی خزمەت و ئاوەدانی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێ، نەیانتوانیوە ئارامی و ئاوەدانی لە شنگال دابین بكەن، چونكە بەهۆی پەكەكەوە پرۆژە لەو شارە جێبەجێ ناكرێن.

مه‌حما خه‌لیل، سه‌رۆكی لێژنەی خزمەت و ئاوەدانی لە پەرلەمانی عێراق رایگه‌یاند : “زیاتر لە 300 ملیار دینار بۆ ئاوەدانیی شنگال تەرخان كراوە، بەڵام ئەو بڕە پارەیە بەشی ئاوەدانیی ئەو شارە ناكات، سەرەڕای ئەوەش، پەكەكە رێگریی دەكات لەوەی شنگال ئاوەدانیی پێ بگات و بووەتە ئەگەری ئەوەی جینۆساید لە شنگال هەر بەردەوام بێ“.

گوتیشی: ”بەغدا سەبارەت بە دۆسیەی شنگال زۆر خەمساردە، بەهۆی ئەو خەمساردییەی بەغداوە، ئاوارەكان بە گەرما و سەرما لە كەمپەكاندا لەژێر خێوەتەكان ماونەتەوە، ئەمە هەشت ساڵە عێراق نەیتوانیوە ئارامی و ئاوەدانی بۆ شنگال بگەڕێنێتەوە“.

سه‌رۆكی لێژنەی خزمەت و ئاوەدانی لە پەرلەمانی عێراق، جەختیشی كردەوە: ”مانەوەی پەكەكە لە شنگال بووەتە ئەگەری بەردەوامبوونی جینۆسایدكردنی شنگال و خەڵكەكەی، چونكە پەكەكە بووە بە رێگر لە گەڕانەوەی ئاوارەكان و گەیاندنی خزمەتگوزاری و دەستی ئاوەدانی بۆ شنگال، رێگەش نادات ئارامیی بۆ شنگال بگەڕێتەوە“.