خەبات: رۆشنا عەلی:- لەساڵی خوێندنی 2021-2022 تزیكەی 975 منداڵ پێش تەمەنی چوونە قوتابخانەیان و پێش تەمەنی شەش ساڵی لە قوتابخانەكان وەرگیراون و وانە دەخوێنن، ئەم منداڵانە سەرجەم ئەو وانانە دەخوێنن كەلە باخچەكان دەخوێنرێت ، لەهەر قوتابخانەیەك پۆلێك یان دوو پۆلیان بۆ دابینكراوە بە هەمان كارگێڕی قوتابخانە، لاپەرەی پەروەردە بەدواداچوونێكی لەمبارەیەوە ئەنجامدا.

*سەرەتا یەكێك لەو قوتابخانانەمان بەسەركردەوە كە پۆلێكی بۆ ئەم قوتابیانە دابینكردبوو ، دڵخواز عبدالڕەحمان خورشید بەڕێوەبەری قوتابخانەی تەلار ستی بنەرەتی لەبارەی ئەم بەشە لە قوتابخانەكەیان و لەبارەی ئەوەی كە ئایا پۆلێكە لە قوتابخانە یان وەك باخچەیەكی بچوككراوەیە گوتی: نەخێر پۆلیكە لە قوتابخانە و بەناوی پۆلی پەروەردەی پێشوەختە و هەرچەند دەوترێت سفر واتە پێش ئەوەی قوتابییەكە ببێتە پۆلی یەك دێتە ناو ئەو ژینگەیە ساڵانە دەبینین منداڵانی پۆلی یەك تاڕادێن دایك یان باوكیان لەگەڵ دێتە قوتابخانە تاكاتی تەواو بوون ،بەڵام ئەم سیستەمە كێشەكە كەم دەكاتەوە و منداڵەكە تا رادەیەكی باش لەگەڵ ژینگەی قوتابخانە رادێت.

*دەربارەی ئەوەی كە ئایا ئەوان بریارێك تایبەت بێت بە باخچە پێوەی پابەند دەبن یان تەنها ئەو بریارانە جێبەجێدەكەن كە تایبەتە بە قوتابخانە ؟ ئەو بەڕێوەبەرە گوتی: ئێمە هەمان ئەو بڕیارانە جێبەجێدەكەین كە تایبەتە بە قوتابخانە ،بەڵام ئەگەر هەندێك چالاكی هەبێت بۆ باخچە بەشدار دەبین.

*دەربارەی ژمارەی ئەو قوتابیانەشی كەلە قوتابخانەكەدا هەن و لەم بەشەن مامۆستا دڵخواز گوتی : ئێمە یەك پۆلمان هەیە، چونكە شوێنمان نوێیە و بچوكە تەنها 25 قوتابی وەردەگرین لە كاتی وەرگرتنیش ئەوانە وەردەگرین كە پێنچ ساڵن و لە كۆتاییەكانی تەمەنی پێنچ ساڵیدان لە كەمترین ماوەوە وەریدەگرین تا زۆرترین ماوەی تەمەنی پێنچ ساڵی.

*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا شوێنی لە قوتابخانەكە داگیر نەكردووە كێشەی بۆ دروستنەكردوون؟ ئەو بەڕێوەبەرە گوتی : چاودێری زۆریان دەوێت ناردنەوەو هێنانیان لەلایەن دایك و باوكەوە هەمووی ئەركە بۆ كارگێڕی،بەڵام بۆ منداڵەكان زۆر باشە ، جگە لەوەش پێویستە بڕە پارەیەكیان بۆ دابینبكرێت، چونكە ئەو منداڵانە ناتوانن بڕۆنە حانوت دەبێت خواردنی خۆیان بهێنن لە ئاو كێك وشەربەت وە زۆربەی جاریش منداڵ نایهێنێت ناچار خۆمان بۆیان دابین ئەكەین ،جگە لەوە بەردەوام كلینكسی تەڕو وشك و ئاو جل و بەرگی دەرچوونیان پێویستە، بۆیە زۆر باشە ئەگەر ساڵانە بڕەپارەیەكیان بۆ دابینبكرێت.

*دەربارەی ئەوەشی ئایا لە سیستەم بەچ ناوێك تۆماردەكرێن وەك قوتابی یان وەك پەپولەی باخچە: ئەو بەڕێوەبەری گوتی : تەنها وەك پەروەردەی پێشوەختە لە سیستەم هەیە و ناویان تۆمار دەكرێت و ئێستا خەریكین.

*جەمیلە مام رەسول سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و ڕاهێنەر لە خولەكان كەبۆ قوتابخانەكان كراوەتەوە لە دانانی پلانی پڕۆژەكەو پلانی خولەكە بەشدار بووە ، لەبارەی وردەكاری پرۆژەكەو ئامانجی پرۆژەكە، ئایا دەبێتە بەدیلێك بۆ باخچە؟ بۆ خەبات گوتی: ئێمە لە مانگی 2 ی 2022 خولمان دەست پێكرد تایبەت بوو بە پەروەردەی پێشوەختەی منداڵ هەندێكیش پۆلی سفریان پێدەگوت دواتر ناوەكەی گۆراِ، بێگومان نابێتە بەدیل بۆ باخچە، بەڵام دەتوانێت قەرەباڵغی لەسەر باخچەكان كەمبكاتەوە یان منداڵی گوندەكان كە باخچەیان نییە و گەڕەك هەیە باخچەی نییە بەم رێگایە ئەم منداڵە هەم شارەزای باخچە دەبێت هەم ئامادە دەبێت بۆ قوتابخانە.

*دەربارەی ئەوەشی ئایا دەكرێت شێوازی قوتابخانە وەك باخچە بێت وەك دەزانین دوو شتی جیاوازن چۆن دەكرێت كەش و دۆخێكی وەك باخچە لە قوتابخانەكەدا بڕەخسێنرێت تا منداڵەكە واهەست بكات لە باخچەیە نەك لە قوتابخانە؟ لەمبارەیەوە جەمیلە مام رەسول گوتی: نەخێر هەمان كەش و شێوازی باخچە دروستنابێت، بەڵام هەمان پڕۆگرام و هەمان سیستەمی بۆ پەیڕەو دەكرێت لە هەر قوتابخانەیەكیش پۆلێك یان دوو پۆلی بۆ تەرخان كراوە و هەندێك قوتابخانەش هەیە دوو پۆلی بۆ تەرخانكردووە و بۆ هەر پۆلێكیش دوو مامۆستای تایبەت دانراوە كە دەرچووی زانكۆن بەشی باخچە و بەشی زمانی ئینگلیزی خولێكی پێنچ رۆژەمان بۆ كردنەوە من وەك مامۆستای خولەكە و خولی یەكەممان پێنچ رۆژ لە باخچەی منداڵانی بنەسڵاوە مەیدانی بوو، تەنها لە پەروەردەی دەشتی هەولێر 48 مامۆستا بەشدار بوون.

*دەربارەی ئەو پرۆگرامەی دەیخوێنن ئەو سەرپەرشتیارە گوتی: هەمان پرۆگرامی باخچە دەخوێنن ، بەڵام زیاتر گرنگی بە فێركردن دەدرێت لە رێگای یاریكردن لە بنەڕەتیشدا پرۆگرامی باخچە فێركردنە لە رێگای یاریكردن، یونسێف سندوقێكی داوەتە ئەو پۆلانە كە هۆكاری فێركردنی جۆراو جۆری تێدایە ئەو دوو مامۆستایە دەتوانن بەكاری بهێنن تەنانەت بەشێك لە خولەكانیش لەسەر ئەو یاریانە بوو كە لەلایەن یونسێفەوە پێیان دراوە.

*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا قەرەباڵغی زیاتر لە قوتابخانەكاندا دروستناكات یان ژوورێك لە قوتابخانەكە كە كێشەی پۆل بۆ قۆناغەكانی تر دروستبكات لەو قوتابخانانەی ئەم پۆلانەی لێكراوەتەوە؟ ئەو سەرپەرشتیارە گوتی: نەخێر بەرێوەبەرەكە خۆی دەزانێت ئەگەر شوێنی نەبێت رەنگە نەیكاتەوە بەڕێوەبەر هەبووە هاوكار بووە، تەنانەت سەرئاوی تایبەتی بۆ جیاكردوونەتەوە ، وەك دەزانین منداڵی پێنچ ساڵیش نزیكە لە پۆلی یەك هەتا كاتی چوونە دەرەوەیان لەگەڵ قوتابخانە نییە و تێكەڵ نابن و نابێتە لۆد لەسەر بەرێوەبەر دوو مامۆستاكە هەموو بەرپرسیارێتییەكان هەڵدەگرن لە كاتی هاتن تا كاتی چوونەوە.

*دەربارەی ژمارەی منداڵانیش كە زۆربەی باخچەكان پۆلەكانی لە 30 قوتابی و 40 قوتابی تێپەر دەكات و هەندێك جار زۆرتر ئایا ئەم پۆلانەش ئەگەر بەم قەرەباڵغییە بن دوو مامۆستا رەنگە زۆر كەم بێت و سوودیش نەبینێت؟ لەم بارەیەوە جەمیلە مام رەسول گوتی: ئەم پرۆژەیە هەوڵیانداوە لە پۆلەكە لە 25 منداڵا زیاتر نەبێت هەوڵیشیان داوە تا پێیانبكرێت قوتابخانەی زیاتر بێننە ناو پرۆژەكەوە.

*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا بەڕێوەبەرەكان ئەو رێنماییانە جێبەجێدەكەن كە تایبەتە بەباخچە لەسەر ئەو قوتابیانە یان ئەوانەی تایبەتە بە قوتابخانە لەمبارەیەوە جەمیڵە مام رەسول گوتی :بەرێوەبەرەكە دەبێـت ئاگاداری هەردوو كی بێت ئەوان وەك منداڵی باخچە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت هەر بۆیەش خول بۆ بەرێوەبەرەكان كرایەوە ئاسانكاری زۆریان بۆ كراوە تەنها شتە سەرەكییەكان كەلە باخچە هەیە لای ئەوان جێبەجێدەكرێت 33 تۆمار كەلە باخچە هەیە هەمووی دانانرێت تەنها تۆماری سەرەكی هەیە، ئەمەی ئەمساڵ كرا تەنها تێستێك بوو ئەگەر سەركەوتوو بێت بۆ ساڵی ئایندە لە قوتابخانەی زیاتر دەكرێتەوە.

*مامۆستا حەسەن سامی بەرێوەبەری و پلانی پەروەردەیی لە بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر دەربارەی ژمارەی ئەو قوتابیانەو قوتابخانانەی لەم پرۆسەیەدا بەشدارن بۆ خەبات گوتی: تا ئێستا 39 سی و نۆ پۆلمان هەیە لە سێ پەروەردە لە 37 قوتابخانە هەر پۆلێك بە ستاندارد 25 قوتابی لە خۆی دەگرێت نزیكەی 975 قوتابی لە خۆدەگرێـت هەر پۆلێكیش دوو وانە بێژی بۆ دادەنرێت وانە بێژێكیان پەروەردەی بنیاد بەشی باخچە ئەوەی تر زمانی ئینگلیزی تا ئێستا 78 مامۆستای وانە بێژ لە م پرۆسەیەدان.

*لەبارەی ئەوەشی بۆچی تەنها بەشێكی پەروەردەكان بەشدارن؟مامۆستا حەسەن سامی گوتی: ئێمە داوامان لە پەروەردەكان كرد هەر پەروەردەیەك پێویستی پێی هەیە قوتابخانەمان بۆ دیاربكات بە سوپاسەوە پەروەردەی دەشتی هەولێر ژمارەی قوتابخانەكانی دیاریكرد 28 قوتابخانە بوو پەروەردەی دەورووبەر سێ قوتابخانەیە پەروەردەی مەخمور هەشت قوتابخانەیە بۆ ساڵی ئایندە لە پلانی نوێمان دەیكەینە 50 قوتابخانە.

*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا كێشەی سەرەكییان چییە كە رێگرە لەبەر دەم كردنەوەی بەدەمەوە نەهاتنی؟ ئەو بەڕێوەبەرە گوتی: كێشەیان نییە و ئاستی قوتابییەكانیش بە شێوەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە بۆ ئەمساڵ ئەو قوتابیانەی وەرمانگرتوون هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكەین ئاستەكانیان دەپێوین بەبەراورد بەو قوتابیانەی كە بەشداری پرۆژەكە نەبوون ئەو كاتە جیاوازی ئاستمان بۆ دیار دەكەوێت.

*دەربارەی ئەوەشی هاوكارییەكانی رێكخراوی یونسێف تاچەند لە ئاستی پێویستدایە؟ بەڕێوەبەری پلاندانان لە پەروەردەی گشتی گوتی: ئێمە تەنها لە دابینكردنی میلاك كارمانكردووە بۆ هەموو ئەو قوتابخانانەی ئەم بەشەیان هەیە، بەڵام لە رووی كەل و پەلەوە بە سوپاسەوە یونسێف %100 پێداویستییەكانی دابینكردووە وەك دۆڵاب موكێت ئامادەكردنی ژوورەكە دروستكردنی وێنە لەسەر دیوارەكان دابینكردنی گەرم كەرەوەو سارد كەرەوە.