نەژاد عزیز سورمێ

ئەو بەرھەڵە ھەبێ و نەبێ چییە؟
ئاوازی جادووگەرانی تاریکی
بەئێمە لێ نەدرا ..
بەفر ،
لە دەرەوەی بازنەی وەرزەکان
چرۆی دەرکردبوو ..
ڕووبار ،
پیرییەتی یۆتۆبیای لە کۆڵ نابوو
بە نەزمی کولانەوەی برینەکانمان
دۆڵاو دۆڵ دەھات ..

بەھارێکی پۆشتە بوو
درەخت گەڵایان ھەڵوەراند.
ئەستێرە لە ھەوران نقوم بوون .
بەڵام ئاخ ..
کلیلی عومریان شکاندین ..
چەخماخەی نەوایان بە زریان سپارد …

بەم جۆرە
(مەرگ)یش جیاوازی تێکەوت!!

بڕوانە!
لێومان بە لێوی بورکانەوە ناوە
قاسیدی ھەتاویش لە قامیشەڵانی سۆزدا ،
ئاوازی جادووگەرانی تاریکی دەچڕێ ..

بەختەوەر بوون ئەوانەی ڕۆیشتن..
بەختەوەر بوون
ئەوانەی نوێژیان بۆ ئایندەی بەفر دەکرد
بەختەوەر بوون
ئەوانەی (با) یان لە چاو کرد و
دڵیان لە باران پڕ کردبوو
بەسەر پردی (نۆ ھەشت شەش)دا پەڕینەوە
بەختەوەر بوون ..

(پرۆفاید کۆمفۆرت) ،
بادەی نەشئەبەخش..
شازادەی کسپەدار
لەبەر ڕەشماڵی لەعنەتیی شیعردا
کینەوەر ،
لە شەقامی گریان
لە جوغرافیای داخراو ..
لە دڵی سەر تیشە
سەمفۆنیای ئاگری
کەنار و کەنار
بنار وبنار
ئاسمان و ئاسمان
ھەڵدەفڕاند ..

بەدنمەکی
تەنی لەرزۆکی
بۆ برووسکە ناکاتەوە…
ئیتر بەسەرچوون
ساتەکانی نمایشی پاکیزەیی بەسەرچوون ..
ئەستێرە پۆل پۆل ڕایان کرد
تێیاندا بوو
لە لەزەتی جەستەی شەڵاڵدا دەتوانەوە ،
تاک تاکیش
بەسەر ڕەخشی ئومێدەوە مابوونەوە
دەڕژانە گیرفانە زلەکانی ئایدیۆلۆژیا ..

ئەو بەرھەڵە ھەبێ ونەبێ چییە؟
ئەبەدییەت …
کوێرایی مێژوو …
تەکنیکی داتەپین …
گۆزەیەکی خەت خەتی سۆمەر و
شەقامی بە ژاوەژاوی
مەیخانەکانی (ئوور) دەرچوو…
لێم دیارە… با بڕوات
گەردوونێکی سۆزانی ،
لە سوێند و شادی و
خەم و درۆدا ھەڵکێشراو ..
با بڕوات
مۆمێکی ھەڵایساو
بەسەر پەنجەکانییەوە دزە دەکا
تەلیسمی کازیوەیە…
شەفەقی ڕسکان …
دەنگەکان پچڕپچڕ
باران پچڕپچڕ
زیندانەکانی ناخ دەکوتێ ..

ئەی خودای تاک و تەنیا !
تەنیا
تەنیا
ئێمە سوختەی ئەو ھەڵەتەین
لە خاکی لەعنەتیی شیعر،
نە سیپارەیەکمان پێیە
نە تیشوویەک
ڕۆژگار ،
بە تراکسوتێکی بریقەدارەوە
لە باخچە ئەفسانەییەکانی شەودا
دەخوولێتەوە ..
لەگەڵ ئەوەشدا
خەنجەرێک نەپشکوی
چرۆیەک دانەوەشێنرا ..

ئەی ڕووباری سەرشێت !
ڕووباری پیرییەتی یۆتۆبیا
ئەی ترسی نزیک !
کوێرایی با
لە دوورگەی شەختەڕا
دەتکەم بە کۆلارەیەک
دوور دوور
بەرز بەرز ھەڵتئەدەم
تا لە چاوی ھەمووانت ون دەکەم .

نيسانى 2001