فەرحان جەوهەر

کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە هەڵبەزو داکشاندا بەردەوامن، ئەویش بەهۆی لاوازی دامەزراوەکانیەوەیە، لاوازی دامەزراوەکانیش پەیوەندی بە دەستوەردانی خەڵکێکە لە ناو حزبەکەی خۆیدا دەست رۆیشتوو پشت ئەستوورن، بۆیە تا ئەم دیاردەیە بمێنێت، دامەزراوەکان هەر بە لاوازی و بێ سەروەری دەمێننەوەو کێشەکانیش بەردەوام دەبن.

ئەم سەردان و دیدار و کۆبوونەوانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گیانی دایەوە بەر چارەسەرییەکان و بڕێک لە ئومێدی گەڕاندەوە بۆ شەقامی کوردی، ئەم سەردانە دڵخۆشییەکی زۆری بۆ خەڵک هێنا و بەشێکی زۆری تارمایی ئەو تەمەی ئاسمانی هەرێمی گرتووە رەواندەوە، ئەگەر ئەم کۆبونەوانە و دیدارانەش چارەسەری تەواوی پێ نەبێت، رەنگە نەشبێت، بەڵام لە گرنگی و پێویستیان کەم ناکاتەوە. ئەگەر دوێنێ دەزگایەک راپرسی بکردایە لەسەر گرنگی ئەم سەردان و کۆبوونەوانە لە ناوخەڵک، ئینجا بەشێوەیەکی زانستی و دوور لە سۆزی لایەنگیری، تێدەگەیشتین و دەمانزانی خەڵکی کوردستان چەندە دڵخۆشبوون، بەتایبەتی بەشداری سەرۆکی هەرێم لە رێ و رەسمی دەرچووانی خولی شانزەی کۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان، گرنگیەکی مەزنی هەبوو، گەلی کوردستان هەستی دەکرد چیتر ئەو قسانەی لەبارەی دێوەزمەی دوو ئیدارییەوە دەکرێن، نابنە واقع و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو چەترەیە کە هەموو لایەنە سیاسییەکان لە ژێریدا، بەهەموو جیاوازییەکانیانەوە شوێنیان دەبێتەوە.

ئەوەی زۆر گرنگ بوو لەم دیدارو کۆبوونەوانەی سەرۆکی هەرێم، پەنجەخستنە سەر کێشەکان و دیارکردنی چارەسەرییەکان بوو، لایەکی تری ئەم سەردانە، ئەوەیە کە لایەنەسیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئەو راستییە بزانن، کە جگە لە پێکەوەبوون و گفتوگۆو دانیشتن، هیچ رێگایەکی تریان لەبەردەمدا نییە، رێگاکانی تر هەمووی کات بەهەدەردانە، بێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێکیان هەبێت، مێژوویەکی زۆر کۆنیش نییە، هەموو رێگاکانی ترمان لەگەڵ یەکتر ئەزموون کردن، بێ ئەوەی هیچمان دەست بکەوێت، ئەمڕۆ ئەو هێزە براوەیە کە خەڵکی لەگەڵە، دوا بڕیاریش هەر لای خەڵکە چ زووبێت یا درەنگ.