شاعیر: زێنەب یووسفی

” ٨ی مارسێکیتر ”

کە قژی مانگ و مێشکی خۆرمان
سپاردە تەقەدۆسی دەستەکانت
کفنی هێشخان و چێشتخانەکان
دابڕانە سەر باڵامان
وەکوو ”گووتیک”ێکیتر…..
کە بڕوامان هێنا بە تۆ
قاپ و قاچاخ وکەوچکە ستەمکارەکان
قازانگ و تیانە پڕ تەفرەکان
ببوونە زیندانبانمان
وەکوو ڕۆنیسانس…….
بێ هیچ جەرەسێک بۆ حەسانەوە
وەکوو داهۆڵی چارڵی چاپلینانە
هەر دەگەینە بن بەست و دەبینە
بزماری قەرەوێڵەی شەهوەتی تۆ
وەکوو تابلۆی کۆیلەتی…..
تۆیی جەلادی خەونەکانمان
هیچکات نەگەیشتینە تەرازوەکانی عەداڵەت
جگە لە دەشتی سەوز و سوور و کارەبایی
تۆ لە چەشنی سەیاد و ئێمە ئاهو
ئەی خراپترین گەورە…………
__________________________

” شەدەی بەفر”

له دووی سێبەری زەمەن
ئاگرێک له کوژانەوەدایە
وەکوو تۆ
کە کەوتوویتە پەراوێزی ئوکسیجنەوە…..
وەکوو شنەی با
کە داکەوتووەتە سەر
شەدەی بەفر….
قرچ ولۆچە
سەهۆڵەکانی هاوین
تک تک
وەکوو زەمەن
کە دەڕوات ودەمانهێڵێيتەوە
له نێو ئاگر…..
____________________________

”نەورۆز”

قومێک بەهارت نۆش کرد
شنەی بااا
گەڵایەک لە گێژاوی نەورۆزدا
هەڵدەپەڕێت….
وشەکان لە پژمین
کە تۆ دەستبەکاری گەڕانەوە دەبیت…..
چاری نییە ئەم وەرزە ساردە
هەر دەبێ ئاخێکی سپی…..
لە سەرەتای شیعردا
جگەرەی بەهارت دابووە دەستی منەوە
هەر چەن ساڵگاری من دابڕزێت
وەرزەکانم زەرد هەڵگەڕێن
ئیدی من زستانم پێکاندووە……
هەر دەبێ بەیانی
نەورۆز
هەر دەبێ زستان
ئاخی سپی هەڵکێشیت……
_____________________

” نەمان”
تنۆکە بەفرەکان
بەو سەرە هاوینە
لۆن وە لۆنی ڕۆح
بەفرین…..
کاتێک
نەماویت
لەسەر میلی کاتژمێرەکان….