ئاكۆ عەبدوڵا:- بووژانەوەی ژیلەمۆ ڕۆمانەكانی (هەیئە) و (سێگۆشەی سنوور) و (كاروانی چەك) و (زیندانی گەڤەڕ) ی سەلام عەبدوڵڵای گرتۆتەخۆ. لەلاپەڕەكانی دوایشدا لەچەند دێڕێك پرۆفایلی نووسەر و لیستی بەرهەمە بڵاوكراوەكانی و وێنەی بەركی هەندێك لەبڵاوكراوەكانی دەبینرێ. ئەو بەرهەمە بەپێزە ئەم ساڵ بەتیراژی هەزار دانە بەزنجیرەی 79 لەدەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان بڵاوكرایتەوە. زمانی نووسین لەهەر چوار رۆمانەكە سادە و پوختە، خوێنەر چێژی لێوەردەگرێت. رووداوەكانی ناویشیان كە حیكایەتخوان بەڕاناوی كەسی یەكەم دەیانگێڕێتەوە هێند بەتاسە نووسراون لەگەڵ خۆیاندا خوێنەر كێش دەكەن. لەگەڵ ئەوەی هەریەكێكیشیان دەكرێت بەتەنیا بخوێنرێنەوە (وەك پێشتر لەكاتی چاپكردنیشیان بەسەریەك و لەدوای یەك بڵاونەكراونەتەوە. لەسەر بەرگیشیاندا ئاماژە بەوە نەدراوە تەواوكەریان هەیە)، بەڵام رووداوەكانی ناویان وەك زنجیرە، تەواوكەری یەكترین، بۆیە رەوایە وەك كارێكی چوارینەی بوارەكە پۆلین بكرێت. ئەمەو وەك ئەوەی لەبەرگی دواوەی كتێبەكەش ئاماژە كراوە رووداوەكانی ناویان بەشێك لەخەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی نووسەریان بەرجەستەكردووە لەماوەی ساڵەكانی 1977 تا 1979، كەواتە دەكرێت وەك ڕۆمانی بایۆگرافیش لێیان بڕوانین.

بەشێوەیەكی گشتی نووسەر لەو كارەیدا یاداشتی خەباتی خۆی نەنووسیوە. هەروەها مێژووی تێكۆشانیشی، بەلكو لەجیهان و فەزای رۆمان دا خوێنەر بەرەو ناسۆر و بەرگەگرتنی ئازاری لەتوانابەدەری مرۆڤ دەبات. كاریگەرانەش وەسفی ئەو ساتە سەختانەی كردووە كە تێیدا مرۆڤ ناتوانێ بەرگە بگرێت مەگەر پەیامێكی گرنگ، گیانی تۆكمەیی و ورەی پۆڵاینی و بیروباوەڕی سەختی لەناخدا چەكەرە نەكردبێ. بەڵێ چیڕۆكخوێن لەسەر پرسی كوردایەتی خرا زیندان. لەوێشدا بەوپەڕی سەختی سزادرا و فەرمانی لەسێدارەدانیشی بەڕوودا درا. بەڵام چۆكی نەدا و هێمن وتەنی رق ئەستوورتر بوو. دواتریش كە هێشتا زامەكانی جەستەی سارێژنەبووبوون، لەچیا هەڵپەی چوونە ناو شۆڕش و گڵپەكردنی بوو. ئەو هەڵپەیەش وەهای لێكرد لەسەختترین كاتی ساڵ، بەڕێگەی قاچاخ و پڕ لەهەڵدێر و مەترسی روبەڕووبونەوە، بەگەر كاروانە سەختەكەی گەیاندنی چەك بكەوێت.

وەك لەلیستی بەرهەمەكانی ناو ئەو كتێبەدا دەبینرێت جگە لەڕۆمانی كاروانی چەك، پێشتر رۆمانەكانی دیكەی بڵاوكراونەتەوە و دوانیشیان بۆ زمانی دیكە وەرگێڕدراون. من بەر لەو كتێبە تەنیا رۆمانی هەیئەی ناوبراوم خوێندبۆوە. كە ئەوسا ئەوەندە بەپاڵەوانیەتی چیرۆكخوێن و جەربەزەییەكانی و بیرۆكەی راكردنی سەرسام بووم، ئەوەندە نەپەڕژامە سەر ئەوەی لەهونەری رۆمانی كارەكە بڕوانم. لەوەش ناحەق نەبووم چونكە ئەوەی لەو رۆمانە خراوەتەڕوو لەخەیاڵ و كارێكی مەحاڵ دەچێت چ جای ئەوەی واقیعی بێت. دواتر كە یاداشتی بڵاوكراوەی كۆمەڵێك پێشمەرگەم خوێندەوە بۆم دەركەوت سەلام عەبدوڵڵاش یەكێك بووە لەو پێشمەرگە جەربەزانەی لەكاروانە مێژوویەكەی گەیاندنی چەك بەشداریكردووە. بێگومان ئەو كاروانە خۆی لەخۆیدا داستانێكی سەخت و پڕ لەتەنگەتاوی بوو. بۆیە كە بەبووژانەوەی ژیلەمۆ گەیشتم بەهەڵپەوە خوێندمەوە. بەوەش بۆم دەركەوت ناوبراو هاوشێوەی چەندان تێكۆشەری دیكە، لەپێناو رێبازەكەی چ سەختییەكی كێشاوە.

رۆمانی هەیئە
رۆمانی هەیئە و لە40 بەشی كورت پێكهاتووە كە بەژمارە ریزبەند كراوە. بەسەرهاتی كۆمەڵێك كەسی خەباتگێڕی نهێنین لەساڵی 1977. چیڕۆكخوێنی ئەو بەرهەمە سۆران ئەحمەدی ناوە. (دارا) ناوی نهێنیتی. ئەندامی (رێكخراوی تۆڵەی شەشی ئازار- ڕێتشا)یە. لەنیوە شەوێك هەڵدەكوتنە ماڵەكەی و بەپەلە لەخەو ڕادەپەڕێ و رادەكات، بەڵام سەركەوتوونابێت و بەدەست و چاوی بەستراو بەرەو ئیستیخباراتی سلێمانی دەبردرێت. لەوێدا رووبەڕووی (عومەری خەیات) ی هاوڕێی رێكخراوەكەی دەكەنەوە. كە ئەویش دەستگیركرابوو. دوای ئەوەی نهێنی رێكخراوەكەیانی بۆ كوڕێك دركاندبوو كە خۆفرۆش بوو. لەژێر زەبری لێداندا عومەر ناوی هەموو ئەندامانی شانەكەی هێنابوو. چیڕۆكخوێن لەلاپەڕە 12 بەو جۆرە وەسفی ئەو حاڵەی ئەوسای خۆی كردووە (سەرم كاس بوو، دڵم بەتوندی لێی دەدا، خەریك بوو بڕشێمەوە، ئازاری برینداریەكەم لە بیر چووەوە، هەر سەیرم دەكرد بەو هیوایەی قسەكانی بگۆڕێ و پەشیمان بێتەوە). دواتر بەردەوام ئەشكەنجە دەدرێت. بۆ نموونە لەلاپەڕە 19 لەكاتی ئازاردان و هەڵواسینی كە سەربازەكان هەوڵی زۆری لەگەڵ دەدەن، نووسیویەتی (هەردوو باڵیان توند گرتم. بەشێوەیەك كە بەهیچ جۆرێك نەمدەتوانی بیان بزوێنم لەگەڵ ئەوەشدا زۆری ویست تا دەستیان بە گوریس لە پشتەوە بەستمەوە، مرۆڤ لەو ساتەدا، ساتێ بەرەنگاری مەرگ دەبێ، هێزێكی نادیار لە جەستەیدا پەیدا دەبێ، وزەیەكی هێندە بەهێز كە مرۆڤ خۆشی سەری سوڕ دەمێنێ…!).

دواتر بەرەو شوێنێكی دیكەی دەبەن كە دەردەكەوێت هەیئەی ناوە، وەك دواتر لەسەر زمانی یەك لەزیندانییەكانی، بەو جۆرە باسی دەكرێت (هەیئە خاسە نهێنیترین بەندینخانەی بەعسە و تەنیا بۆ كوردە، هەر بۆیە لەناو سەربازگەیەكی گەورەیە (سەربازگەی خالیدی دەرەوەی شاری كەركووك). لە لاپەڕە 38 پاش ئازاردانێكی زۆر تاكو بەهۆش خۆی بێتەوە، چیڕۆكخوێن بەو جۆرە باسی كردووە (ئامێرەكەی نایە پەنا گوێمەوە. مێشكم خەریك بوو بتەقێ. هەموو گیانم هەڵدەلەرزی. شەپۆڵی تەزوویی كارەبا بوو. دەمارەكانی لەشم ژانیان دەكرد. چەند جارێك هێڵنجم دا. سەرم گێژی دەخوارد. هەموو دەوروبەرم دەخولایەوە.سەرم بۆ ڕانەدەگیرا. ڕووناكی ژوورەكە تا دەهات كزتر دەبوو. هەموو شتێك لەبەر چاوم بچووك دەبۆوە تا بووە یەك نوقتە و ئیتر هیچ لەبەرچاوم نەما…).
لەسەر گێڕانەوەی ئەشكەنجەكان بەردەوام دەبێت و لەلاپەڕە 41 كە فەرمانی هەڵواسینی سەرەو خواری بۆ دەركراوە نووسیویەتی (هەر خێرا گوریسێكیان لە قولە پێمەوە ئاڵان، و لە چاو ترووكانێكدا سەر بەرەو خوار، شۆڕیان كردمەوە. تەوژمی خوێن ڕیچكەی سەر بەرەو خوار بەست. سەرم خوێنی تێزا، چاوەكانم خەریك بوو بتەقێن. هەر ئەوەندەم زانی بەسۆندە، كەوتنە شان و مل و پشت و باسكم. نازانم چەندیان لێدام یان كەی بێ هۆش كەوتم، كە چاوم هەڵبڕی لە ژوورەكەی خۆمدا فڕێدرابووم. هەموو گیانم ژانی دەكرد. گوێم كاس بوو، پشتم دەكزایەوە و دڵم تێكەڵ دەهات).

دواتر چیڕۆكخوێن بەهاوەڵەكانی (موختار و عومەر و عەبدوڵڵا و سەروەر) دەگاتەوە كە ئەوانە لەڕووی تەمەن جیاوازن، هەرزەكار و بەتەمەنیان تێدایە. چەندان رۆژ ئازار دەدرێن. پرسی ئەوەشیان بەگوێ دادەدرێت لەسێدارە دەدرێن. شەوێكیش كە گوێیان لەكوتانی دار لەحەوشەی زیندان دەبێت وەهایان بەخەیاڵ دادێت داری سێدارەیان بۆ ئامادە دەكەن. چیڕۆكخوێن وەك كەسی كارێزمی رۆژێك بەهاوڕێكانی دەڵێت : “رێی خەبات، هەمیشە بەگوڵ و گوڵزار نەڕازاوەتەوە. ئێمە هەردەم دەمانزانی، تووشی گرتن و زیندانی و كوشتن دەبین. ئێمە خۆمان ئەم ڕێگە پیرۆزەمان هەڵبژاردووە و هەرگیز لێشی پەشیمان نین.”

پاش لەیەك دەبڕانیان چیڕۆكخوێن وەهای بەخەیاڵدادێت ئەوان كوژرابن. دوای ئەوەی ئەویش بەسەختی ئازار دەدەن، بەرەو ژوورێكی دیكەی دەبەن. لەگەڵ ئەوەی ژوورەكە بچووك بوو كەچی 51 زیندانی تێدابوو. ئەوسا بەندییەكان دەكەونە شێلانی بنی پێی، بۆ ئەوەی پێیەكانی هەو نەكات. لەو ژوورە ئاشنای خەڵكانێك دەبێت كە لەسەر تۆمەتی جۆراوجۆر گیراون، لەوانە (خالید، مامە سالە، حەمە تەها، شەریف، غازی، مارف، خدر). لەوێشدا جگە لەلێدان ئازاری جۆراوجۆر دەدرێت. لەوانە جارێك تەزووی كارەبای پانكەی ژوورەكەیان لێدەبڕن. ئەو ساتە ناخۆشەشی لەلاپەڕەكانی 87 و 88 بەو جۆرە وەسف كردووە (بەندەكان كەوتنە فڕێدانی جلەكانیان. هەموو تەنیا بەدووتۆێی دەرپێوە دانیشتبوون. گوشینی فانیلە و كراس هەر زوو، زەوی ژوورەكەی تەڕكرد. بوخار و بۆقی ژوورەكە بەهیچ شێوەیەك تەحەمول نەدەكرا. خەریك بوو لە هۆش خۆمان بچین)… (هەموو كەوتینە هاتوهاوار. بەهەموو هێزی خۆمان دەمانقیژاند كە دەرگامان لێ بكەنەوە، بەڵام هیچ نەبوو)… (كەوتینە هاوار هاوار. دەنگمان جەرگی ئاسمانی شەقار دەكرد و هەندێك لە بەندەكان پێڵووی چاویان نیشتبوو، چاوەڕێی مەرگیان دەكرد). لەئەنجامدا خدر كە كوڕێكی هەرزەی بێتاوان بوو، بەگەر رەشبگیری كەوتبوو، گیان دەدات.

بەو جۆرە رۆژانێكی تاڵ بەسەر دەبەن تا رۆژێك هەندێك لەبەندییەكانی ئەو ژوورە بۆ ژوورێكی دیكە دەگوازنەوە. ئینجا چیڕۆكخوێن زیاتر لەوانی دیكە چاودێری هەڵكەوتەی ژوورەكە دەكات كە دوو دەرگای هەیە و یەكێكیان بەناو ژووری پاسەوانەكانە و دەرگاكەی دیكەشان رووی لەدەرەوەیە و رۆژانە چەندان جار بەڕوویاندا دەكرێتەوە. كە پاسەوانەكان لەكردنەوەی دەرگاكە ماوەیەك خەریكی سووڕاندنی كێلونەكەی دەبن. هەروەها لەبارەی پاسەوان و ئێشكگرەكانیش زانیاری وەدەست دەهێنێ و بەوردیش سەرنج دەداتە كرانەوەی ددانی دەرگاكە تا شەوێك توانی بیكاتەوە. ئەوەش هەلێكی باش بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ هەندێك لەگیراوەكان پلانی جەربەزەییەك تاوتۆ بكەن. بەو بڕوایەی كە چارەنووسیان لەسێدارەدان بێت بۆچی هەوڵ نەدەن؟ هەوڵەكەیان سەردەگرێت و لەشەوێكدا دەتوانن دەرگاكە بكەنەوە و چەند تفەنگێك بەدەستبهێنن و بەسەلامەتی و بێ دەنگی بۆی دەربچن. دواتر چیڕۆكخوێن لەگەڵ بەندییەك كە عومەری ناوە دەتوانن بگەنە ناو شاری كەركووك و لەوێشدا بەهاوكاری خەڵكی و بەسەختی زۆر، قۆناغ بەقۆناغ رزگاریان دەبێت تا دەتوانێ بەتەنیا بچێتەوە ناو شاری سلێمانی و لەوێدا بەدیداری دایكی دەگاتەوە. دواتر لەبەر مەترسی گیانی، بەنهێنێ لەگەڵ كەسێك و دەلیلێك، كە جووتیاری ناوە رێگەی چیا دەگرێتەبەر.

ڕۆمانی سێگۆشەی سنوور
ئەو ڕۆمانە لە 50 بەشی كورت پێكهاتووە كە بەژمارە ریزبەندكراون. تەواوكەری رووداوەكانی رۆمانی هەیئەیە. واتا گێڕانەوەی بەسەرهاتەكانی چیڕۆكخوێنە. لەو شوێنە دەسیتپێدەكات كە (دارا) ی كارەكتەری سەرەكی لەسلێمانی لەگەڵ جووتیاری دەلیل و فازیل بەگردی سەیوان هەڵدەگەڕێن تاكو بگەن بەپێشمەرگەكان. ناونیشانی رۆمانەكە سێگۆشەی سنووری دەستكردی نێوان رۆژهەڵات و باشوور و باكووری كوردستان دەگەیەنێت كە خاڵی جیاكردنەوەی سێ وڵاتی (ئێران و ئێراق و توركیا)یە. هۆكاری هەڵبژاردنی ئەو ناونیشانەش بۆ گەیشتن بەناوچەی خواكوڕك دەگەڕێتەوە كە گروپێك پێشمەرگە بەتاسە و ئاواتەوە لەدەورووبەری سلێمانی رادەسپێردرێن تاكو بەرەو ئەو شوێنە بچن بەمەبەستی گەیشتن بەپێشمەرگەكانی دیكە و پێشوازیكردن لەگەیشتنی ئەو چەكانەی كە بڕیاربوو بەنهێنی لەڕێگەی كوردستانی رۆژئاوا بگات بەدەستی شۆڕشگێڕان و بەهۆیەوە چەخماغەی شۆڕش گەشترانە لێبدرێت. چونكە دوای نسكۆی شۆڕش، رژێمی بەعس هەوڵی زۆریدابوو چەك لەكوردستان نەهێلێ.

چیڕۆكخوێن لەپێشەوەی ئەو بەرهەمە دوای گەیشتنی بە چیا باسی ئازارەكانی گەڕان بەدوای پێشمەرگەكان دەكات، وەك لەلاپەڕە 176 كە لەدوای سەختی زۆری هەڵزان و پرسیاركردن لەوەی كەی دەگەن، نووسیویەتی (هیچ پرسیاری ترم نەكرد. سەرەوژوور ملمان دەنا، ترپەی دڵم بە ئاسانی دەبیسترا. بن پێم ئازاری دەهات كە ئەو تەڵاشە بەردە تیژانە لە بن پێم دەچەقین تەزووی ئازار بە هەموو گیانمدا دەهات، پێڵاوی لاستیك دادی نەدەدا).

دوای گەیشتن بەپێشمەرگەكانیش بەمەبەستی ئەوەی دوژمن بەشوێنیان نەزانێ، وەك كاری ئاسایی پێشمەرگە، چەند رۆژێك بەجەولە بەسەردەبەن. ئەوەشی لەلاپەڕەی 201 بەو جۆرە وەسفكردووە (ئێمە بەردەوام دەڕۆیشتین و بە هەورازدا سەردەكەوتین و دادەگەڕاین. لێرە ژیان وەك ژیان خۆی هەوراز و نشێو بوو. چەند سەختیمان دەكێشا كە بە هەورازدا سەردەكەوتین، هێندەش لە داگەڕاندا ئاسوودە دەبووین).

دواتر كە هێشتا كاریگەری زیندانی هەیئەی بەسەرەوە مابوو لەگەڵ دەستەیەك پێشمەرگە كە 30 كەس بوون ئارەزوومەندانە بەناشارەزایی و دوور لەئامرازی پێویست، بەشداری لەسەرچلی گەیشتن بەسێگۆشەی سنوور و گرتنەبەری ئەو رێگە درێژ و دوور و سەخت و پڕمەترسی و دابڕاوە دەكات. لەزۆر شوێنی ئەو گەشتە سەختە وەسفی حاڵی كردووە، بۆ نموونە لەلاپەڕەی 237 ئەو كاتانەی لەبناری قەندیل بوون، نووسیویەتی (چ شەوێكی بی كۆتایی بوو، هەر رۆژ نەدەهات. هەموو لە سەرماندا هەڵدەلەرزین و خەویش تینی بۆ هێنابووین، بەڵام كەسمان نەماندەتوانی بنووین. زەوی ژێرمان تەڕ بوو). ئەمەو بۆ ئەوەی لەكاتی رێبڕێن لەقەندیل و رووبەڕووبونەوە لەگەڵ سەرما و زووتر گەیشتن بەشوێنێكی گونجاو، لەلاپەڕە 254 بەو جۆرە نووسیویەتی (لەكاتی مەترسیدا هیلاكی رۆڵ نابینێ و نە برسێتیش رێگر دەبێ، بۆیە هەموو بەو هەستی ترسەوە، وزەی نوێ دەچووە جەستەمان).

دواتر لەشەوێكی سارد بەدەلیلی و شارەزایی كەسێك كە ناوی (خەسرەو)ە رێگای پڕ هەڵكشان و داگەڕان دەبڕن. لەبڕینی زەویەكی بێ شوێنەوار و رێچكە، رێگا وندەدەن. لەلاپەڕە 274 بەو جۆرە وەسفی حاڵی ئەوسای خۆی كردووە (من گومانم نەما كە ئەمە رۆیشتنێكی بێ ئاكامە، چونكە هیچ نەدەبینرا، سەر و خوار و راست و چەپمان بۆ جیا نەدەكرایەوە). ئیتر لەشوێن ئەوەی داخیلی باشووربن بەرەو قوڵایی رۆژهەڵاتی كوردستان گەڕابوونەوە تا دەگەنە نزیكی شاری شنۆ. لەوێشەوە سەربازانی حكومەتی ئێران دەورەیان دەدەن. پاش بگرەو بەردەی زۆر، خەسرەوی رێبەر كە هەست بەوە دەگات گومانی لێدەكەن، خۆی دەكوژێت تاكو رێگای دەربازبوون بۆ ئەوانی دیكە ئاسان بكات. بەو كارەی سەرباز و ئەفسەرە ئێرانییەكان هاوكاری و كارئاسانییان بۆ كردن تاكو دەگەنە سنوور. لەوێدا ئەفسەرە ئێرانییەكەی ناو هێزەكە هاوسۆزی خۆی بۆیان دەردەبڕێ و پێیان دەڵێت (ئێوە كارێكی مەزن دەكەن). لەلێكدانەوەی ئەو قسەیە چیڕۆكخوێن لاپەرە 319 نووسیویەتی (بۆ ئەفسەر لە ناو سوپای ئێراندا، ئەوە كارێكی ئاسان نەبوو كە بەو شێوەیە هەستی بەرامبەر بە كورد دەربرێ، بەڵام سەلماندی كە بوێری زاڵە بەسەر ترسدا و ناتوانێ هەستی كوردایەتی خۆی دەرنەبڕێت)، ئەنجام لەلاپەرە 326 نووسیویەتی (هەر گەیشتنمان بە سێگۆشەی سنوور سەركەوتنێك بوو بۆ خۆی. بە لای منەوە یەكێك لە ئامانجەكانمان بەدی هێنرابوو، ئەویتر چاوەڕوانی گەیشتنی چەكەكان بوو)، پاش ئەوەی چەكەكان وەردەگرن چیڕۆكخوێن لەڕێگەی گەڕانەوە، ئاموژگارییەكانی كوێخا موزەفەری گوندی گەلیشم (خاوەنی ئەو ماڵەی تێیدا میوان بوون) ی لەگوێدا دەزرینگێتەوە كە پێیانی وتبوو :”نەكەن ئەم چەكانە دژی یەكدی بەكاربهێنن…..”.

رووداوەكانی ناو ئەو رۆمانە بەبەراورد بەڕۆمانی هەیئە كەمترن و بەخێرایش تێپەڕنابن. بەپێچەوانەی ئەویش لەو رۆمانەدا ئازارەكانی دووچاری چیڕۆكخوێن دەبن لەلایەن ئەشكەنجەدەران نین بەلكو لەلایەن سرووشتە. لەلایەكی دیكەوە لەوەیاندا چیڕۆكخوێن وەك لەرۆمانی هەیئە، بەرپرس و فەرماندەرنییە، بەلكو كەسانی دیكەی وەك (ئەنوەر و شێخ سەدیق و خەسرەو) ئەو رۆڵەیان گێڕاوە. لەزۆر شوێنیش چیڕۆكخوێن وەك كەسی ئاسایی شارنشینی، نەشارەزایی خۆی نیشانداوە، چونكە بەلای ئەو بارەكان و ژینگەكان نوێن، ئەو كوڕی شارە نەك چیا. هەڵكشان و داكشانیش لەو شرووشە سەختە، ئەزموون و پشوو درێژی دەوێت.

رۆمانی كاروانی چەك
ئەوەشیان تەواوكەری رۆمانی پێشووە. لە 33 بەشی كورت پێكهاتووە كە هاوشێوەی ئەوانەی دی بەژمارە ریزبەند كراوە. رووداوەكانی لەسێگۆشەی سنوورە دەستپێدەكات كە لەوێدا پێشمەرگەكان گروپ گروپ چەكاكان دەگوازنەوە. ئەو جارەیان ژمارەی پێشمەرگەكانی گروپی چیڕۆكخوێن لەپەنجا كەس زیاتر دەبێت. بێگومان لەو گەشتەشدا كە بەنهێنی و لەسەختی وەرزی ساڵدا رێگا دەبڕن، ناخۆشی زۆر دەبینن. سەرەتا لەدۆڵی گادەر لەگەڵ چەمی گادەر رێ دەكەن كە لەو دۆڵە بیست و پێنج دۆڵی سەخت و پێچاوپێچ دەبڕن. شەوێك كە بەناچاری بۆ حەسانەوە لادەدەن، لەلاپەرە 352 وەها وەسفی حاڵەكەی كردووە (هەموو بێدەنگ بووین، سەرمای نێو دۆڵەكەش تا دەهات زیاتر دەرزیژەنی جەستەی دەكردین، بە ئاستێك كە هەموو هەڵدەلەرزین، چونكە هیچ پەناو پاسارێكی گونجاوی لێ نەبوو كە خۆمانی لەپاڵدا حەشار دەین). بێگومان لەبەر سەرما ئەو شەوە خەویان لێنەدەكەوت. لەلاپەڕە 354 درێژەی بەو بارە داوە (ئەو شەوە سەرما بە ئاستێك بوو كە مۆڵەتی ڕازانی بە كەس نەدەدا، هەموو هەڵدەلەرزین، بۆیە چۆقە چۆقی ددانمان لە هەموو لایەكەوە بە ئاسانی دەبیسترا، ئەوەش تەنیا دەنگێك بوو، جگە لە هاژەی ئاوی دۆڵەكە – كە تا دەهات بڵندتر دەبوو- هیچی دیكە هێمنی ئەو شەوە تاریك و نوتەكەی نەدەشڵەقاند)… (ئەگەرچی هەموو برسی و شەكەت و بێ حاڵ بووین، بەڵام بە ورە بووین، چونكە چەك و پێداویستییەكانی جەنگمان بۆ ناوچەكانی خۆمان دەگواستەوە، كە ئەوەش ورزە و گوڕوتینێكی بەهێزی بۆ بەردەوامبوون پێدەداین).

دواتر رەوتەكە داخیلی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبێت. ئینجا بەقاچاغ خۆیان و بارەكەیان بەتراكتۆر و لۆری دەگوازرێنەوە نێوان سەردەشت و خانێ، تاكو لەوێدا جارێكی دیكە بەوڵاخ بۆ دیوی باشوور بێن. دوای بڕینی گوندی نۆكانی دوا ئاوەدانی سنووری رۆژهەڵات، جارێكی دیكە رێگەیان سەخت دەبێت. لەلاپەڕە 369 لەو بارەوە نووسیویەتی (تا ملمان دەنا هەر شاخی سەختتر دەهاتە ڕیگەمان، بۆیە وڵاخەكانیش كە بارەكانیان یەكجار قورس بوون، ئاو لە جەستەیان دەتكا، ئەوانیش بە ئەزیەت ڕەوتی سەرەو ژووریان دەكرد). بەڵام بەر لەوەی بەتەواوی داخیلی سنوور بن، لەگەڵ هێزی نەیاران (بەگوتەی خۆیان) دەستەویەخە دەبنەوە. لەو ساتەدا چیڕۆكخوێن دەڵێت ئامۆژگارییەكانی كوێخا موزەفەرم لەگوێدا دەزرینگاوە كە وتبووی : “نەكەن ئەو چەكانە دژی یەكتری بەكاربهێنن”.

بەداخەوە وا بەكارهێنرا وەك لەلاپەڕەی دواتر بەو جۆرە باسی كردووە (یەكەمین تەقە دژی هێزی بەرامبەر، كە بە لای ئێمە بە نەیاران لە قەڵەم دەدران، كرا). دوای وەستانی تەقە، كاروانەكە دەگاتە دێی (شێنی) كە بارەگای سەركردایەتی لێدانرابوو. بۆ رۆژی دواتر بەرەو گوندی هەڵشۆ رێگە دەبڕن. ئەوسا جارێكی دی رووبەڕووی سەختی سروشت دەبنەوە. لەشەوێكی سارد و تۆفاناوی و دواتر دابارینی بەفر. لەلاپەڕە 374 بەو جۆرە وەسفی ئەو حاڵەی كردووە (دەوروبەر بەرەو تاریكی دەچوو، كڵۆی بەفریش تا دەهات ئەستوورتردەبوو، بەوپێیەش ولاخەكان زۆر بەئەزیەت رەویان دەكرد تا ئاستێك كە وڵاخەكان لە بێ ڕێگایی و لە تاو هیلاكی هەموو لە جووڵ گەوتن، بۆیە هەر چەندمان كرد بەرەو پێشەوە نەدەچوون، بۆیە فەرمانمان بۆ هات كە بارەكان لەوڵاخەكانمان بكەینەوە و هەر لەجێی خۆی بەجێی بهێلین و خۆمان و وڵاخەكانمان هەرچۆنێك بێت رزگار بكەین). بەوەش خۆیان لەمەرگێكی مسۆگەر رزگار كرد. رۆژی دواتر گەیشتنەوە سەر چیاكە و بارە چەكەكەیان هێنا. ئینجا پێشمەرگەكان دابەشدەكرێن بۆ گروپی بچوكتر. هەر گروپەی بەشی خۆی لەو چەكە بۆ شوێنی خۆی دەبات. گروپەكەی چیڕۆكخوێن بەرەو گوندی نوورەدین رێگەیان گرتەبەر. لەبەر بوونی بارەگانی سەربازی وریایانە بەلارێدا رۆیشتن تا بەرەو بناری چیای ئاسۆس. ئینجا گوندەكانی شینكایەتی و سێدەریان بڕی تا گەیشتنە گوندی چۆخماخ. لەوێدا چیڕۆكخوێن بەمەفرەزەكەی پێشووی دەگاتەوە. لەوساوە رۆڵی ئەنوەر وەك فەرماندە دەردەكەوێتەوە.

ئەو گەشتەی چیڕۆكخوێن لەهێنانی كاروانی چەك، دوو مانگی خایاند. ئینجا لەنزیك گوندی خەمزە لەگەڵ جاشەكان رووبەڕوو دەبنەوە. دواتر بەهاوەڵی (جوتیار)ی دەلیلی پێشوو و پێشمەرگەیەكی دیكە كە (هاوڕێ) ی ناوبوو، نهێنییانە بەرەو شاری سلێمانی دەچێتەوە. ئەوان بەمەبەستی ئەنجامدانی چالاكی و ئەویش بەمەبەستی چارەسەركردنی ئاوسانی رووخساری كە بەهۆی رواوەدونانی ئەو شەوەی گیرابوو و دواتریش لێدانی لەلایەن ئیستیخباراتی سلێمانی، ئێسكی لووتی شكابوو. لەوێدا ناتوانرێ بەنهێنی نەشتەرگەری بۆ بكرێت. هاوكات جووتیار و هاوڕێ لەمزگەوتی دوو دەرگا دەكەونە كەمینی ئیستیخبارات. جووتیار رادەكات و هاوڕێش بەزامداری دەستگیردەكرێت.

دوای گەڕانەوەی چیڕۆكخوێن بۆ ناو پێشمەرگەكان، ئەنوەر نامەی پێدەدات بچێتە سەركردایەتی لە نێوزەنگ بۆ ئەوەی لەوێدا هەوڵی چارەسەركردنی بدرێت. ئەوسا بەهۆی راپەڕینەكانی ناو ئێران گوزەركردن لەسەر سنووری رۆژهەڵات ئاسان ببوو. بۆیە لەڕێگەی گوندی سیاگوێز دەپەڕێتەوە گوندی چەمپاراوی دیوی رۆژهەڵات. لەنێوزەنگ نامەكەی ئەنوەر بەبەرپرسی باڵا دەدات. ئەویش پێیدەڵێت چاوەڕان بە تا (م) دەگات كە دەلیلە تاكو لەگەڵ خۆی بەرەو سوریای بەرێت. لەو ماوەیەش ئەبو زەففاری عەرەبی كۆمۆنیست دەگاتە هەمان شوێن كە ئەویش دەبەویست بچێتە سوریا. لەو ماوەیەدا حكومەتی عێراقی هێرش بۆ نێوزەنگ دەهێنێ. چیڕۆكخوێنیش وەك پێشمەرگە بەشداری رووبەڕووبونەوەكان دەكات، لەو بەشەشدا چیڕۆكخوێن لەتەك هاوڕێ نزیكەكەنی (مامۆستا عەزیز و شێخ سدیق و ئومێد) وەك كەسێكی ئاسایی و نەشارەزا خۆی نیشانداوە، بەتایبەتیش لەكاتی باركردنی كاڵاكان و ناسینی شوێن و رێگاكان.

رۆمانی زیندانی گەڤەڕ
ئەوەشیان كە لە 12 بەشی بەژمارە ریزبەندكراو پێكهاتووە. هاوشێوەی رۆمانەكانی پێش خۆی تەواوكەری رووداوەكانە. تێیدا سەرەتا چیڕۆكخوێن باس لەبەسەرهاتەكانی دیكەی دەكات، دوای هێرشە سەختەكەی سوپای عێراقی لەكانونی یەكەمی ساڵی 1978 بۆ سەر بارەگاكانی نێوزەنگ. دواتر لەگەڵ ئەبو زەففار و رێبەڕێك بەمەبەستی گەیشتن بۆ خاكی سوریا، بەقاچاخ سنووری رۆژهەڵاتی كوردستانی دەبڕن و گوندەكانی كانی زەرد و وەردە و بێوران بەسەردەكەنەوە. بەهۆی گرتنەبەری رێگای نهێنێ، هاوشێوەی گەشتەكانی دیكە، سەختی زۆر دەچێژی وەك لەلاپەڕە 476 نووسیویەتی (سەرمای بەرەبەیان وەك چزوو دەچزا بە دەم و چاو و دەست و پەلمان). دواتر دەگەنە شاری سەردەشت و لەوێشدا چیڕۆكخوێن ئاشنامان دەكات بەباری شلەقاوی ئەوسای ئێران كە لەشوێنە جیاجیاكانی ئەو وڵاتە خەڵكی لەدژی رژێمی شا هاتبوونە جۆش. لەڕێگادا هاوەڵە عەرەبییەكە كە لەخوارووی عێراق هاتبوو، بەردەوام سەرسامی خۆی بەجوانی سرووشتی كوردستان دەردەبڕێ، وەك لەلاپەڕە 473 دەڵێت: “تێستا دەزانم بۆ ئەوەندە كوردستانتان خۆشدەوێت”. دواتر دەگەنە شاری مەهاباد. ئەوێش هاتبووە جۆش. لەوێدا رێبەر بەقاچاخ بەرەو شاری شنۆیان دەبەن. ئیتر وەك تۆڕێكی تۆكمە، چاوساغەكان یەك تەسلیمی یەكیان دەكەن تا دەگەنە گوندی زێوێی سەرسنوور. لەوێدا (م) ی دەلیل چاوەڕوانیان دەكات. كاتێكیش دەیانەوێت بەسەر سنوور هەڵگەڕێن خەڵكی دیكەش بۆ یارمەتیدان و ئاسانكاری لەگەڵیان رێگە دەبڕن، یەكێك لەوانە (ھ) ی ناوە كە بەفرشكێنی رێگا بوو. لەڕۆژێكی یەكجار سەخت و كڕێوە و بەفر، بەوپەڕی زەحمەت هەوڵی هەڵزنان دەدەن. لەو شوێنەشدا ناخۆشی زۆریان تووش دەبێت، وەك لەلاپەڕە 500 وەسفی كردووە (گەردەلوول بەفرەكە چەند جارێك لوولی داین و تێكرا سەروچاوی هاوەڵەكەمی پڕ دەكردەوە). لەلاپەرەی دواتریش (هەموو سەرسام ئەبڵەق تێیان دەڕوانیم، لەوە دەچوو چاوەڕێی من بن پێشنیارێك بكەم كە (ھ) وتی: با بگەڕێینەوە! گەر نا هەموو دەمرین). ئەوسا چەندان كاتژمێر بەقەد چیاكە هەڵزنابوون، عەرەبەكە تەواو شەكەت ببوو و نەیتوانی بەردەوامبێت، بۆیە چیڕۆكخوێن بڕیاردەدات بەتەنیا لەگەڵ (م) بەردەوامبێت و ئەوانی دیكەش دەگەڕێنەوە گوند. لەلاپەرە 502 وەها باسی باری دواتری كردووە (كە لەوان جیابووینەوە ورد ورد بە شاخەكەدا هەڵدەزناین، ئەمجارەیان ڕەوتمان گەلێ سەختتر بوو، زریانی بەفر لەگەڵ هەر سەركەوتنێكماندا بەهێزتر دەبوو، جاری وا هەبوو چەند مەترێ دەیگێڕاینەوە دواوە). لەلاپەرەی دواتریش بەو جۆرە بەردەوامبووە (بەرچاوم تاریك بوو، هیچم بە باشی بۆ بەدی نەدەكرا، یەك دوو جار سەرم دای بە بەفرەكەی بەردەممدا و خەریك بوو خەوی یەكجارەكیم لێ بخا).

دواتر لەسەر چیاكە بەرەو دیوی باكووری كوردستان دادەگەڕێن تا دەگەنە گوندی گەلیشم. دواتر بەرەو گوندی گارێ و ئینجا بۆ شارۆچكەی شەمزینان. كاتێك لەوێش بەرەو شاری گەڤەڕ بەڕێ دەكەون بێگومان بەقاچاخی و دوور لەچاوی جەندرمەی توركی، لەڕێگە ئاسوودەنابن، هەرچەندە بەئوتۆمبیلیش بوون. دڵنیاشكرابوون جەندرمە خەڵكی مەدەنی راناگرێت، كەچی بەر لەوەی بگەنە شاری گەڤەڕ، دەكەونە بۆسەیەكی تایبەت كە كۆمەڵێكی زۆری سەربازی كۆماندۆ بۆیان وەستابوون. هەر كە دەیانگرن ئازاریان دەدەن و كۆتیان دەكەنە دەست. ئەوسا چیڕۆكخوێن لەترسی ئەوەی نەوەك بەعێراقی بناسرێت و بەعێراقی بسپێرنەوە، خۆی بەسوری دەناسێنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی كۆنە پاساپۆرتێكی عێراقی و كۆمەڵێك نامەی لێدەگیرێت كە لەناو ئوتومبیلەكە شاردبوویەوە، بەرەو سەربازگە گەورەكەی دەرەوەی ئەو شارەی دەبەن. لەوێدا لێپرسینەوەی جۆراوجۆری لەگەڵ دەكرێت كە لەناویاندا سەركۆنەی كوردبوون و شۆڕشەكەی دەكەن، بەڵام ئەو ئازایانە دەوەستێت. تەنانەت رۆژێك كە كۆمەڵێك میت بەیاوەری وەرگێڕێك لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكەن و پرسیار لەبارەی كورد و شۆڕشی باشووری لێدەكەن، ئەو وەك كەسێكی ژیر و لێزان وەڵامیان دەداتەوە. بۆ رەوایەتیدان بەشۆڕش و گیانی شۆڕشگێڕیش لای كورد و زلهێزی حكومەتی بەعسیش، نموونە بەڤێتنامییەكان دەهێنێتەوە كە چۆن لەناوچەكەیان ئەمەریكیەكانیان تووشی سەرشۆڕی و دەرپەڕاندن كرد.

چیڕۆكخوێن بەپێچەوانەی زیندانی هەیئە، لەناو ئەو زیندانە ئاماژە بەوە ناكات ئازاری جەستەیی درابێت. تەنیا ئەوە نەبێت كەلەپچەی لەدەستدەكرا و لەشۆڤاجیش دەبەستراوە. كاتێكش سەرنج دەدات شەوانە بۆ ماوەی چەندان كاتژمێر كارەبای سەربازگەكە دەكوژێتەوە، شەوێك بەلێزانی خۆی توانی كەلەپچەكەی دەستی بكاتەوە تاكو رابكات، بەڵام كە دەگاتە راستی دەرگا دەبینێ پاسەوانی لێیە و دەرەوەش یەكپارچە بەفرە، بۆیە ئەو كارەی بەدروست نەزانی. رۆژی دواتر بەرەو دادگەی مەدەنی شاری دەبەن. لەوێشدا دادوەر لەڕێگەی وەرگێڕ گوێی لێدەگرێت و بڕیاری 15 رۆژ زیندانی بۆ دەدات.
ئەو ماوەیە لەزیندانی گەڤەڕ، زیندانییەكان و تەنانەت بەرپرسی زیندانییەكانیش رێزی دەگرن. لەرۆژانی دیاریكراوی سەردانیكردنی زیندانییەكان، ئاماژە بەوە دەكات رۆژێك دۆستێكی سەردانی دەكات. ناوی ناهێنێ، بەڵام بەپیاوێكی پروپوچ و بێكەلك ئاماژەی بۆ كردووە. داوای لێدەكات لەكاتی سەدارنیكردنەوەی تەنیا قوفڵێكی بۆ بهێنێ تاكو بەهۆیەوە پلانی راكردنی بەجێبگەیەنێ، بەڵام ئەو كەسە نایەتەوە لای. دواتر چیڕۆكخوێن بیر لەكوشتنی زیندانەوانەكە دەكات كە ئەویان بەمتمانەوە شەوانە بانگی دەكاتە لای خۆی لەژوورەكەی تاكو یاری تاوڵەی لەگەڵ بكات. لەو كاتەی چیڕۆكخوێن دەیەوێت زیندانەوانەكە بخنكێنێ بۆ ئەوەی بتوانێ رابكات، ویژدانی رێگای لێدەگرێت و دەستی ناچێتە ئەو تاوانە.

دوای تەواوبوونی ماوەكە بەرەو دادگەی دەبەوە. لەلاپەڕە 579 بەو جۆرە وەسفی ئەو ساتەی كردووە (هەستم بە سەرمایەكی بێ ئەندازە دەكرد، نازانم هی نیگەرانیم بوو لە داهاتوو، یا ترسی دادگا و بڕیاری نادیاری، یان هەر خۆی ساڵۆنەكە ساردبوو). لەوێدا بڕیاردرا تەسلیمی عێراق بكرێتەوە چونكە تاوانەكەی تەنیا ئەوەیە بەبێ ڤیزا هاتۆتە خاكی توركیا. بەو بڕیارە بەڕووكەش ئەوپەڕی چاكەی لەگەڵ كراوە، بەڵام گەڕانەوە بۆ عێراق واتا گەڕانەوە بۆ چەقی كێشەكان، گەڕانەوە بۆ بەردەمی سێدارە. لەشاری گەڤەڕ عەریفێك و دوو سەرباز بەرەو سلۆپی دەبەن، لەڕێگە بەشارەكانی وان و سلیڤان و دیاربەكر و ماردین رەتدەبن تادەگەنە جەزیرە. لەو ماوەیە چیڕۆكخوێن چەندان جار هەوڵی راكردن دەدات تا لەجەزیزە دەتوانێ لێیان رابكات، بەڵام ئەوان دەیگرنەوە و ئەویش بەردەوام دەبێت لەملنەدان و بوارنەدان بە كەلەپچەكردنی هەردوو دەستی، تا خەڵكی بەدەوریان كۆدەبنەوە، لەلاپەڕە 595 ئاماژە بەوە كراوە یەكێك لەناو خەڵكەكە پرسیار دەكات : “بۆ دەیگرن”. ئەویش پڕ بەدەم هاوار دەكات : “پێشمەرگەم!”. بەوە خەڵكەكە دەخروشێن. بۆ ئەوەی زیاتریش سۆزی ئەوان بەدەستبهێنێ هاوار دەكات : “پێشمەرگەم… پێشمەرگەی بارزانی”.

دوای ئەوەی توانی لەدەست عەریف و سەربازەكان رابكات، كرێكارێك فریای دەكەوێت. ئەویش كۆمەڵێك كەسی بۆ پەیدا دەكات و یارمەتی دەدەن تا كەلەپچەكەی بۆ دەپسێنن و دواتریش دەیگەیەننە شاری نەسیبینی بەرامبەر بەقامیشلی. بەهۆی پێدانی بەرتیلیش بەپاسەوانەكانی سەر سنوور، چیڕۆكخوێن دەتوانێت سیم ببڕێت و ئاودیوی رۆژئاوا بێت. بەو جۆرە كۆتایی بەڕووداوەكانی رۆمانەكان هێناوە (بە تەنیا، قاچاخ، هەڵاتوو، بێ پارە، بی پاسەپۆرت و نەشارەزا بەرەو پارچەیەكی تری كوردستان ملم نا).

چەند وردە سەرنجێك:
* ئەو بەرهەمە بەشێوەیەكی باش پێداچوونەوەی زمانەوانی بۆ كراوە و زۆر بەزحمەت هەڵەی چاپی تێدا دەبینرێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك وشەی تێدا بەكارهێنراوە مایەی سەرنجن، لەوانە:
1- لە زۆر شوێنی رۆمانی هەیئە وشەی (بەند) یان (بەندەكان) لەشوێن وشەی (بەندی) و (بەندییەكان) بەكارهێنراوە.
2- لەڕۆمانی سێگۆشەی سنوور دوو جار وشەی سمیرنۆڤ و لەڕۆمانی كاروانی چەكیش جارێك وشەی سمیرنۆف نووسراوە، مەبەست لێی چەكی (سیمنۆڤ Simonov) ـە.
* لەلاپەرەكانی 185 و 198 ی ڕۆمانی سێگۆشەی سنوور، دوو جار بەیەك شێوە وەسفی دێی چینگیان كراوە.
* چیڕۆكخوێن لەڕۆمانەكانیدا جۆراوجۆرانە مامەڵەی لەگەڵ ناوی كەسەكان كردووە. لەپێشەوەیاندا ناوی راستەقینەی خۆی بەكارنەهێناوە. ناوی هەندێك لەكەسەكانیشی تەنیا بەناوی خۆیان هێناوە، بۆیە ناسینیان ئاسان نییە. هاوكات لەڕۆمانی سێگۆشەی سنوور ناوی كەسانێكی بەتەواوی هێناوە، لەوانە (مولازم عومەر و عوسمانی قادر منەوەر) كەبەلای خوێنەر ئەوانە ناسراون. كەسایەتی وەهاش هەیە ناوی نەهێناون تەنیا ئاماژەی بەپلەیان داوە. بۆ نموونە لەڕۆمانی كاروانی چەك، وەسفی شێوە و لێهاتوویی كەسی فەرماندە و قسەڕۆیشتووی ناو كاروانەكەی كردووە. بەهەمان شێوە لەسەركردایەتی نێوزەنگیش ئاماژەی بە بەرپرسی باڵا داوە و ناوی نەهێناوە. لەدوا رۆمانیشدا پیتەكانی (م) و (ھ) بۆ ناوی دوو كەس بەكارهێناوە.
* هەموو ئەوانەی لەڕۆمانی هەیئە سزای بەندییەكان دەدەن و رووی رەشی ستەمكارانیان بەرجەستەكردووە، عەرەب و كوردی نەزانبوون. هەموو فەرمانەكانیشیان بەزمانی عەرەبی بوو، بەڵام نووسەر بۆ هیچیان ئاماژەی بەوە نەكردووە ئەوان بەعەرەبی قسەیان كردووە. تەنیا لە دوو شوێنی ئەو رۆمانە نەبێت باسی قسەكردن بەعەرەبی كراوە، یەكێكیان لەكاتی گێڕانەوەی قسەی غازی و ئەوی دیكەش لەكاتی گیرانی حەمە تەهای پێشمەرگە. بەڵام لەڕۆمانی زیندانی گەڤەڕ ئاماژە بەبوونی وەرگێڕ كراوە.
* لەهەموو ئەو شار و ئاواییانەی كوردستان كە چیڕۆكخوێن و پێشمەرگەكانی دیكە روویان تێكردوون، ئاماژە بەوە دراوە خەڵكی بەگەرمی میواندارییان كردوون و داڵدەیان داون و چاوساغیشیان بۆ كردوون.