مەها ئەلدووری، پەرلەمانتاری ڕەوتی سەدر، لە هەمبەر ڕەتكردنەوەی یاسای ئاسایشی خۆراكدا ڕەخنەی توندی لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق گرت.
ئەلدووری لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: ”دادگەی فیدراڵی دەنگی 300 پەرلەمانتاری پشتگوێ خستووە و پیشوازیی لە داواكاریی پەرلەمانتار باسم خشان كردووە و بە هیچ شێوەیەك گوێی بە پێداویستییەكانی خۆراك و دەرمان و خزمەتگوزاری بۆ گەلانی عێراق نەداوە”.
گوتیشی: دادگەی ناوبراو گوێ بۆ ئەو لایەنە ناگرێت كە دەیەوێت یاسای ئاسایشی خۆراك تێ پەڕێنێت.
دووپاتیشی كردەوە، پەرلەمانی عێراق باڵاترین دەسەڵاتی ڕەسمیی هەڵبژێردراوی دەوڵەتە و ئاماژەیشی دا کە پەرلەمان بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق دادگەی فیدراڵیی دەستنیشان كردووە، بۆیە ڕێگە نادەین دادگەی فیدراڵی گوێ بە دەنگی نوێنەرانی گەلی عێراق نەدات كە متمانەیان پێ دراوە و بیسەلمێنن كە باڵاترین دەسەڵاتی دەوڵەتن.
جێێ بیرهێنانەوەیە، یەكشەممەی ڕابردوو دادگەی باڵای فیدراڵی لە بڕیارێكدا پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراكی ڕەت كردەوە كە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەوانەی پەرلەمانی كردبوو.









