خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- مەحمود قەرەداغی لە 1964/10/30 لەشاری حیللە (بابل) لەغوربەت و ئاوارەیی و دوور لەمەوتەن و زێدی شیرینی باب و باپیران چاوی گەشی بە ژیان هەڵێناوە. شاعیر لەبواری نووسیندا وەك خۆی گوتەنی : لەسەرەتای هەشتاكانەوە دەنووسم.

*بۆچی شیعرت هەڵبژارد؟
هەڵبژاردنی شیعر، لای من دنیایەكی جیاوازی لە نووسین پێ بەخشیووم ، تۆ ئەتوانی لە چەند دێڕێكدا (ژانی لە دایكبوونێكی نوێ) ببەخشی.
*شیعر بۆ كێ دەنووسیت؟
شیعر ئازاروسوێیە، یان باشتربڵێین :عیشق و گۆرانییە، ئەو ساتانە بەخشین ئەدەم كەلەخەڵوەتی ئەو بارینەدابم كە تەڕمكات، ئیتر بەهەرچی سۆزێك بێت، یان لەهەر ژانێكدا بم.
*شیعرت بۆ ژن نووسیوە؟
ژن، باڵای ئەرخەوانیی و پەلكەزێڕینەكانی خەیاڵی شیعریمن، لەو پەمەیی بوونەوە ئەو بەها بوونە ئەكەم.
*وەك لەكۆی شیعرەكانتا دەردەكەوێ (عیشق و یاخیبوون) پاڵەوانی نیشتیمانی شیعرو نووسینەكانتن، ئەوە بۆچی؟
هەڵبەتە گەیشتن بە عیشق، خاڵیی بوونەوە دەبەخشێت، من لێرەدا بەخت یاوەرم بووەو نەگەیشتوومە عەرشی عیشق، بۆیە بەردەوام ئەو هاوسێبوونەم .. هزری من لیوانێكی پڕی شیعریمن.
*شیعر لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
شیعر ئەو واتا مرۆییەم پێدەبەخشێت كە بەردەوام لە ژیاندا بم ،جوانیی و بەهاكانی (بوون) بەدیدار ببەخشێت.
*ئێستای شیعری كوردی چۆن دەبینی ؟
هەردەم لە هەموو كات و سەردەمێكدا، چۆن شیعر هەبووە، شیعرۆكەش هەبووە، لەم كات و ساتەی ئێستاشدا خاڵیی نیە لەو شیعرۆكانە!!
*ڕەنگدانەوەو كاریگەریی مەرگی ئازیزان و كۆچی گەنجان و بەكۆمەڵ بەجێهێشتنی نیشتیمان لەشیعرو نووسینەكانتدا؟
هەڵبەتە مرۆڤ لەدەستدانی هاوڕێ و ئازیزانی كاریگەرییەكی دەروونیی ئەبەخشێت وهاوكات ئازارێكی زۆر بەجێدێڵێت، من ئەوەندەی ئیلهامبەخشی ناجۆرو غەدرەكانم، كەمتر نووسینی تایبەت ئەبەخشم!!
*پیرۆزیی خاكی نیشتیمان و پێشمەرگە و گەورەیی شەهیدان لە كوێی شیعرەكانی تۆدان؟
ــ هەر شوێنێك سەروەرییمی تێدا پارێزراوبێت یان ئازادبم بە ماناو بەهاكانیەوە، ئەوە جیهان و نیشتمانی منە . هەربۆیە لەو ئازارانەوە كە پێی بەخشراوە، (ماغوت) ئەڵێ: ئەوەی من بە نیشتمانەوە ئەبەستێتەوە تەنها پێڵاوەكانمە.
*ڕات چییە لەگەڵ ئەو زۆر و بۆریەی شیعر؟
لای من شیعر ئیلهامە، ئەو ژانەیە لە دایكبوون ئەبەخشێت، بەدەر لەوە پڕكردنەوەی پەڕە سپییەكانەو هیچی تر…..!!
*ڕەخنەگرو لێكۆڵەری باش لە شەقامی ئەدەب و ڕۆشنبیری كوردیدا بەدیدەكەن ؟
زۆر كەمن، ئەوانەی لەو بوارەدا ئەبەخشن.
*نەبوونی سانسۆر لە مۆڵەتپێدانی چاپدا؟
بەهەموو ماناكانەوە، نووسین دەبێت ئازاد بێت و نووسەر خۆی بەرپرسیاریەتی نووسینەكانی ئەگرێتە ئەستۆی!!
*هیچ داهێنانێك لە شیعرو ئەدەبی كوردیدا دەبینن؟
هەوڵدان لەو كایەیەدا بەردەوامە، ئەوانەی جوانیی ئەبەخشن ، داهێنان بەدی ئەهێنن.
*بۆ قەڵەمی ژن و پیاو چی دەڵێن؟
هیچ جیاوازییەك نابینم ، تەنها لە نووسینەكانیاندا نەبێت.
*شیعر لای ئێوە هۆكارە یان ئامانج؟
مرۆڤ كاتێك دەبێتە شاعیر، دەبێ سیاچارەو بەدبەخت بێت، یان دڵی لە ئافرەتێكی جوان بچێت، (بایرۆن) وایگوت:جیهانێك بۆمن كە ئێش و ئازارەكانم بۆ بنووسێتەوە، ژانگرتنێكی شیعریمەو لەدایكبوونیەتی.
*شیعری باش و خراپ چۆن دەردەكەوێ؟
هەرشیعرێك هزرم داگیركاو سۆزێكم پێ ببەخشێت، (شیعرە) گەر(نا) بۆیە دەڵێم ( نا ) !!
*بەرهەمە چاپكراوەكانت؟

بەرهەمە چاپكراوەكانم بریتیین لە:
1- ڕاستی وێڵەو منیش بەدوای ڕاستیدا وێڵم /1991
2- پەساپۆرتی ونبوو/1992
3- مۆزەخانەی شۆڕش/ 1995
4- قەسیدەی بەر لەمردن ، پێناسێكی دابڕاو لە مێژوو / 1999
5- نیگا یاخیبووەكان/ 2002
6- ئیتر بەرد لەوشووشانە ناگرم كە لە دوێنێوە شكابوون / 2007
7- ئاونگی عیشقێكی تینوو (2007–2017)

*بەرنامە و پڕۆژەی داهاتووتان؟
سەرقاڵی كۆی بەرهەمە شیعرییەكانم.