بەكر كەریم حەسەن
نووسەر و شاعیری سویسری جوتفرید كیلەر دەڵێت: ژیانی مرۆڤ بریتییە لە فێربوونی هەتا هەتایە. دوای ئەوەی قوتابی خشتەی خوێندن و پێداچوونەوەی بابەتەكان رێك دەخات و ڕۆژانە پابەندی دەبێت، بێگومان زۆرجاریش هەست بە ماندووبوون دەكات، بۆیە پێویستە قوتابی ناوە ناوە میوە یان چەرەزات یان خواردنێكی سوك بخوات تا بەردەوام هێز و وزە بە جەستەی ببەخشێت، چونكە هەموومان دەستەواژەی (بیری تەندروست لە جەستەی تەندروست دایە) لە یادمانە و كاری پێ دەكەین، كە ئەوە یەكێكە لە وتە ناودارەكانی فەیلەسووفی یۆنانی ئەفلاتون، بۆیە ناكرێ قوتابی بە برسیەتی بخوێنی، چونكە هەر جۆرە خواردنێك لەو كاتانە وزەیەك بە جەستە دەبەخشێ‌ وا لە قوتابی دەكات بە چالاكی و بەهێزی بەردەوام بێت و پارێزگاریش لە زانیارییەكانی بكات كە خوێندوویەتی. لەوەش گرنگتر بۆ قوتابی ئاواتەخوازی و سووربوونیەتی لە سەر ئەوەی دەیەوێ پێ بگات، بۆ نموونە گەر قوتابی بیەوێ لە پاشە رۆژ ببێتە پزیشكێكی زیرەك و كارامە و چاپوك یان ببێتە ئەندازیارێكی بەتوانا و بلیمەت و سەركەوتوو یان ببێتە مامۆستایەكی زیرەك و بەتوانا و بەناوبانگ ئەوا بێگومان لە پێناو گەیشتن بە هەر یەكێك لەوانە پێویستی بە هێنانی نمرەی بەرز و خوێندنی باش و بەردەوام هەیە تا پێی بگات و سەركەوتووبێت.
بۆیە هەردەم پاڵنەر و هاندەر و ئاوات بە گرنگترین شیرەت و ئامۆژگارییەكانی خوێندن و پێداچوونەوە و سووربوون دادەنرێن، هەروەها دووركەوتنەوە لە بیرو بۆچوونی نەرێنی هەمیشە ئەو هاوڕێیانەی بیرۆكە و ڕای نەرێنی و ترسیان هەیە لە هەندێ بابەت وا لە قوتابی دەكات ترس و ڕاڕا بێت و نەتوانێ بە سەر بابەتەكە زاڵ بێ، بۆیە پێویستە قوتابی هەردەم لە هاوڕێ نەرێنی و دوودڵ و ڕاڕاكان دووربكەوێتەوە و هەردەم ئەو دەستەواژەیە لە پێش چاوی و لە هزر و بیری بچەسپێنێ،‌ كە هیچ بابەت و وانەیەك قورس و ئاستەم نییە، بەڵكو هەندێ قوتابی هەیە بەوپەڕی دڵسۆزی و متمانە بەخۆبوون دەیخوێنێ‌ و لە بەرامبەریشدا قوتابی هەیە بابەتەكان فەرامۆش دەكات و كەموكوڕی لە خوێندن هەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا قوتابی پێویستە ئەو ماوەیەی كە تەرخان كراوە بۆ خوێندن و پێداچوونەوە هەمووی بە كاربهێنێ‌ و هەوڵ بدات هیچ ڕۆژێك لە ڕۆژەكان نەفەوتێنێ‌ و بە خۆڕایی ئەو كاتەی لە دەست نەچێ، چونكە قەرەبووكردنەوەی ئاسان نییە و لە هەمان كاتیشدا بابەتەكان زیاتر لە سەر یەك كەلەكە دەبن و ئاسان نابێت، بۆیە لە بیرمان نەچێ ڕێكخستنی كات لە ژیان بە شێوەیەكی گشتیی هۆكارێكی گرنگی سەركەوتن و زاڵ بوونە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەش دا نابێ هێمنی و بێ دەنگی لە بیر بكەین، چونكە هەمیشە هێمنی و ئارامی هاوكار و یارمەتیدەرێكی باشی قوتابی دەبێت بۆ زیاتر چەسپین و جێگیربوون لە سەر خوێندن و وەرگرتنی زانیاری بە سوود و لە هەمان كاتیشدا بەدەستهێنانی قوتابی دەبێت بۆ ئەو مەبەستەی كە هەوڵی بۆ دەدات كە ئەویش ئەنجامی خوێندنەكەیەتی و مسۆگەركردنی بەرهەمەكەیەتی.
لە كۆتایی ئەو وتارەدا زیاتر جەخت لە سەر ئەوە دەكەمەوە، ئەگەر هەر قوتابییەك هیواو ئاواتێكی هەبێ لە هەمان كاتدا متمانەی تەواوی بە خودای گەورە هەبێت كە هەموو شتێ‌ ئاسان دەكات، ئەوا بە دڵنیایی بەرهەمی شیرینی دوای ماندووبوون بەدەستدەهێنێ‌، لەگەڵ هیوای سەركەوتن و پاڵپشتی خودای گەورە بۆ هەموو قوتابیانی ئازیز و خۆشەویست.

بەرێوەبەری گشتی-وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی