خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- (ناسك ئەحمەد قادر) ناسراو بە (ناز ئالانی) لە ٧/٣/١٩٧٦ لە سلێمانی لە دایكبووە و لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٠ەوە شیعر دەنووسێت، خاتونی شاعیر لە وەڵامی پرسیارەكانی دیداری دوالاپەڕەدا گوتی:

*پێناسەت بۆ شیعرو شیعر لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
– شیعر مناڵی پێنجەممەو هاوكات دنیای خەونەكانمەو وەك جگەرگۆشەیەك خۆشمئەوێت…شیعر لای من باخێكی چڕی پڕ لە گوڵ و درەختی سەوزو دەرچەیەكە بۆ گوزارشت لە خەونەكان و ڕێگایەكە بۆ دەست خستنە سەر برینەكان
*بۆ شیعرت هەڵبژارد؟
– لەبەر خۆشەویستیم بۆ شیعرو توانای باشی دەربڕینی هەستەكانم لە شیعردا بینیوەتەوە.
*شیعرت بۆ پیاو نووسیوە؟
– نەخێر.. ڕاستەوخۆ شیعرم بۆ هیچ پیاوێك نەنووسیوە
*شیعربۆ كێ دەنووسیت و ئامانجت چییە لە نووسیندا ؟
– زیاتر شیعرەكانم بۆ داكۆكی لە ژنان و زۆرجار بۆ مناڵەكانیشم و ناهەقیی و بەربەستەكانی ژیان بووە، ئامانجیشم زیاتر هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگای باوكسالاری بووە وەك چەكێكی داكۆكیكار دژ بە چەوسانەوەی ژنان
*ئاشنایەتیت لەگەڵ كتێب و خوێندنەوەدا؟
– بە پێی مەجال ، كەم كەم دەخوێنمەوە و زۆر حەزیش بە خوێندنەوە ئەكەم بەس بەهۆی سەختی ژیان و زۆر مەشغوڵ بوونم وەك تاكێكی كۆمەڵگا، كەمتر لەم ساڵانەی دواییدا هەقم بە خوێندنەوە داوە.
*كێ هاوكارو هاندەرت بووە لە نووسیندا؟
– دایكم و زۆرێك لە هاوڕێكانم لێرەوە سوپاسیان ئەكەم و چاویان ماچ ئەكەم
*بەرهەمی چاپكراو؟
– بەداخەوە تا ئێستا بەرهەمی تایبەت و چاپكراوم نییە
*پیرۆزیی خاكی نیشتیمان و پێشمەرگەو گەورەیی شەهیدان لە كوێی
نووسین و شیعرەكانی تۆدان ؟
– نیشتیمان دایكی دووەمە و گەورەیی شەهیدیش لە لوتكەدایە، هەمیشە حەزم كردووە جوانترین نووسین و شیعرم بۆ ئەوان بێت ، چونكە خۆشم كچی شەهیدم بۆیە نیشتیمان و شەهید هێندە پیرۆزو گەورەن كە باوەڕناكەم هیچ شیعرو نووسینێك بتوانێ ببێتە پێناسەو پاساوێك بۆیان
*ڕەنگدانەوەو كاریگەریی مەرگی ئازیزان و كۆچی گەنجان و جێهێشتنی نیشتیمان لەشیعرو نووسینەكانتدا؟
– بەڵێ چەندین شیعرو پەخشان و نووسینم بۆ كۆچ و مەرگی ئازیزان هەیەو هەڵبەتا ئەوانیش بێ بەش نین لە شیعرەكانم
*ڕات چییە لەگەڵ ئەو زۆرو بۆریەی شیعر؟
– لای من نەك زۆرو بۆریی لە شیعردا بگرە لە هەموو شتێكدا زۆرو بۆریی دەبێتە هۆی ئەوەی كە بەهاو جوانیی و گەورەیی خۆی و خاوەنەكەی لەدەست بدات.
*قەڵەمی ژن، لە نووسین و شیعردا چۆن دەبینی و تاچەند ئەو قەڵەمە بۆتە چەكی داكۆكیكار لە مافەكانیان و چارەسەری كێشەكانیان؟
– ژنی بەهرەمەندو جوان نووسمان زۆرە بەڵام بەداخەوە لە مەیدانی شیعرو نووسیندا كەمتر دەبیندرێن یان دەتوانم بڵێم هەر نابیندرێن، لەلای من سەرەتا (ژن خۆی) و دواتر كۆمەڵگا هۆكارن بۆیە هیوا خوازم ژنە بوێرو جوان نووسەكان مەردانە ببنە سنبولی داكۆكی و چارەسەری كێشەكان نەك تەنیا كێشەی ژن هیوادارم ڕۆڵیان لە سەرجەم چارەسەرو خستنە ڕووی كێشەكانی كۆمەڵگادا هەبێت.
*بەڕای بەڕێزتان سانسۆر لە مۆڵەتی چاپی كتێبدا هەبێ یان نەبێت، بۆچی؟
– بەڵێ پێم باشە ئەو سانسۆرە هەبێت چونكە هەندێك كتێب و نووسین هێندە لە ئاستی نزمدان لەگەڵ ڕێزم بۆ قەڵەمە جوانەكان تەنیا زەرەر لە نووسین و ئەدەبی كوردیی و كۆمەڵگا ی سەقافی ئەدەن.
*بەڕای تۆ ڕەخنەگری باش و لێكۆڵەری باشمان لە مەیدانەكەدا هەیە؟
– هەن بەڵام زۆر كەمن و بە پەنجەی دەست ئەژمێرێن، بگرە ڕەخنەگری ڕووخێنەرمان زۆرترە …بەداخەوە
*بوونی پەیج و ئەكاونتی فەیسبوك و سایتە ئەلەكتڕۆنیەكان نەبوونە ڕێگر لەبەردەم گەورەیی و جوانیی نووسین و هاوكات پیرۆزیی و گرنگی كتێب و خوێندنەوە؟
– بەڵێ سەرجەم تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوونەتە هۆی كەمیی خوێنەری كتێب و پیرۆزیی كتێب ، جاران كتێب هاوڕێی زۆربەی تاكی كۆمەڵگابوو، بەس ئێستا بە داخەوە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خۆشەویستی مرۆڤ و كتێبیشی كاڵ كردۆتەوە.
*پڕۆژەو بەرنامەی تازە چیتان بەدەستەوەیە؟
– زۆر لە مێژە خەونم چاپكردنی هۆنراوەكانمە ئەمە وەك خەون و پڕۆژەیەكی لە مێژینەم ، بۆ ئێستاش هەوڵەكانم زیاتر بۆخزمەتكردن و نووسین و هۆنراوەی جوانترە.