خەبات:سۆلین سلێمان:- سیزار یوسف وێنەکێشی بەتوانا کە خەڵکی شاری ھەولێرە و تەمەنی 24 ساڵە وێنەی جۆراوجۆر و سەرنج راکێش دەکێشێت، ئەو لەو دیدارێکدا بۆ خەبات بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەکانى دایەوە.

*لە سەرەتاوە چۆن دەستت بەو کارەکرد؟
“وێنەکێشان بەھرەیەکى منداڵیمە، باوکم و مامەکانیشم ئەو بەھرەیان ھەیە و وێنەکێشن، سەرەتای دەستپێکردنی من بۆ ساڵی 2016 دەگەرێتەوە، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا لەکارى وێنەکێشان بەردەوامم.

*ئایا بە وێنەکێشان توانیوتە داھاتێک بۆخۆت تەرخان بکەی؟
“وێنەکێشان تەنھا ئارەزوویەکى خۆمە، ھیچ بەرژەوەندیەکم تێدا نیە تەنھا ئەوە نەبێت، وەک ماندووبونێک بۆ دروستکردنی وێنە بۆ ئەوانەی ئارەزووی وێنەکێشان دەکەن، بڕە پارەیەک وەردەگرم بەڵام نەبووەتە سەرچاوەی داھاتێک بۆ بژێوێ ژیانم.

*ئایا تا ئێستا هیچ پێشەنگایەکى تایبەت بەخۆتان کردۆتەوە؟
“نەخێر تا ئێستا ھیچ پێشەنگایەکی تایبەت بە خۆم نەبووە، بەڵام لە بەرنامەمدا ھەیە لە داھاتوویەکی نزیک پێشەنگایەکی تایبەت بە خۆمم دەبێت.

*ئایا لەکۆتاییدا چ پەیامێکت ھەیە؟
“پەیامی من بۆ ئەو کەسانەی کە وەک خۆم وێنەکێشن ئەوەیە، گرنگی بە قسەی خەڵک نەدەن و بەردەوام بن لە پیشاندنی بەھرەکانی خۆیان، برەو بەکارەکانیان بدەن و پێشی بخەن.