زێنەب یووسفی
شارنۆشی پارسیپوور (شهرنوش پارسی پور) یەکێک لە نووسەرە گەورەکانی ئەدەبی چیرۆکی فارس زمانە. لە ئێراندا زۆر هەوڵدراوە کە خەڵک کتێبەکانی نەخوێنن و بەرگری کراوە لە چاپ وبڵاو کردنی هەندێك لە کتێبەکانی، بەڵام شێوازی نووسینی ئەو خاتوونە مەزنە وای لە ڕۆمان دۆستەکان کردووە کە بەردەوام هەوڵیان داوە تاکوو کتێبەکانی وەدەست بخەن. لە ئێراندا زۆرتر بە نوووسەری ڕۆمانی (تووبا و واتای شەو) بەناوبانگە بەڵام لە هەندەراندا بە نووسەری ڕۆمانی هەرە جوانی (ژنانی بێ پیاو) نێوی دەرکردووە. تەنانەت لە هەندەراندا لەسەر ئەو ڕۆمانە فیلمیشیان درووست کردووە. خانمی پارسی پوور چیرۆک نووس و وەرگێڕی ئێرانی لە ئەمریکا دەژیت. ڕۆمانی ژنانی بێ پیاو بە دەیان زمانی دونیا وەرگێڕدراوە و منیش ساڵى ٢٠١٦ ئەو ڕۆمانە جوانەم کردە کوردی و لە سەر ئەرکی دەزگای جەمال عیرفان لەسلێمانیدا چاپم کرد.
زۆر کەس ئەو ڕۆمانە وەکو ڕۆمانێکی فێمنیستیانە هەڵدەسەنگێنن بەڵام لەڕاستیدا هیچ جۆرە ئاسەوارێکی تایبەت بەفمێنیزمی رادیکاڵ لەو ڕۆمانەدا بەدی ناکرێت. بەڵێ ڕاستە زۆربەی پاڵەوانەکانی سوور ڕێئالیستییە ژنن و پیاوان ڕۆڵی دووهەمیان لەئەستۆ دایە بەڵام ئەوە نابێتە هۆی مۆرک داکوتاندن بەسەر پەرتووکێکی بەناوبانگی جیهانیدا.
نووسەرە لەسەر ڕەوتی شەپۆلی زەین ئەو ڕۆمانەی نووسیوە و چەندین جۆرە ژنی هێناوەتە دونیای چیرۆکەکەیدا. پارسی پوور لەسەر تەکنیک و ئەندیشەی قووڵ توانیویەتی ئەو مۆدێل ژنانە کە لەڕواڵەتدا جیاوازن لەیەک، موتوربە بکاتە یەکتر و لەکۆتاییدا هەموویان بکاتە یەک جۆرە ژن و لە جیهانێکی پڕ واتا و فەلسەفی وایان لێبکات کە بگەنە نیوە ون بووەکانیان و پەیکەرەیەکی واحید درووست بکەن.
ژنەکانی دونیای ئەو چیرۆکە لەو کۆمەڵگا کە تێیدا دەژین تووشی چەندین کێشەن، وەکوو: زایین، جنس، کچێنی، لەش فرۆشی، بێ گوناحی، ژێرچەپۆکەیی، خەیانەت و کوشتن و نەمان کە نووسەر وەکو تایبەتمەندی هەر کام لەو ژنگەلە باسیان لێیەوە دەکات و وەکو کێشەکانی کۆمەڵگای باوک سالاری نواندوویانیەتی و لەو ڕێگەوە داب و نەریتەکانی کۆمەڵگای بردووەتە ژێر پرسیارگەلێکی ئێگجار قووڵ و وای کردووە کە خوێنەر بەتایبەت خوێنەری ژن هەر دەبێ بیر لەو خاڵانە بکاتەوە و سیستەمی کۆنی پیاو سالار بباتە ژێر پرسیار و تەقەدۆسی تێکشکێنێت.
لەو ڕۆمانەدا پێنج ژن ڕۆڵی سەرەکییان هەیە: مەهدۆخت، فایزە، فەڕۆخ لەقا، زەڕین کڵاو. مەهدۆخت نموونەی ژنێکی نەباتیە و هەستی جنس و ژنانەیی تێدا گەشەی نەکردووە یان کوژراوە. ئەو بەدوورە لەهەست ونەستی ژنانەیی چونکە بەسەرهاتێکی زۆر خەمکینی هەیە و ژیانی ژێر چەپۆکەیی وای لێکردووە بەردەوام لەژێر دەسەڵاتی ماڵی براکەیدا بێت و هەرگیز بیر لەخۆی نەکاتەوە. بەم بۆنەوە هەرگیز کاتی ئەوەی نەبووە کە بیر لەخۆی و داخوازەکانی خۆی وەکو مرۆڤ بکاتەوە بەدوورە. ئەو لەپڕۆسەیەکی سەیردا دەگاتە باخەکەی فەڕۆخ لەقا و لەکۆتاییدا لەدۆخێکی عیرفانی و زۆر سوورڕئالیزمیدا دەبێتە دار و لەخاکدا ڕگ و ریشە دادەکوتێت و میلۆنەها تۆمی خۆی وەکوو دایکێک لەدونیادا بڵاو دەکاتەوە.
کێشە سەرەکییەکەی موونس کە زیرەکترین ژنە لەو چیرۆکەدا (کچێنی) یە و ئەو لە گشت تەمەنیدا دەبێتە قوربانی بۆ پاڕاستنی کچێنی خۆی و تەنانەت وەکوو منداڵێک کە پێویستی بەیاری و ژیانی منداڵانەدایە لەژیانێکی ئاسایی مەحرووم دەکرێت. ئەو لەدرێژەی چیرۆکەکەدا چەندین جار دەکوژرێت بەڵام هەمدیسان زیندوو دەبێتەوە و هەموو جارێک لەدۆخێکی تێگەیشتوانەتر، بەبیر و ئەندیشەیەکی بەرزترەوە ژیان دەست پێدەکاتەوە. لەکۆتاییدا پاش تێپەڕاندنی پلەکانی بێگوناحی و مرۆڤایەتی موونس دەگاتە پلەیەک کە هەموو داب و نەریتێک تێک دەشکێنێت و بەئازایی دەگات و لەباخەکەی فەڕۆخ لەقا هەڵدەفڕێتە ئاسمان و دەگاتە شارێکیتر و لەوێ دەبێتە مامۆستای قوتابخانە.
فایزە کچێکی عاشقە و لەدرێژەی ڕۆمانەکەدا بەردەوام هەوڵ دەدات بگاتە عەشقە مەمنووعەکەی. لەیەکێک لە تابلۆکانی ڕۆمانەکدا فایزە و موونس دەسدرێژی سێکسیدەکرێتە سەریان و لەکۆتاییدا پاش هەوڵدانێکی زۆر فایزە لەباخەکەی فەڕۆخ لەقا دەڕوات و هاوسەرگیری دەکات لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا و دەبێتە خاوەن ماڵ و سامان و بەو پەڕی خۆشییەوە ژیانێکی نوێ دەست پێ دەکات.
فەڕۆخ لەقا نوێنەری دونیای ئەو ژنانەیە کە لە زگ دەوستننەوە و جەوانی خۆیان لەدەست دەدەن. نووسەری کتێب جوان بارودۆخی ژنانی لەزگ وەستاو هەڵدەسەنگێنێت و دەیخاتە ڕوو. بەگێڕانەوەکانی پیشان دەدات کە ئەو ژنانە چۆناو چۆن لەباری دەروونییەوە گۆڕانکاری دێتە سەریاندا و دەیان هەستی نوێ و سەیر لەدەروونیاندا درووست دەبێت. فەڕۆخ لەقا زۆر هەوڵ دەدات بەردەوام لەژیاندا بمێنێتەوە. باخەکەی فەڕۆخ لەقا دەبێتە شوێنی جێگربوونی ژنانی چیرۆکەکە و هەروەها سوێنی کۆبوونەوەی رووناکبیران و ساعیران و نووسەرانێک کە بەجۆرێک لەدەستی کۆمەڵگاوە چزاون و روویان کردووەتە ئەو باخە و جاروبار لەوێ کۆ دەبنەوە و شیعر دەخوێنن و مەی گوساری دەکەن و خۆش تێدەپەڕێنن. ئەو داوا لە وێنەگەرێک دەکات دەیان وێنەی لێ بکێشێت.
هەڵسووکەوتەکانی پیشاندەری بڕوای ژنانی لەزگ وەستاوە کە ناهێڵێن هەرگیز ژن بوونی خۆیان لەدەستبدەن و وەکو ژن بەردەوام دەبن لەژیانی پاش لەزگ وەستان. لەکۆتاییدا فەڕۆخ لەقا کە ژنە پارەدارێکە لەگەڵ پیاوێکی خاوەن کەسایەتیەکی بەرز ئاشنا دەبێت و پێکەوە ئیزدواج دەکەن.
بەڕای من گرینگترین کەسایەتی لەو ڕۆمانەدا تایبەتە بە (زەڕین کڵاو). زەڕین کڵاو ژنێکی سۆزانییە و لەماڵە خراپێکدا خەریکی لەش فرۆشییە. ڕۆژێک تێدەگات کە تەنیا نیوەی جەستەی پیاوەکان دەبینێت و بەجۆرێک تووشی حاڵەتی نیوە کوێری بووە. ماوەیەک وا بەردەوام دەبێت تاکو ڕۆژێک دەڕواتە حەمام و لە دۆخێکی سەیر و وەهم ئالوودا قەناعەت بەخۆی دێنێت کە شێوازی ژیانی هەڵەیە و تەوبە دەکات و ئیدی ناگەڕێتەوە بۆ ماڵە خراپەکە و لەپرۆسەیەکدا دەگاتە باخەکەی فەڕۆخ لەقا.
زەڕین کڵاو لەکۆتاییدا دەگاتە ڕادەیەک لە عیرفان و پاکی کە نور و ورشەی بێ گوناحیەکانی دەکەوێتە بەرچاوی هەمووان، لەگەڵ باخەوانە تەماویەکەی باخی فەڕۆخ لەقا ئیزدواج دەکات و ئاوس دەبێت و پاش ماوەیەک دەزێت و (گوڵە نیلوفەرێکی) دەبێت و گوڵە نیولوفەر کە سیمبۆلی پاکی و بێگوناحییە زەڕین کڵا و باخەوانەکە دەفڕێنێتە ئاسماندا و دەیانگەیێنێتە پلەی فریشتە بوون.
کەوایە ناتوانین بڵین ڕۆمانی (ژنانی بێ پیاو) ڕۆمانێکی بەتەنیا فێمنیستییە. پارسی پوور لەرێی ئەو ڕۆمانەوە دیارە کە لەگەڵ داب و نەریتە ژن کوژەکانی سیستەمی پیاوسالاردا هاتووەتە شەڕ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دونیای ژنی لەهەموو چینێک و بەهەموو کێشەیەکەوە بەو پەڕی جوانییەوە خستووەتەڕوو و ژنی وەکوو ژن بەجوانی ناساندووەتە کۆمەڵگا.
سەرچاوەکان:
1- ژنانی بێ پیاو،تێکەڵاوێک لەعیرفان و فێمنیزم، مەنیژ باختەری
2- هەڵسانگاندنی کۆمەڵناسیانەی ڕۆمانی ژنانی بێ پیاو، نووسەرەکان: جەمشید یەدۆڵاهی ئاهەنگەر و سەمەد سەباغ
3- ڕۆمانی لەبیر نەچووی ژنانی بێ پیاو، ڕزا نووری.
4- ڕۆمانی: (ژنانی بی پیاو) ، شەهر نووش پارسیپوور









