دەستەی وەبەرھێنان چەند زانیارییەک لەبارەی دەنگۆی بڵاوبوونەوەی مەرجەکانی پێدانی 20 ھەزار شووقەکەی کرێچییان بڵاوکردەوە.
شەممە 28/5/2022، دەستەی وەبەرھێنان لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: “ماوەیەکە لە ھەندێ پەیج و ماڵپەڕ، ھەواڵی بێ بنەما لەبارەی مەرجەکانی پێدانی 20 ھەزار شووقەکە بڵاودەکرێنەوە، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، بۆ خێرا جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەبەرھێنان لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان بەڕێوەبرد، لەبارەی نرخ و شێوازی قیست و دروستکردنی پڕۆژەکە چەندین پێشنیاز خرانەڕوو، رایسپاردن لەسنوورەکانی خۆیەن کار لەسەر پڕۆژەکە بکەن، تاوەکوو ئێستا ھیچ لەو پێشنیازانە نەبوونەتە بڕیار و بەردەوام کاریان لەسەردەکرێ”.
هەروەها دەستەی وەبەرهێنان ئەوەشی خستووەتە روو: “دڵنیابن حکوومەت ھەوڵدەدات، بەباشترین شێوە ئەو پڕۆسەیە جێبەجێ بکات و کەسانی شایستە سوودمەندبن”.