خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- خانمی شاعیر (شەهێن تەها سەعید) لەساڵی (1957 ) لە شاری كەركووكی دڵی كوردستان ، چاوی بە ژیان هەڵێناوە و لە قۆناغی دوا ناوەندییەوە خولیای نووسین بووە بەتایبەتی نووسینی شیعر ، دواتر لەچەند شار و شارۆچكەیەكی كوردستان لە كۆڕی شیعر خوێندنەوەدا بەشدار بووە و سیمینیاری بەڕێوە بردووە جگە لەوەی لە چەند گۆڤار و رۆژ نامەیەكی كوردی و عەرەبی لە شاری هەولێر نووسینی بە هەر دوو زمانی كوردی و عەرەبی بۆ بڵاو كراوەتەوە ، ئێستاش چەند كتێبێكی لە بواری شیعر و رۆمان ئامادەن بۆ چاپ و بڵاوبوونەوە ،خانمی شاعیر دوای ساڵانێك لە ئەركی پیرۆزی مامۆستایەتی ئێستا مامۆستای خانەنشینە و لە كاری نووسین بەردەوامە، شەهێن بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی (خەبات)ی دایەوە:
*پێناسەت بۆ شیعرو شیعر لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
شیعر پێناسەیەكی تایبەت بە خۆی نییە لە دیدی مندا دەكرێ بڵێین :
شیعر (سكاڵایە ، نامەیە ، خەیاڵە ، خۆزگەیە ، گوزارشتە ، مەعریفەیە ، پەروەردەیە…) و كۆمەڵێك چەمكی دیش لە خۆ دەگرێت.
*شیعرت بۆ پیاو نووسیوە؟
شیعر زۆر لەوە جوانتر و بەرزتر و فراوانترە كە وەكو رەگەز لێی بڕوانم ولە كەسێكدا كۆی بكەمەوە .. نووسینی شیعری من بەگشتی بۆ روحی هەموو ئەو كائینانەیە كە خۆم هەست بە وجوودیان دەكەم ، جا لەهەر كوێیەكی ئەم دونیایە بن.
*دوێنێ و ئێستای شیعری كوردی چۆن دەبینی؟
لە هەموو زەمەنێكدا كۆمەڵێك خەڵكی داهێنەر و بەتوانا هەڵدەكەون لەوانەش كەسانی خاوەن قەڵەم ئیدی بە ڕێژەی زۆر و كەم كەوتووە لە هەر زەمەنێكدا ئێستاش كەسانێك هەن زۆر بەتواناو پڕ بەهرە بەڵام جیاوازی لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا ئەوەیە كە بەداخەوە كۆمەڵە خەڵكێك شتێكی وایان لە باردا نییە بەڵام بەزۆر خزاونەتە بوارەكەوە و رێگەبڕی لە كەسانی بەتوانا وخاوەن ئەزموون دەكەن ، نابێ ئەوەش لەبیر بكەین كە تەنها بەرهەمی زۆر و كەڵەكە بوو سەركەوتنی خاوەنەكەی ناگەیەنێت.
*بۆچی و بۆ كێ شیعر دەنووسیت و ئامانجت چییە لە نووسیندا؟
هەمان وەڵامی سەرەوەم هەیە بۆ بەشی یەكەمی پرسیارەكەتان.. بۆ بەشی دووەمیش هەڵبەتە مافی هەموو كەسێكە بۆ خۆی بنووسێت بە مەرجێك باڵی لەخۆبایی بوون نەگرێت بێگومان هەموو ئارەزوومەندێكی شیعر نابێت بەشاعیر.
* ئاشنایەتیت لەگەڵ كتێب و خوێندنەوە داچۆنە؟
خوێندنەوەی كتێب لەكاتێكدا بۆ هەمووان پێویستە دیارە بۆخاوەن قەڵەم زیاترلە خەڵكانی دی زەروورە تیایاندا شاعیر ، بەو پێیەی كە خاوەن قەڵەم دەبێت لایەنی مەعریفی خۆی زۆر پتەوبكات و شارەزایی و ئاگای لە زۆربەی دیاردەكانی سروشت و ژیان هەبێت بۆ نموونە كاتێك شاعیر باس لەهەور دەكات پێویستە لە لایەنە فیزیكییەكەی ئاگادار بێت بەكورتی شاعیران و هەموو خاوەن قەڵەمێكیش دەبێ خوێنەری بەردەوام بن بۆ كتێێب تا بتوانن پەرە بە نووسینەكانیان بدەن.
*كێ هاوكارو هاندەرت بووە لە بواری نووسیندا؟
بە حوكمی ئەوەی باوكم كەسێكی شیعر نووس و رۆشنبیری سەردەمی خۆی بوو بێگومان منیش بەمنداڵی كاریگەری ئەو بارو دۆخەم بەسەرەوە بووە، كە دەستم بە نووسین كرد هەڵبەتە بە سوپاسەوە هەندێك لە هاوڕێیانی قۆناغی دواناوەندی و مامۆستایانی ئەو قۆناغە هانیان داوم دواتریش رەحمەتی برام زۆری هانی دەدام تا بەردەوام بم لەنووسینی شیعر.
*پیرۆزیی خاكی نیشتیمان وگەورەیی شەهیدان و مەرگی ئازیزان و كۆچی گەنجان لە شیعرەكانی تۆدا؟
دیارە خاك و نیشتمان بایی ئەوە شیرین و خۆشەویستن لە ناخی هەر كەسێكی وشیار وبە ئەمەك بۆ هەستی هاوڵاتیبوون بەڵام من پێم وایە بۆ خستنە ڕووی ئەو دڵسۆزییە تەنها و تەنها نووسین كیفایەت نییە بەڵكو جۆرەها رێگەی دی هەن بۆ دەربڕینی ئەو هەستە گەرچی منیش لەو بارەوە چەند بابەت و نووسینێكم هەن.
*چی دەڵێن بۆ قەڵەمی ئەدەبی ژنان و ئەدەبی پیاوان؟
بەڕای من شتێك نییە بەناوی ئەدەبی ژنان یان ئەدەبی پیاوان بەڵكو شتێك هەیە ئەویش ئەدەبی ئینسانە واتا هەموو ئەو هەستە ئینسانییە جوان وبەرزە لای هەردوو رەگەز بە یەكسانی بوونی هەیە. ئێمەی مرۆڤ كە بە جودا لێی دەڕوانین ئەگەر نا ئەوە دەستی ئینسانە هەموو ئەوهەست و وشە ئینسانییانە لە قووڵایی ناخەوە دەگوازێتەوە سەر رووی لاپەڕەكان.
*بەرهەمی چاپكراو؟
نەخێر.. بەداخەوە، چونكە تا ئێستا هەلی چاپكردنم بۆ نەڕەخساوە.
*پڕۆژەی داهاتووتان؟
چەند كتێبێكم لەهەردوو بواری (شیعر و رۆمان) ئامادەن بۆ چاپ و بڵاوبوونەوە.










