وەکو هەولێک بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان و لە دوای راسپاردنی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەسەر ئەو بابەتە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جگە لە کەمکردنەوەی رسوماتی هاوردە کردنی بەنزین و هاندانی بازرگانان بۆ هاوردە کردنی بەنزینی زیاتر، لە ئێستادا بە دوو شێوازی راستەوخۆ بەنزین بۆ هاووڵاتیان بە نرخی پاڵپشتی کراو دابین دەکرێت..

بەنزینی ٦٩٠ دیناری
لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان، رۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن لیتر بەنزینی ٦٩٠ دیناری لە پاڵاوگەی کار بەرهەم دەهێنرێت کە ئەوەش لەو بڕە نەوتەیە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دابینی دەکات کە ٢٥ هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا. نرخی ئەم بەنزینە لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ١٠٥٠ دینارە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیداتە چەند کۆمپانیایەک بە نرخی ٦٢٠ دینار بۆ هەر لیترێک و ئەو کۆمپانیایانەش دەیدەنە بەنزیخانەکان بە نرخی ٦٧٠ دینار و بەنزینخانەکانیش بە نرخی ٦٩٠ دینار دەیدەنە هاووڵاتییان. کەواتە پاڵپشتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ هەر لیترێک بەنزین ٤٣٠ دینارە و مانگانە دەکاتە نزیکەی ٩ ملیۆن دۆلار.

بەنزینی ٨٠٠ دیناری
سەبارەت بە بەنزینی ٨٠٠ دیناریش، رۆژانە ٢ ملیۆن لیتر لەو جۆرەی بەنزین لەلایەن کۆمپانیای قەیوانەوە بەرهەم دەهێنرێت و هەر لیترێکیش لەو بەنزینە ٧٥٠ دیناری بۆ کۆمپانیای ناوبراو تێدەچێت و بە نرخی ٨٠٠ دینار دەدرێتە هاووڵاتییان. پاڵپشتی وەزارەتی سامانەسروشتییەکانیش بۆ هەر لیترێک لەم بەنزینە٥٣٠ دینارە و مانگانەش دەبێتە ٢٢ ملیۆن دۆلارە.
بەپێی داتاکانی مانگی ٥و ٦ی ئەمساڵ، لە رۆژێکدا نزیکەی ٣ ملیۆن لیتر بەنزین دابین دەکرێت، بەمەش وەزارەتی سامانە سروشتییەکان مانگانە بە بڕی ٣١ ملیۆن دۆلار پاڵپشتی لە نرخی بەنزین دەکات بەمشێوەیەی خوارەوە:
بەنزینی ٦٩٠ دیناری : مانگانە ٩ ملیۆن دۆلار
بەنزینی ٨٠٠ دیناری: مانگانە ٢٢ ملیۆن دۆلار

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢ی تەمووزی ٢٠٢٢