سه‌لام عه‌بدوڵڵا
وادەوروبەری نۆ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراقدا تێدەپەڕێت و هێشتاش نەتوانراوە حکوومەتی داهاتووی عێراق دابمەزرێ کە بۆ وڵاتێکی قەیراناوی وەکوو عێراق کە بەدەست چەندین گرفتەوە دەناڵێنێ ماوەیەکی کەم نییە و خزمەتی ئەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستا ناکات.
پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک پڕنسیپ، ئامانجی لە بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، لەپێناو بەشداریی دەسەڵاتی سیاسی و دەستکەوتی حزبی ناکات چونکە ئەو راستییە دەزانێ کە ئێمە وەک گەلی کورد، خاوەن دۆزێکی رەواین و خوێن و قوربانییەکی زۆرمان لەو پێناوەدا، داوە.
گرفتەکان کە نکۆڵی لە بوونیان ناکرێ و هاوکێشە سیاسییەکان هەرچۆنێک بێ و کام لا زۆرینە و کام بەرە کەمینەی بەدەستهێنابێت، دەبێ ئەو پڕنسیپە لەبەر چاو بگیرێت کە ئەم وڵاتە، دوای رووخانی دیکتاتۆرییەت، لەسەر بنەماکانی شەراکەت و تەوافوق و تەوازن ڕۆنراوە و دەستوورێک بە زۆرینەی دەنگی هاووڵاتیان بڕیاری لەسەر دراوە کە مافەکانی گەلەکەمان -تا ڕادەیەکی بەجێ- تێیدا دەستەبەر کراوە، بۆیە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەرچۆنێک بێت و هەر لا و بەرەیەک حکوومەت دادەمەزرێنێ دەبێ لەو بنەمایانە لانەدا و پابەندیی خۆی بەرانبەر دەستوور جێبەجێ بکات.
لەراستیدا ئێستا ئێمە رۆژانە هەست بەوە _ بەکردار_ دەکەین کە هەوڵێکی چڕوپڕ، لە لایەن هەندێ حزب و گرووپ و رەوتی جیاجیاوە سەبارەت بە دژایەتیی هەرێم و دەستکەوتە دەستوورییەکانی هەیە کە دەیانەوێ بە هەموو شێوەیەک ئەو بەند و خاڵە دەستوورییانە پێشێل بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقی، نادەستووریانە، دەخەنە گەڕ و بڕیاری دژی هەرێم و دەستکەوتەکانی پێدەدەن کە ئەوەش نەک خزمەتی ئەم بارودۆخەی ئێستا ناکات، بەڵکوو گرفتەکانیش هێندەی تر ئاڵۆز دەکات و دۆخی وڵاتیش تا دێت ناسەقامگیرتر دەکات کە خزمەت نە بە عێراق و نە بە هەرێم و نە بە ناوچەکەش دەکات.
نوێنەرانمان، وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەبێت کاری پێشینەی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە بەغدا، بەدواداچوون و جێبەجێ کردنی ئەو خاڵانە بێت، کە دوێنێ لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ جەنابی سەرۆک “بارزانی”دا، رێنماییان پێدرا.