بەیانیی ئەمڕۆ، هەولێر یەكێك لە پیاوە جوان و هونەرمەند و دەستڕەنگینەكانی لە دەست دا، ئەویش شێوەكار و هونەرمەند فەیسەڵ عوسمانە.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی حوزەیران، مامۆستا و هونەرمەندی گەورە و دەستڕەنگینی كوردستان و شاری هەولێر فەیسەڵ عوسمان، كۆچی دوایی كرد.

لەدەستدانی ئەو هونەرمەندەی كورد، زیانێكی گەورەیە بۆ كوردستان و شاری هەولێر و ناوەندی هونەری كوردی.

دواین پێشانگەی فەیسەڵ عوسمان لە 10ـی شوباتی 2022 لەسەر قەڵای هەولێر بوو، چەندان تابلۆی جوانی نمایش كرد، تابلۆی “سێبەرەكان” یەكێك لە جوانترین تابلۆكانی ئەو هونەرمەندەیە كە لە چەندان پێشانگەدا نمایش كراوە.

هونەرمەندی شێوەكار فەیسەڵ عوسمان لە ساڵی 1956 لە هەولێر لە دایك بووە، دەرچووی بەشی شێوەكاریی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدایە. لە پاریس، براگ، ئیتاڵیا، دوبەی، هۆڵەندا، ژاپۆن، ئەرمینیا، جۆرجیا، مەغریب، میسر و بەغدا بەشداریی لە چەندان پێشانگەی نێودەوڵەتی كردووە و خاوەنی چەندان بڕوانامەی نێودەوڵەتیی بوو.