دادگای كەركووك سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەركرد. تاڵەبانی دەڵێت، بابەتەكە سیاسییە وەك لەوەی یاسایی بێت، ناچمە دادگای كەركووك و ئەوە پێوەندی بە رووداوەكانی دوای 16 ئۆكتۆبەر هەیە.

دادگای كەركووك ئەمڕۆ بڕیارێكی تری دا كە سزادانی ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاری كەركووكە، ئەو بڕیارەش سیاسییە و یاسایی نییە. سەرۆكی ئەنجوومەنیش دەڵێت، پابەندی بڕیارەكە نابم.

ئەمڕۆ سێشەم 31ی ئایار، رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە “وشە”ی راگەیاند، ئاگاداری ئەو بڕیارە نیم و تەنیا لە سۆشیال میدیا بینیومە، بە هیچ شێوەیەك ئاگادار نەكراومەتەوە و پێشتریش سەردانی چەندان دادگام كردووە بەتایبەتی بەغدا و داواكانیشم بردووەتەوە، بەڵام ئامادە نیم بچمە دادگای كەركووك، چونكە بڕیارەكانی یاسایی نین و سیاسین.

زیاتر گوتی، ئەو بڕیارە پێوەندی بە رووداوەكانی دوای 16ـی ئۆكتۆبەرەوە هەیە كە من ددانم بە دۆخی سەپێنراوی كەركووك دا نەناوە و بە بارودۆخێكی نادەستووریم داناوە، ئەوەش بەشێكە لەو پیلانگێڕییانەی دروست كراون بۆ بابەتە سیاسییەكە.

باسی لەوەش كرد، لە دادگا ناترسم و لەوەتەی هەم هیچ دادگاییەكم نەدۆڕاندووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دۆخی كەركووك نادەستوورییە، ئامادە نیم بچمە دادگای ئەو شارە، بابەتەكە بە سیاسی دەزانم و هەمووانیش ئەوە دەزانن.

دوای رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر، ئەو كوردانەی دڵسۆزییان بۆ كوردستان هەبووە، بە چەند بڕیارێكی سیاسی سزا دراون و چەندان داوایان لەسەر تۆمار كراوە كە لایەنێكی سیاسی پاڵپشتییان دەكات.