وهزیرى دارایی و ئابووریی حكوومهتى ههرێمى كوردستان ڕایدهگهیهنێت، له كهمترین ماوهدا، مووچهخۆرانى ههرێمى كوردستان به شێوهى كارت مووچهكانیان وهردهگرن.
سهرلهبهیانیی ئهمڕۆ سێشهممه 31/5/2022، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە دو تاینتواتچ، بەرپرسی بەشی سیاسی و ئابووری و سێپ پاچ، سەرۆکی یەکەی ئابووری لە كونسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان، کرد.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، شاندی میوان دوا پێشهاتەکان و گۆڕانکارییەکانیان لە دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێم تاوتوێ کرد، دواتر وهزیرى دارایی باسی لەوە کرد: “سەرەڕای دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، نابێت لەبیرمان بچێت کە لە سەرەتای ساڵی 2013وە، حکوومەتی ناوەندی عێراق گەمارۆیەکی ئابووری بەسەر هەرێمی کوردستان سەپاندووە”.
گوتیشى: “بەڵام دڵخۆشین بەوەی لە هەرێمی کوردستان ئیرادەیەک هەیە بۆ بەرەوپێشچوونی چاکسازیی سەرتاسەری”.
شاندی میوان پرسیاری ئەوەیان ئاراستەی وەزیری دارایی و ئابووری کرد، كه کارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری چۆن بەرەوپێش دەچن؟ لە وەڵامدا وەزیری دارایی ڕایگەیاند: “بە هەموو ئاستەنگەکانەوە ،هەوڵی تەواومان داوە بە کەمردنەوەی ڕۆتین و بە ئەلیکترونیکردنی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتمان، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە بۆ هاووڵاتییان”.
هاوکات ئاوات جەناب ئەوەشی دووپات کردەوە: “لە دوایین هەوڵماندا، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی تەکنۆلۆژیاى بانکەکانهوه، بڕیارە لە کەمترین ماوەدا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی کارت مووچەکانیان وەربگرن”.
لە کۆتاییدا شاندی میوان پشتگیریی خۆیان بۆ وەزارەتی دارایی دەربڕی، ههروهها ئاماژەیان بهوه دا کە بۆ هەموو سێکتەرەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری پاڵپشت دەبن، لە پێناو سەرخستنی حکوومەتی هەرێمى كوردستان بە گشتی و وەزارەتی دارایی و ئابووری بە تایبەتی.