خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- کاتژمێر (5) ی سەرلەئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 2022/6/1 بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حکومی و حزبی و بەشێک لە رۆژنامەوانان و نووسەران و بنەماڵەی شەهیدی سەرکردەخاڵە عەفان، لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئاشتی، لەشاری هەولێر، نووسەرو ڕۆژنامەنووس (ساسان دەروێش) لە ڕێورەسمێکدا٫ دووبەرگ لە کتێبەکەی بەناونیشانی (ڕاستییە شاراوەکانی نێو یاداشتەکانم) بەخوێنەران و ئامادەبووان دەناسێنێ (کە 1200 لاپەڕە لە خۆ دەگرێت) کە تیایدا باس لەبەشێک لەیاداشت و ڕووداوەکانی پەیوەست بە ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتی و کاری ڕۆژنامەوانیی خۆی و شەڕی نەگریسی ناوخۆو کارەساتی 13 ی حوزەیرانی خوێناوی شاری سلێمانی دەکات.

لەو ڕێوڕەسمەدا ، سەرەتا نووسەرو ڕۆژنامەنووس (ساسان دەروێش)بە درێژی باسی لە چۆنیەتی نووسینەوەی یاداشتەکانی خۆی و ڕاستییە شاراوەکانی نێو ئەو یاداشتە کردو پاشان بەڕێز خاتو ژاڵەی شەهید خاڵە عەفان بەناوی بنەماڵەکەیەوە ، سوپاسی نووسەری کتێبەکەی کردوئاماژەی بە گرنگیی نووسینەوەی ڕاستییەشاراوەکانی نێو یاداشتەکانی نووسەر کردو کورتەیەک لە ژیاننامەی شەهیدی سەرکردە خاڵەعەفانی خوێندەوە و دواتر هەریەک لە بەڕێزان مامۆستا فەرهاد عەونی و مامۆستا مومتاز حەیدەری و هۆشیار سیوەیلی و د.عەبدوڵڵا ئاگرین و شێخ کەمالی شێخ ڕەوفی هەنجیرەو عومەر زاوێتەیی کارگێڕی لقی شەشی ئەوروپای (PDK) وتەی خۆیان سەبارەت بە کتێبەکە پێشکەشکردو سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی نووسەریان کرد.

پاشان چەپکە گوڵی ڕێزو وەفاو ئەمەکداری لەلایەن هاوژینی شەهید خاڵە عەفانەوەپێشکەش بە برای نووسەرو ڕۆژنامەنووس (ساسان دەروێش) کراو وتەیەکی کورتی سەبارەت بە گرنگیی ئەو کتێبە و هەوڵ و ماندووبوونی نووسەر پێشکەشکردو لەکۆتاییدا کتێبەکە بە واژۆی نووسەر کرا بەدیاریی ئامادەبووان.

بۆ هەمان مەبەست، کاتژمێر (11) پێشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٠٢٢/٦/٥لەبارەگای ڕۆژنامەی خەبات بە ئامادەبوونی بەڕێز سەلام عەبدوڵڵا سەرنووسەری خەبات ودڵشاد وەسانی بەڕێوەبەری نووسین و ژمارەیەکی بەرچاو لە کارمەندانی ڕوژنامەکە، نووسەروڕۆژنامەنووس (ساسان دەروێش) کتێبە نوێیەکەی خۆی کەتایبەتە بە (ڕاستییە شاراوەکانی نێو یاداشتەکانم ) بەکارمەندانی ڕۆژنامەکە ناساند.

سەرەتای مەراسیمەکەش برای نووسەر (ساسان دەروێش) باسی لەگرنگیی کتێبەکە کردو پاشان هەریەک لە بەڕێزان سەرنووسەری ڕۆژنامەکەو د بەڕێوەبەری نووسین ، وتەی خۆیان سەبارەت بە گرنگی کتێبەکەو هەوڵ و ماندووبوونی نووسەر پێشکەشکرد و لەکۆتاییدا، بەواژۆی نووسەر نوسخەیەک لە کتێبەکە یەدیاری پێشکەش بە کارمەندان کرا.