سامیە شێروانی
شۆڕشی گوڵان لەڕۆژە سەختەكانی دوای پیلانگێرییە شوومەكەی جەزائیر، بەرابەرایەتی باوكی رۆحیمان ( بارزانی نەمر) ، بە سەركردایەتی كارای شەهید ئیدریس بارزانی و سەرۆك مسعود بارزانی لەشەوە زەنگی تاریكیدا چرای هیوایان داگیرساند و هەرزوو بڵێسەی شۆرش سەرجەم ناوچەكانی كوردستانی گرتەوە، چەخماخەی شۆڕش سەرلەنوێ هزری كوردایەتی جوڵاندووە، توانرا خەونی لەرزۆكی دوژمنانی كورد لەباربەرێت، دەیان داستانی مێژوویی وەك داستانی شارستێنە و داستانی خواكورك و كانی ماسی لەسەر دەستی پێشمەرگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان توماركرا، لەوساتانەدا نەیارانی گەلەكەمان گرەویان لەسەر نەهێشتنی هیوا و بێ ئومێدكردنی گەلی كوردستان دەكرد، بەڵام هێزی پێشمەرگە وەلامێكی پۆلاینی دانەوە كە مێژوویی سەرلەنوێ نووسیوە.

ڕەهەندەكانی شۆرش
شۆرشی گۆڵان چەند ڕەهەندێكی ستراتیژی لەخۆگرت، وەك پاراستنی ناسنامەی كوردایەتی و دیاریكرددنی چارەنووسی نەتەوەی كورد و ڕزگاركردنی میللەت لە دەست زوڵم و داگیركاری ، ئەمە بێجگە لەوەی لەڕووی پراكتیكیشەوە سیاسەتی ژیرانەی پارتی توانی سیاسەتێكی هاوسەنگی زۆ كردەكی واقعیانە لەوساتە ناهەموارەدا بگرێتەبەر ، ، بەئەنجامدان و تێكەڵاوكردنی هەردوو شۆرشی چەكداری و جموجۆڵی سیاسی لەگەڵ ڕەوتی سەردەم و باری جیۆپۆلەتیكی كوردستان بگونجێت.

بەرەی كوردستانی
سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لەرۆژانی سەرەتایی شۆرشەوە هەنگاوەكانی بۆ بنیادنانی برایەتی و بەهێزكردنی گیانی تەبایی دەستپێكردبوو، یەكەم كارنامەی بۆ ئاشتەوایی لەنێوان هێزە كوردستانیەكان لە ساڵی 1985 دا ئامادەكراو، هەر زوو شەهیدی هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی هەوڵەكانی دەستپێكرد، دەیان دیداری دیپلۆماسی لەگەڵ هەریەك لەجەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ئەنجامدا، ئەوەبوو لەدوای كۆچی دوای ئیدریس بارزانی ، لە لە ئایاری 1988 ، لەسەر دەستی سەرۆك مەسعود بارزانی بەرەی كوردستانی راگەیێندرا.

راپەرین
لەدوای پانزە ساڵی پر لەتێكۆشان ، سەرۆك مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی بەرەی كوردستانی نەحشەسازی بۆ راپەرینێكی گشتگیر و فراوان داڕشت ، لەكەمترین ماوەدا زەنگی سەركەوتنی مەزن لە ئازاری 1991 لێدرا، هەروەها لە ئایاری 1992 یەكەم هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا ،دواتر یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێم دامەزرا، لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بدەین پەرلەمان و حكومەتی هەرێم بەرهەمی شۆرشی گوڵانی پێشكەوتوخوازن.

فەلسەفەی شۆرش
بەرنامەو فەلسەفەی شۆرشی گوڵان لەسەر ڕێبازی بارزانی نەمر دامەزرا ، هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، ئەمەش زیاتر ڕەهەندی سەركەوتنی بەشۆرش و زیندوویەتی بۆ هەتا هەتایی پێبەخشیوە، چونكە تەنیا جوڵانەیەوەیەكی چەكداری نەبوو بەڵكوو شۆرشێكی هزری كەلتووری و چەندان ڕەهەندی كۆمەلایەتی نوێی لەهەگبەكەیدا هەڵگرتبوو.

لەلایەكی ترەوە بە یەكێك لە قۆناغە گرنگ و تایبەتمەندەكان لەمێژوویی بەرخودانی پێشمەرگە دەناسرێت، چونكە سەلمێندرا ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەل تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت ئەوە ئیرادەی تێكۆشانی كوردایەتی هیچ كات نەشكاوە و بە گوڕوتینێكی تازە سەرهەڵدەداتەوە.

مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە
ئەمرۆ سەرۆك مەسعود بارزانی لەیادی شەست ساڵەی پێشمەرگایەتیدا ، وەك تاكە مەرجی نەتەوەیمان، بۆ جارێكی تر توانی سەرلەنوێ پەیامی یەكڕیزی نیشتیمانی دووبارە بكاتەوە، هەولێری كردۆتە ناوەندێكی دیپلۆماسی لەسەر ئاستی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تاكە سەركردەیە بەدرێژای ساڵانی رابردوو هەتا ئەمڕۆ بەرگری لە قەوارەی هەرێم دەكات، چۆن لەرابردوودا پارتی هەڵگری مەشخەڵی خەبات و پێشمەرگایەتی و بڵێسەی شۆرشی گوڵانی داگیرساند، ئەمڕۆش پارتی زۆر بەشانازییەوە تاكە هێزی كوردستانیە بەرگری لە قەوارەی هەرێم دەكات و ئامادە نیە سازش بۆ هیچ هێزیكی بیانی بكات.
لەكۆتایدا هەزاران سلاو لەگیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان سەروەرییان باوكی رۆحیمان ( بارزانی نەمر) و كاكە ئیدریسی هەمیشە لەیاد.